لە ڕۆژی دووشەممە، 15/5/2023، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) لە هۆتێلی ڕۆتانا لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی هەردوو کۆدی ڕەفتاری دادوەران و کۆدی ڕەفتاری پارێزەرانی بەڕێوەبرد. کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی دادوەر عبدالجبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی، هەموو ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، سەرۆک و ئەندامانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە لە کوردستان، سەرۆکانی دادگاكانی تاوان، بەڕێز شیلان عارف حەمە، بریکاری وەزیری داد، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی داد، بەڕێز بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕاوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان، پارێزەران، لێکۆڵەرانی دادوەری، نوێنەری کونسولخانەی ئەمریکا و نوێنەرانی ڕێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکان بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە وتەی بەخێرهاتن دەستی پێکرد. پاشان، بەڕێز بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر هەماهەنگییەکانی نێوان سەندیکا و ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئامادهكردنی ئهو رهفتارنامهیه. هەروەها، گرنگی ئەم کارەی بۆ ڕێکخستنی زیاتر و باشترکردنی کاری ڕۆژانەی پارێزەران، چ لە ناوخۆی پیشەکەیان و چ لە پەیوەندییان لەگەڵ دادگاكاندا، خستەڕوو و ئەم هەنگاوەی بە پێویستییەکی گرنگ وەسف کرد.
دواتر، پێشەوا حسامەدین، بەرپرسی پڕۆژەکە، پوختەیەکی لەسەر هەموو پڕۆژەکە و گرنگی هەبوونی ئەم دوو رهفتارنامهیهی بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد. هەروەها، باسی ئەو ئاستەنگانەی کرد کە لە کاتی کارکردن و ئامادەکردنی کۆدەکاندا ڕووبەڕووی تیمی پڕۆژە بوون. لە هەمان کاتدا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو پشتیوانییە بێوێنەیەی کە بە ڕێکخراوی لێکۆڵەری پێشکەش کردووە. هەروەها، لە بەردەوامی وتەکەیدا، باسی هەماهەنگیی نێوان ڕێکخراو و سەندیکای پارێزەرانی کرد و ڕۆڵی سەرۆکی سەندیکای بەرز نرخاند.
لە بەشێکی تری کۆنفرانسەکەدا، دادوەر نیگار ئەحمەد ئاغا، ئەندامی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، پوختەیەکی لەسەر گرنگترین ماددەکانی کۆدی ڕەفتاری دادوەران بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد.
دواتر، د. پەریز نجمالدین، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەران، بە هەمان شێوە پوختەیەکی لەسەر گرنگترین ماددەکانی کۆدی ڕەفتاری پارێزەران بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد.
لە کۆتاییدا، بەشداربووان و نوێنەرانی لایەنە جیاوازەکان دەستخۆشی و پشتیوانیی خۆیان بۆ کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر دەربڕی و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ ڕێکخراو خواست.
کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی هەردوو کۆدی ڕەفتاری دادوەران و پارێزەران
عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر
May 15, 2023
44 views