بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

چالاکییەکان

کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

پڕۆژە
  • No matches
بەردەوامی خولەکانی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمکردنەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە
کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە

بەردەوامی خولەکانی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمکردنەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «کەمکردنەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە (تەمەن خوار ١٨ ساڵ) لە هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای پەرەپێدان و هاوکاریی ئیتاڵیا (AICS)، لە درێژەی زنجیرە خولەکانی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی، خولێکی تری لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە قەزای پێنجوێن بەڕێوەبرد. ئەم خولە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری یاسایی مامۆستایانی ئایینی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئەنجامنەدانی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان، و هەروەها پشتگیری لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجام درا.

عێراق، هەرێمی کوردستان، سلێمانی، پێنجوێن Nov 2023
ڕاگەیاندنی داتای هاوسەرگیریی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان
کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە

ڕاگەیاندنی داتای هاوسەرگیریی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان

لە ڕێکەوتی ٩/١٠/٢٠٢٣، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای پەرەپێدان و هاوکاریی ئیتاڵیا (AICS)، لە دانیشتنێکی ڕاوێژکاریدا داتای تایبەت بە کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە دادگاکانی باری کەسی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کە ئامار و داتاکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەیشی لەخۆ گرتبوو. لە ماوەی دانیشتنەکەدا، جگە لە پێشکەشکردنی ئەو داتا و ئامارانە، گفتوگۆیەکی ورد لەسەر هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە و کاریگەری و لێکەوتە یاسایی، کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی سیاسەت و ڕێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و بەرزکردنەوەی پاراستنی مافەکانی منداڵان.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Oct 2023
ئەنجامدانی خولی هۆشیاریی یاسایی بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە سلێمانی
کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە

ئەنجامدانی خولی هۆشیاریی یاسایی بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە سلێمانی

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە (تەمەن خوار ١٨ ساڵ) لە هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی ئاژانسی ئیتاڵی بۆ هاوکاری و گەشەپێدان (AICS)، لە چوارچێوەی زنجیرە خولە هۆشیارییە یاساییەکانی بۆ مامۆستایانی ئایینی بەڕێز، خولێکی هۆشیاریی یاسایی لە ڕێکەوتی ٢٣/٩/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد. لە خولەکەکەدا زیاتر لە ٢٥ مامۆستای ئایینی بەشدارییان کرد، كە تیایدا باس لە یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان كرا بەمەبەستی كەمكردنەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە.و گفتوگۆ لەسەر ڕێگری‌کردن لە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا کرا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە و هاوسەرگیریی منداڵان.

عێراق، هەرێمی کوردستان، سلێمانی Sep 2023
بەڕێوەبردنی چالاکییەکی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی و پشتیوانی لە مافەکانی زیندانیان
مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی عێراق

بەڕێوەبردنی چالاکییەکی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی و پشتیوانی لە مافەکانی زیندانیان

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی عێراق»، کە لەلایەن تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان (JNP) بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی هاوکاری گەلی نەرویجی (NPA) جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) لە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، لە ڕێکەوتی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، چالاکییەکی تایبەتی لە هۆتێلی ڤان ڕۆیال لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. لە سەرەتای چالاکییەکەدا، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان (JNP)، هەردووكیان وەک لایەنی ڕێکخەر، وتارەکانیان پێشکەش کرد. پاشان، بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، باسیان لە گرنگیی ئەم بۆنەیە و ڕۆڵی دامەزراوەکانیان لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی چاکسازی لە ناو زیندانەكان کرد. هەموو لایەنەکان جەختیان لەوە کردەوە کە کەسانی مەحکومکراو، سەرباری جۆری تاوانەکانیان، لە مافەکانی مرۆڤ بێبەش نین و پێویستە مافە بنەڕەتییەکانیان بپارێزرێت. لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، بابەتی سزا جێگرەوەکان تاوتوێ کرا و تیشک خرایە سەر سوودەکانی جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سزایانە، هەم بۆ کەسانی مەحکوم و هەم بۆ کۆمەڵگا، كە ئاشكرایە ئەم سیستەمە لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا پەیڕەو دەکرێت. هەروەها، لە چوارچێوەی ئەم بۆنەیەدا پێشانگایەکی هونەری ئامادەکرابوو کە لە ڕێگەی وێنە و کارە هونەرییەکانەوە، چەمکەکانی ئاشتی و مافەکانی زیندانیانی لەگەڵ یەکتر تێکەڵ کردبوو و بووە جێی سەرنجی ئامادەبووان.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Sep 2023
کۆکردنەوەی یاسا و ڕێنمایییەکانی کەرتی تەندروستی لە یەک سەرچاوەی یاسایی

کۆکردنەوەی یاسا و ڕێنمایییەکانی کەرتی تەندروستی لە یەک سەرچاوەی یاسایی

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆژەی «پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ قوربانیانی توندوتیژیی سێکسی»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL)، بە هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای ئیتاڵی بۆ هاوکاری و پەرەپێدان (Agenzia Italiana per la Cooperazione allo Sviluppo – AICS)، ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ دەکات و تیایدا کتێبی «یاساکانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان» بە چاپ دەگەیەنێت لەسەر پێشنیاری بەڕێز د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی. ڕێکخراوەکەمان، لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەت کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، خەریکی ئامادەکردنی ئەم کتێبەن. ئەم کتێبە هەموو ئەو یاسا و ڕێنمایییە پەیوەندیدارانە لەخۆ دەگرێت کە تایبەتن بە کەرتی تەندروستی، و بۆ یەکەمجار لە ئاستی کوردستان، هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی یاسا و ڕێنمایییە پەرتەوازەکان لە یەک بەرگدا. بەم شێوەیە، کتێبەکە دەکرێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و بەسوود بۆ فەرمانبەران، پسپۆڕان و دامەزراوەکانی کەرتی تەندروستی، و دەستگەیشتن بە دەقە یاساییە پەیوەندیدارەکان ئاسانتر دەکات.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Sep 2023
ئەنجامدانی چوارەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنت کردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە هەڵەبجە
بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پاراستنی یاسایی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی و بنەمای جێندەری: هاوبەشییەکی گشتگیر لەگەڵ UNFPA عێراق

ئەنجامدانی چوارەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنت کردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە هەڵەبجە

لە چوارچێوەی «پڕۆژەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ قوربانیانی تاوانە سێکسییەکان»، بە هاوکاری سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای پەرەپێدان و هاوکاریی ئیتاڵیا (AICS)، چوارەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بەڵگەنامەکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣ لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و لەلایەن ڕاهێنەر د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، پێشکەش کرا. ١٧ بەشداربوو لەم چین و توێژانەی خوارەوە بەشدارییان کرد: 1. لێکۆڵەرانی دادوەری و یاریدەدەرانی دادوەری لە دادگای هەڵەبجە. 2. ئەفسەرانی پۆلیس لە نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەڵەبجە و سەیدسادق. 3. پارێزەرانی لقی هەڵەبجەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان. 4. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەڵەبجە Aug 2023 – Aug 2023
ئەنجامدانی سێیەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بە دۆکیومێنت کردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە ڕاپەڕین
بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پاراستنی یاسایی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی و بنەمای جێندەری: هاوبەشییەکی گشتگیر لەگەڵ UNFPA عێراق

ئەنجامدانی سێیەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بە دۆکیومێنت کردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە ڕاپەڕین

لە چوارچێوەی «پڕۆژەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ قوربانیانی تاوانە سێکسییەکان»، بە هاوکاری سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای پەرەپێدان و هاوکاریی ئیتاڵیا (AICS)، سێیەمین «خولی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بەڵگەنامەکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٣ لە ناوچەی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و لەلایەن ڕاهێنەر د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، پێشکەش کرا. ٢٢ بەشداربوو لەم چین و توێژانەی خوارەوە بەشدارییان کرد: 1. لێکۆڵەرانی دادوەری و یاریدەدەرانی دادوەری لە دادگای ڕاپەڕین. 2. ئەفسەرانی پۆلیس لە یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ڕاپەڕین. 3. پارێزەرانی لقی ڕاپەڕینی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان. 4. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاپەڕین.

عێراق، هەرێمی کوردستان، سلێمانی، ڕاپەڕین Jul 2023 – Jul 2023
هەنگاوێکی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە لە ڕۆژی جیهانی پشتیوانیکردن لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە
پاڵپشتیکردنی سەروەریی یاسا و دەستپێشخەرییە دامەزراوەییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق

هەنگاوێکی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە لە ڕۆژی جیهانی پشتیوانیکردن لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پشتیوانیکردن لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە، کە هەموو ساڵێک لە ٢٦ی حوزەیران یادەوەری دەکرێتەوە، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) دروشمی: “هیچ یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌خۆیی ماف نادات به‌ هیج كه‌سێك كه‌ كه‌سیك ئه‌شكه‌نجه بدات“ بەرز کردەوە. لە چوارچێوەی ئەم بۆنەیەدا، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی پاو، لە ئێوارەی ڕۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لە هۆتێلی هەولێری نێودەوڵەتی (شیراتۆن) لە شاری هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گرنگ کە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) و یەکێتیی ئەورووپا (EU) جێبەجێ دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بەڕێوەبرد. لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL)، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ڕێکخراو بۆ بەهێزکردن و جێبەجێکردنی زیاتر لە ماددەی ١٢٨/ب لە یاسای بنەما سزاییەکانی عێراق ژمارە (٢٣)ی ساڵی ١٩٧١، کە پەیوەندیدارە بە وەرگرتنی دانپێدانانی تۆمەتبار تەنها لە کاتی دانپێدانانیان بە تاوانێک لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە. لەو پێناوەدا، بە دوای داواکاریی ڕێکخراوی لێکۆڵەر، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئاراستە کرد، کە دواتر بۆ هەموو دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەرێم گشتاندنى ب كرا. هەروەها، سەرۆکایەتی داواکاریی گشتی گشتاندنى به دواداچوونى كردووه. ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی گشتی هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ڕێزگرتن لە بنەماکانی دادپەروەری و بەهێزکردنی سەروەری یاسا، و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ڕێکخستنی پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن هەبێت.

هەولێر Jun 2023
ئەنجامدانی دووەم خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنت کردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە زاخۆ
بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پاراستنی یاسایی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی و بنەمای جێندەری: هاوبەشییەکی گشتگیر لەگەڵ UNFPA عێراق

ئەنجامدانی دووەم خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنت کردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە زاخۆ

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ قوربانیانی تاوانە سێکسییەکان»، بە هاوکاری سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای پەرەپێدان و هاوکاریی ئیتاڵیا (AICS)، دووەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بەڵگەنامەکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە شاری زاخۆ بەڕێوەچوو. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و لەلایەن ڕاهێنەر د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، پێشکەش کرا. ٢٠ بەشداربوو لەم چین و توێژانەی خوارەوە بەشدارییان کرد: 1. لێکۆڵەرانی دادوەری و یاریدەدەرانی دادوەری لە دادگای زاخۆ. 2. ئەفسەرانی پۆلیس لە یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە زاخۆ. 3. پارێزەرانی لقی زاخۆی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان. 4. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زاخۆ.

عێراق، هەرێمی کوردستان، دهۆک، زاخۆ Jun 2023 – Jun 2023
بەردەوامی خولەکانی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە
کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە

بەردەوامی خولەکانی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە -هاوسەرگیریی کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ- لە هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA)، لە بەردەوامی زنجیرە خولەکانی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی، لە ڕێکەوتی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، خولێکی تری بۆ زیاتر لە ٢٥ مامۆستای ئایینی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. لە ماوەی خولەکەدا، کۆمەڵێک لە یاسا و ڕێساکانی بەرکار لە هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییان بە کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی پێشوەختە هەیە، تاوتوێ کران. ئەم زنجیرە خولە هۆشیارییە یاساییە، کە لە ساڵی ڕابردووش بەڕێوەچوون، لەم ساڵەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری یاسایی و بەشداریی کاریگەری مامۆستایانی ئایینی لە کەمکردنەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەختە بەردەوام دەبن.

هەولێر Jun 2023
ئەنجامدانی یەکەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنتکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە سۆران
بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پاراستنی یاسایی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی و بنەمای جێندەری: هاوبەشییەکی گشتگیر لەگەڵ UNFPA عێراق

ئەنجامدانی یەکەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنتکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە سۆران

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ قوربانیانی تاوانە سێکسییەکان»، کە بە هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای پەرەپێدان و هاوکاریی ئیتاڵیا (AICS) جێبەجێ دەکرێت، یەکەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنتکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە شاری سۆران بەڕێوەچوو. لە خولەکەدا، نوێنەرانی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان کرد، لەوانە لێکۆڵەرانی دادوەریی دادگاکانی سۆران، ڕەواندز و چۆمان؛ ئەفسەرانی پۆلیس لە بەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان؛ پارێزەرانی لقی سۆرانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان؛ هەروەها پزیشکان و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و لەلایەن ڕاهێنەری خولەکە، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بەڕێوەچوو. شایانی باسە کە ئەمە چوارەمین خولە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووەوە تاکو ئێستا لەسەر ئەم بابەتە بەڕێوە دەچێت. ئامانجی ئەم خولە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر، پەرەپێدانی شێوازی مامەڵەکردن و بە دۆکیومێنت کردنی ئەو حاڵەت و کەیسانەی پەیوەندیدارن بە قوربانیانی توندوتیژیی سێکسی، لەلایەن بەشداربووانەوە لە شوێنی کار و بەرپرسیارێتییەکانیان.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر، سۆران Jun 2023
کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی هەردوو کۆدی ڕەفتاری دادوەران و پارێزەران
بەهێزکردنی شەفافیەتی دادوەری

کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی هەردوو کۆدی ڕەفتاری دادوەران و پارێزەران

لە ڕۆژی دووشەممە، 15/5/2023، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) لە هۆتێلی ڕۆتانا لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی هەردوو کۆدی ڕەفتاری دادوەران و کۆدی ڕەفتاری پارێزەرانی بەڕێوەبرد. کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی دادوەر عبدالجبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی، هەموو ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، سەرۆک و ئەندامانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە لە کوردستان، سەرۆکانی دادگاكانی تاوان، بەڕێز شیلان عارف حەمە، بریکاری وەزیری داد، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی داد، بەڕێز بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕاوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان، پارێزەران، لێکۆڵەرانی دادوەری، نوێنەری کونسولخانەی ئەمریکا و نوێنەرانی ڕێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکان بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە بە وتەی بەخێرهاتن دەستی پێکرد. پاشان، بەڕێز بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر هەماهەنگییەکانی نێوان سەندیکا و ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاماده‌كردنی ئه‌و ره‌فتارنامه‌یه‌. هەروەها، گرنگی ئەم کارەی بۆ ڕێکخستنی زیاتر و باشترکردنی کاری ڕۆژانەی پارێزەران، چ لە ناوخۆی پیشەکەیان و چ لە پەیوەندییان لەگەڵ دادگاكاندا، خستەڕوو و ئەم هەنگاوەی بە پێویستییەکی گرنگ وەسف کرد. دواتر، پێشەوا حسامەدین، بەرپرسی پڕۆژەکە، پوختەیەکی لەسەر هەموو پڕۆژەکە و گرنگی هەبوونی ئەم دوو ره‌فتارنامه‌یه‌ی بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد. هەروەها، باسی ئەو ئاستەنگانەی کرد کە لە کاتی کارکردن و ئامادەکردنی کۆدەکاندا ڕووبەڕووی تیمی پڕۆژە بوون. لە هەمان کاتدا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو پشتیوانییە بێوێنەیەی کە بە ڕێکخراوی لێکۆڵەری پێشکەش کردووە. هەروەها، لە بەردەوامی وتەکەیدا، باسی هەماهەنگیی نێوان ڕێکخراو و سەندیکای پارێزەرانی کرد و ڕۆڵی سەرۆکی سەندیکای بەرز نرخاند. لە بەشێکی تری کۆنفرانسەکەدا، دادوەر نیگار ئەحمەد ئاغا، ئەندامی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، پوختەیەکی لەسەر گرنگترین ماددەکانی کۆدی ڕەفتاری دادوەران بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد. دواتر، د. پەریز نجم‌الدین، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەران، بە هەمان شێوە پوختەیەکی لەسەر گرنگترین ماددەکانی کۆدی ڕەفتاری پارێزەران بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا، بەشداربووان و نوێنەرانی لایەنە جیاوازەکان دەستخۆشی و پشتیوانیی خۆیان بۆ کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر دەربڕی و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ ڕێکخراو خواست.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر May 2023
ڕاپۆرت