لە چوارچێوەی پڕۆژەی «مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی عێراق»، کە لەلایەن تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان (JNP) بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی هاوکاری گەلی نەرویجی (NPA) جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) لە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، لە ڕێکەوتی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، چالاکییەکی تایبەتی لە هۆتێلی ڤان ڕۆیال لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
لە سەرەتای چالاکییەکەدا، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان (JNP)، هەردووكیان وەک لایەنی ڕێکخەر، وتارەکانیان پێشکەش کرد. پاشان، بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، باسیان لە گرنگیی ئەم بۆنەیە و ڕۆڵی دامەزراوەکانیان لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی چاکسازی لە ناو زیندانەكان کرد.
هەموو لایەنەکان جەختیان لەوە کردەوە کە کەسانی مەحکومکراو، سەرباری جۆری تاوانەکانیان، لە مافەکانی مرۆڤ بێبەش نین و پێویستە مافە بنەڕەتییەکانیان بپارێزرێت.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، بابەتی سزا جێگرەوەکان تاوتوێ کرا و تیشک خرایە سەر سوودەکانی جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سزایانە، هەم بۆ کەسانی مەحکوم و هەم بۆ کۆمەڵگا، كە ئاشكرایە ئەم سیستەمە لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا پەیڕەو دەکرێت.
هەروەها، لە چوارچێوەی ئەم بۆنەیەدا پێشانگایەکی هونەری ئامادەکرابوو کە لە ڕێگەی وێنە و کارە هونەرییەکانەوە، چەمکەکانی ئاشتی و مافەکانی زیندانیانی لەگەڵ یەکتر تێکەڵ کردبوو و بووە جێی سەرنجی ئامادەبووان.
بەڕێوەبردنی چالاکییەکی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی و پشتیوانی لە مافەکانی زیندانیان
عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر
September 21, 2023
42 views