بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

ئەنجامدانی یەکەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنتکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە سۆران

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر، سۆران June 4, 2023 46 views
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ قوربانیانی تاوانە سێکسییەکان»، کە بە هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی دەزگای پەرەپێدان و هاوکاریی ئیتاڵیا (AICS) جێبەجێ دەکرێت، یەکەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ بە دۆکیومێنتکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان» لە شاری سۆران بەڕێوەچوو.
لە خولەکەدا، نوێنەرانی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان کرد، لەوانە لێکۆڵەرانی دادوەریی دادگاکانی سۆران، ڕەواندز و چۆمان؛ ئەفسەرانی پۆلیس لە بەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان؛ پارێزەرانی لقی سۆرانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان؛ هەروەها پزیشکان و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران.
خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و لەلایەن ڕاهێنەری خولەکە، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بەڕێوەچوو.
شایانی باسە کە ئەمە چوارەمین خولە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووەوە تاکو ئێستا لەسەر ئەم بابەتە بەڕێوە دەچێت. ئامانجی ئەم خولە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر، پەرەپێدانی شێوازی مامەڵەکردن و بە دۆکیومێنت کردنی ئەو حاڵەت و کەیسانەی پەیوەندیدارن بە قوربانیانی توندوتیژیی سێکسی، لەلایەن بەشداربووانەوە لە شوێنی کار و بەرپرسیارێتییەکانیان.

گەلەری

ڕاپۆرت