چالاکییەکان
کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
- No matches
ئەنجامدانی خولی هۆشیاریی یاسایی بۆ چالاکوانانی مەدەنی
لە ڕێکەوتی ١/٥/٢٠٢٣، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا و زیادکردنی بەشداریی گەنجان و ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان و عێراق»، خولێکی هۆشیاریی یاسایی بۆ چالاکوانانی مەدەنی لەسەر مافەکانی تۆمەتبار لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن ئەنجامدا. خولەکە لە شاری بەغدا ڕێکخرابوو و بە بەشداری ٢٧ چالاکوانی مەدەنی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەچوو.
پێگەی ئافرەتان و گەنجان لە ناوەندەکانی بڕیاردان
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا و زیادکردنی بەشداریی ئافرەتان و گەنجان لە دروستکردنی بڕیار لە هەرێمی کوردستان و عێراق»، لە ڕێکەوتی 11/4/2023، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە پاڵپشتی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی ڕاوێژکاری ڕێکخست بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی توێژینەوەی «پێگەی ئافرەتان و گەنجان لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان»، هەروەها تاوتوێکردنی ناوەڕۆکی ڕەشنووسی پێشنیاری «یاسای مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتی ڕێژەیی ئافرەتان لە سەرۆکایەتی سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان لە هەرێمی کوردستان». وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک و نوێنەرانی زیاتر لە 15 سەندیکا و یەکێتیە پیشەیییەكان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە ماوەی دانیشتنەکەدا، بەشداربووان سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانیان خستنەڕوو، بۆ زیاتر بەرەوپێشچونی رۆڵی ئافرەتان لە ناوەندەكانی بریاردان.
ڕێزلێنان لە دادوەر عبدالباسط فەرهادی بە بەشداری ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی
بە مەبەستی بەرزنرخاندنی خزمەت و ماندووبوونی دادوەر عبدالباسط فەرهادی لە ماوەی چوار دەیە لە خزمەتکردنی دادپەروەری، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی بەشداری لە مەڕاسیمی ڕێزلێنانی بەڕێزیان کرد، کە لەلایەن سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر ڕێکخرابوو. ئەم بۆنەیە لە هۆڵی سەرەکی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر بەڕێوەچوو، و ژمارەیەکی زۆر لە دادوەران، لێکۆڵەرانی دادوەری، پارێزەران تیایدا بەشدارییان کرد. لە چوارچێوەی ڕێزلێنانەکەدا، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، قەڵغانی ڕێزلێنانی ڕێکخراوی پێشکەشی دادوەر عبدالباسط فەرهادی کرد و هیوای تەندروستی و سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست.
ئەنجامدانی خولی هۆشیاری یاسایی بۆ چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا و زیادکردنی بەشداریی ئافرەت و گەنجان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە هەرێمی کوردستان و عێراق»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، لە ڕێکەوتی 15/3/2023 خولێکی هۆشیاری یاسایی بۆ چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر ڕێکخست، لە ژێر ناونیشانی: مافە نێودەوڵەتی، دەستووری و یاساییەکانی تۆمەتبار لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن. خولەکە بە بەشداری (24) چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و ئامانجی بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری یاسایی و ناساندنی مافەکانی تۆمەتبار لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن، بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتی، دەستووری و یاساییەکان. شایانی باسە کە خولەکە لەلایەن د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، پێشکەش کرا.
کۆبوونەوەی هاوبەش لەنێوان ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تاگ
لە ڕێکەوتی ١٤/٣/٢٠٢٣، بە مەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش، وەفدێکی باڵای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی TAG سەردانی ئۆفیسی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) ی کرد. لە دیدارەکەدا هەریەک لە دادوەر حاکم بدرالدین کەریم بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمینداران، پارێزەر پێشەوا حسامەدین، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، و ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراو، بەشدارییان کرد. لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن گفتوگۆیان لەسەر هەماهەنگی، هاوکاریی داهاتوو و جێبەجێکردنی چەندین بیرۆکە و پڕۆژەی هاوبەش کرد. هەروەها، کۆمەڵێک پێشنیار و ڕێکار خرایە ڕوو کە ئەنجام و بەرهەمەکانیان لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەون.
کۆبوونەوەی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی لەگەڵ ڕێکخراوی الجذور
بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندی و ڕێگەخۆشکردن بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش، لە ڕێکەوتی 14/3/2023، خاتوو خیتام، سەرۆکی ڕێکخراوی الجذور (Roots)، لەگەڵ وەفدێکی یاوەری سەردانی ئۆفیسی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) یان کرد لە شاری هەولێر. لە کۆبوونەوەکەدا، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو، و پێشەوا حسامەدین، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، بەشدارییان کرد. لە ماوەی دیدارەکەدا، هەردوو لایەن باسیان لە کار و چالاکییەکانیان لە ماوەی ڕابردوو کرد و ئەزموون و دەستکەوتەکانیان گۆڕییەوە. هەروەها، گفتوگۆ لەسەر دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و چالاکییە هاوبەشەکان لە داهاتوودا کرا، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاری و خزمەتکردنی کاری هاوبەش.
بەشداری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە کۆنگرەی هەرێمی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان
لە ڕۆژانی ١١–١٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بەشداری کۆنگرەی هەرێمی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، کە لە شاری بەیروت – لوبنان بەڕێوەچوو و تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆ لەسەر پڕۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی پەیوەست بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و شێوازەکانی تری مامەڵە یان سزای توند، نامرۆیی یان چەوسێنەرانە. لە ماوەی هەردوو ڕۆژی کۆنگرەکەدا، ژمارەیەک گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوونی بەرهەمدار ئەنجامدرا لەسەر گرنگترین ئاڵنگارییەکان و نموونە سەرکەوتووەکانی میکانیزمە نیشتمانییەکانی پێشگرتن لە ئەشکەنجە لە وڵاتانی عەرەبی. هەروەها باس لە ڕۆڵی میکانیزمە هەرێمییەکان کرا لە پشتیوانیکردنی دەوڵەتانی ئەندام و شێوازەکانی تەواوکردنی هاوکارییان لەگەڵ میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ. کۆنگرەکە بە پێشکەشکردنی پێشنیارێک کۆتایی هات بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی عەرەبی بۆ هاندانی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەئەندامبوون لە پڕۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی پەیوەست بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە. لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، د. ئەحمەد میران چاوی كەوت بە خاتوو سۆزان جبوور، سەرۆکی لیژنەی لاوەکی بۆ پێشگیری لە ئەشکەنجەی کرد، کە تێیدا ئامادەیی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی بۆ هاوکاری و پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری هۆشیارکردنەوە و بنیاتنانی توانا لەم بوارەدا دەربڕی. هەروەها، لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، چاوی كەوت بە خاتوو گوڵشەن ساغلام، سەرۆکی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بەسمە، کە یەکێکە لە ڕێکخراوە چالاکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لوبنان، گفتوگۆ لەسەر هەلی هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون لەنێوان هەردوو لایەن کرا.
بەرەو پێکهێنانی تۆڕی پاڵپشتی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی سەروەری یاسا (NORAD)، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە پاڵپشتی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی ڕاهێنانی بۆ نوێنەرانی ١٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی پسپۆڕ لە بوارە یاساییەکان، لە ئاستی پارێزگا جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبرد. ئامانجی ئەم وۆرکشۆپە ڕاهێنانییە پەرەپێدانی میکانیزمەکانی تۆڕسازی و هاوکاری نێوان ڕێکخراوەکان بوو، بە مەبەستی پێکهێنانی تۆڕێکی تایبەت بۆ پشتیوانی و بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان. وۆرکشۆپەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، لە ڕێکەوتی ١٧ و ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە هۆتێلی ڤان ڕۆیاڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو و لەلایەن ڕاهێنەری شارەزا خضردوملی سەرپەرشتی کرا. ئەم وۆرکشۆپە وەک بناغەیەکی سەرەتایی بۆ پێکهێنانی ئەم تۆڕە لە داهاتوودا دادەنرێت، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆنفرانسی کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی پێشوەختە
ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپایی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی چالاکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، کۆنفرانسی «کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی پێشوەختە»ی ڕێکخست. کۆنفرانسەکە بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکان، پەرلەمانتاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بەڕێوەچوو. لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا، ڕەشنووسی پێشنیارکراوی هەموارکردنی یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩، کە لە هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠٠٨ هەموار کراوە و لەلایەن ڕێکخراوی IOL ئامادەکراوە، پێشکەش کرا. هەروەها، داتای فەرمی سەبارەت بە گرێبەستەکانی هاوسەرگیری ئەنجامدراو لە دادگاکان لە ساڵی ٢٠٢١ پێشکەش کرا، لەوانەش ئەو گرێبەستانەی کە یەکێک لە لایەنەکانی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو. لە بەشی کۆنفرانسەکەدا، سێ پانێڵی گفتوگۆیی بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی ڕێگا و میکانیزمەکانی کەمکردنەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەختە و ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە جیاوازەکانی، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی پشتیوانیکردن لە پەسەندکردن و تێپەڕاندنی ڕەشنووسی پێشنیارکراوی هەموارکردنی یاسای باری کەسی، بە تایبەتی ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە هاوسەرگیریی پێشوەختەوە هەیە.
ئەنجامدانی خولێکی هۆشیاریی یاسایی بۆ چالاکوانانی مەدەنی لەسەر مافەکانی تۆمەتبار لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن
سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) خولێکی هۆشیاریی یاسایی بۆ چالاکوانانی مەدەنی لەسەر مافەکانی تۆمەتبار لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن ڕێکخست. ئەم خولە لە چوارچێوەی پرۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا و زیادکردنی بەشداریی گەنجان و ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان و عێراق» و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) بەڕێوەچوو. خولەکە لە شاری بەغدا، پایتەختی عێراق، بە بەشداری ٢١ چالاکوانی مەدەنی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجامدرا.
کۆنفرانسی ناساندنی وێنەی یەکەمی توێژینەوەی پێگەی ئافرەتان و گەنجان لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان
لە چوارچێوەی پرۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا و بەشداریی کاریگەری ئافرەتان و گەنجان لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان»، کە پرۆژەیەکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) ە و بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، لە چوارچێوەی پرۆژەی NORAD بۆ ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی IOL لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کۆنفرانسێکی بۆ لایەنە پەیوەندیدار و خاوەن بەرژەوەندییەکان لە یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، نوێنەرانی سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخست. هەروەها نوێنەرانی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە بوون. ئامانجی کۆنفرانسەکە ناساندنی وێنەی یەکەمی توێژینەوەی «پێگەی ئافرەتان و گەنجان لە ناوەندی بڕیاردان لە سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان» بوو، کە لەلایەن خاتوو لانە شێخە، دەرچووی بەشی زانستە سیاسییەکان، ئامادەکراوە و لە ژێر چاودێریی کۆمەڵێک کەسی ئەکادیمی لە ڕێکخراوی IOLدا پەرەپێدراوە. دوای وتەکانی بەخێرهاتن، توێژەر ناوەڕۆکی توێژینەوەکە و شێوازی ئامادەکردنی، کە زیاتر لە دوو مانگ خایاندووە، بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە. هەروەها، ئاستەنگەکان، دەرئەنجامەکان و پێشنیارەکانی توێژینەوەکە خرانەڕوو، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕا، سەرنج و پێشنیاری بەشداربووان بۆ دەوڵەمەندکردن و پێداچوونەوەی کۆتایی بە توێژینەوەکە. دوای زیاتر لە کاتژمێرێک گفتوگۆ و وەرگرتنی تێبینی، ڕەخنە، سەرنج و پێشنیارەکانی بەشداربووان، کۆنفرانسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات. بڕیارە تا کۆتایی ساڵ، کار لەسەر توێژینەوەکە بەردەوام بێت و دواتر بە شێوەی کتێب چاپ و بڵاو بکرێتەوە.
ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ چالاکوانانی مەدەنی لەسەر مافە نێودەوڵەتی، یاسایی و دەستوورییەکانی چالاکوانان
سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL)، لە چوارچێوەی پرۆژەی “بەهێزکردنی سەروەری یاسا و زیادکردنی بەشداریی گەنجان و ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان و عێراق“ و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، خولێکی ڕاهێنانی بۆ چالاکوانانی مەدەنی لەسەر مافە نێودەوڵەتی، یاسایی و دەستوورییەکانی چالاکوانان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن بەڕێوەبرد. خولەکە لە شاری هەولێر بە بەشداری ٢٢ چالاکوانی مەدەنی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. لە ماوەی خولەکەدا، بابەتە پەیوەندیدارەکان بە مافە نێودەوڵەتی، یاسایی و دەستوورییەکانی چالاکوانان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن تاوتوێ کران. شایانی باسە کە هەمان خولی ڕاهێنان، بە هەمان ناونیشان و ناوەڕۆک، لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری بەغدا، پایتەختی عێراق، بەڕێوەدەچێت.