بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

چالاکییەکان

کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

پڕۆژە
  • No matches
گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان

گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان

لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥»، کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی هاریکاری مەسیحی (CAP)، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دانیشتنێکی گفتوگۆیی بۆ پێداچوونەوە بە یاسای ئاماژەپێکراو لە هۆتێلی هێکسۆس، قەزای عەنکاوە، هەولێر بەڕێوەبرد.ئەم دانیشتنە بە ئامانجی گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، دیاریکردنی خاڵە پێویستەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، و پەرەپێدانی ڕێکارە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان ئەنجامدرا. ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دامەزراوە حکومی و دادوەرییەکان، پەرلەمان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان تێدا کرد.لە ناو بەشداربووان، د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، و فلۆرین گورگیس، سەرۆکی فەرمانگەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم، هەروەها ئەندام و ڕاوێژکارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەکان، نوێنەرانی ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای بەرایی عەنکاوە، نوێنەری داواکاری گشتی، پارێزەران و نوێنەرانی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مەسیحییەکان، و بەڕێوەبەری گشتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نوێنەری قائیمقامیەتی قەزای عەنکاوە، و نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەشدارییان کرد. هەروەها بەڕێز عەمانوێل، بەڕێوەبەری CAP، لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو.گفتوگۆکان بە سەرپەرشتی دادوەر بەدرەدین بەرزنجی بەڕێوەچوون و بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە کۆتایی پێهات و ڕاسپاردەکان و پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاساکە، لە کاتی پێکهێنانی لێژنەکانی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاراستە دەکرێن، بە مەبەستی بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ پاراستن و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان.ئەم دانیشتنە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدرا بە ئامانجی بەهێزکردنی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و دادپەروەر.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Oct 2025
پەرەپێدەدانی كاری ڕێکخراوەیی تۆڕی «ماف« لە ڕێگەی ستراتیژییەتێکی شەش‌ساڵە
بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

پەرەپێدەدانی كاری ڕێکخراوەیی تۆڕی «ماف« لە ڕێگەی ستراتیژییەتێکی شەش‌ساڵە

لە چوارچێوەی پرۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەیی بە شێوەی گفتوگۆی کراوە بۆ سەرۆکانی ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی «ماف» لە شاری سلێمانی ڕێکخست، کە لە ڕۆژانی ٢–٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. ئەم وۆرکشۆپە بە ئامانجی پێداچوونەوە و پەرەپێدانی ستراتیژی، پێکهاتە و هەیکەلی ڕێکخراوەیی، پەیڕەوی ناوخۆ و پلانی کاریان ئەنجامدرا.لە ڕۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، سەرنجێکی تایبەت خرایە سەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کارکردنی ناوخۆی تۆڕی «ماف»، لەوانە دانان و پەرەپێدانی پلانی ستراتیژی، بەهێزکردنی تواناکانی پلاندانان، دروستکردنی تۆڕی هەماهەنگی، پەرەپێدانی تواناکانی پەیوەندیکردن، و بەڕێوەبردنی کەمپەین بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری و بەشدارییەکی کاریگەرتر لە پرۆسەی بڕیاردان.لە ڕۆژی دووەمدا، دوای پێداچوونەوە بە ناوەڕۆک و ئەنجامەکانی ڕۆژی یەکەم، ڕەشنووسی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی تۆڕی «ماف» بۆ ساڵانی ٢٠٢٥–٢٠٣٠ خرايە ڕوو و گفتوگۆ لەسەر ئاراستە و پلانەکانی داهاتووی تۆڕەکە کرا. لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، ستراتیژییەکە دووبارە پێداچوونەوە و دەستکاریی بۆ کرا و لەلایەن ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی «ماف» پەسند کرا.ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراو بۆ هاوبەشەکانی، لە پێناو پەرەپێدانی توانای ڕێکخراوەیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و بەهێزکردنی توانایان بۆ ڕۆڵگێڕانی کاریگەرتر لە بواری دادپەروەری و سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

عێراق، هەرێمی کوردستان، سلێمانی Oct 2025 – Oct 2025
ڕۆڵی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری
بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

ڕۆڵی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری

ئەم کۆڕبەندە لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و بە هاوبەشی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی (IRC)، لە چوارچێوەی پرۆژەی «بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق» (BPSI) بە پشتیوانی دارایی UKAID، بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەسەر ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری ئەنجامدرا. کۆڕبەندەکە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە دادوەران و نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، چەندین وتەی پێشەکی پێشکەش کرا، لەوانە وتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، لەگەڵ وتە و پەیامەکانی IRC و ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، کە تیشکیان خستە سەر گرنگی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دادوەری و پەرەپێدانی سەروەری یاسا.لە درێژەی گفتوگۆکانی کۆڕبەندەكە، دوو پانێڵ بەڕێوەچوون. پانێڵی یەکەم تایبەت بوو بە دەستپێشخەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)، کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان، بەشدارییەکانی ئامادەبووانی لەخۆگرت.پانێڵی دووەمیش تەرخان کرابوو بۆ دەسەڵاتی دەستووری لە عێراق و ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا. لەم چوارچێوەیەدا، نوێنەرانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی دەوڵەت، بابەت و بۆچوونە تایبەتەکانی خۆیان پێشکەش کرد و بەشدارییان لە گفتوگۆکان کرد.لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندەكە دا، تەوەری سێیەم پێشكەشكرا كە تایبەت بوو بە ڕۆڵی دادوەریی سەربازی لە چەسپاندنی دادپەروەری، گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر ئاڵنگاری و ڕێکارە پەیوەندیدارەکان بە کارکردنی دادگا سەربازییەکان ئەنجامدرا.تەوەری چوارەمیش تەرخان کرابوو بە ڕۆڵی دادوەریی وەستان و ڕۆژنامەوانی لە پشتگیریکردنی سەروەری یاسا. تیایدا لە گفتوگۆکاندا جەخت لەسەر گرنگی ڕۆڵی پارێزەران و میدیاكارەكان لە چەسپاندنی دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی کۆمەڵگا بە دامەزراوەکانی دادوەری کرایەوە.ئەم کۆڕبەندە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و بنەڕەتی بۆ دروستکردنی پلانی جێبەجێکردنی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت، تا ببێتە بەشێکی سەرەکی لە پلانی نیشتمانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩).لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری لە کۆماری عێراق بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەندرا. لەبەر ئەمە، ئەم کۆڕبەندە وەک یەکێک لە قۆناغە گرنگەکان بۆ چالاککردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی دادپەروەری دادەنرێت.

عێراق، بەغدا Sep 2025
دەستپێکردنی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)
بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

دەستپێکردنی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)

لە هەنگاوی کۆتایی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی NPA نەرویجی، دانیشتنێکی ڕاوێژکاری بۆ تیمی نیشتمانی سەروەری یاسا لە شاری بەغدا بەڕێوەبرد.دانیشتنەکە بە سەرپەرشتی د. خالد شوانی، سەرۆکی تیمی نیشتمانی و وەزیری دادی عێراق، و بە بەشداری هەردوو جێگری سەرۆکی تیم، د. برهان مزهر القیسي و خاتوو شیلان عارف، لەگەڵ ئەندامانی تیمی نیشتمانی بەڕێوەچوو.ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکە پێداچوونەوە بە پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری (٢٠٢٥–٢٠٢٩) بوو، کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێبەجێکردن، لە چوارچێوەی پلانە جێبەجێکارییە تایبەتەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.لە ناوەڕۆکی دانیشتنەکەدا، تیشک خراوەتە سەر وردەکارییەکانی پلانی جێبەجێکردن، لەوانە دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی هەر لایەنێکی پەیوەندیدار، دانانی خشتەی کاتی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی هەر دەستپێشخەرییەک، و دانانی میکانیزمەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی کارا و سەرکەوتووانەی ستراتیژییەکە.ئەم دانیشتنە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی سەروەری یاسا، چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافیەت، و دڵنیابوون لە هەماهەنگی و هاوکاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

عێراق، بەغدا Sep 2025
هەنگاوێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی بەهێزتر بۆ چاودێریکردنی باری سەروەری یاسا لە عێراق
بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

هەنگاوێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی بەهێزتر بۆ چاودێریکردنی باری سەروەری یاسا لە عێراق

لە ڕێکەوتی ٨–١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، ڕاهێنانێکی سێ ڕۆژەی ڕاهێنانی ڕاهێنەران (TOT) بۆ نوێنەرانی ئەندامانی تۆڕی "ماف" بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و پەرەپێدانی دیموکراسی (MAFF Network) لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕاهێنانە، بەهێزکردنی زانیاری و تواناکانی بەشداربووان بوو لە بواری چاودێریکردنی سەروەری یاسا و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی چاودێری سەروەری یاسا لە عێراق، بە شێوەیەکی ڕێکخراو، لێکۆڵینەوە-بنیاد و پشتبەستوو بە بەڵگە.لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕاهێنانەکەدا، بەشداربووان ڕێنماییان لەسەر چەندین بابەتی گرنگ وەرگرت، لەوانە تەکنیکەکانی نووسین، ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە، شێوازەکانی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری، و بنەماکانی داڕشتن و ئامادەکردنی ڕاپۆرتە چاودێرییەکان. بە ئامانجی بەرزكردنەوەی توانای دامەزراوەیی و تەکنیکی بەشداربووان، تاکو بتوانن بەشدارییەکی کاریگەرتر لە پرۆسەی چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی باری سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن.ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێكخراوی لێكۆڵەر و هاوبەشەکانی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی دامەزراوە مەدەنییەکان، بەهێزکردنی چاودێریی سەروەری یاسا و پاڵپشتی پرۆسەکانی دادپەروەری، شەفافیەت و چەسپاندنی بنەماکانی سەروەری یاسا لە عێراق.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Sep 2025 – Sep 2025
سێیەم و کۆتا وۆرکشۆپ لە چوارچێوەی پرۆژەی “گفتوگۆی نێوخۆیی و نێوان ئایینەکان“
پەرەپێدانی خۆڕاگریی کەلتووری: پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری و دەستپێشخەرییەکانی دیالۆگی نێوان ئایینەکان بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان

سێیەم و کۆتا وۆرکشۆپ لە چوارچێوەی پرۆژەی “گفتوگۆی نێوخۆیی و نێوان ئایینەکان“

لە ڕێکەوتی ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پرۆژەی «گفتوگۆی نێوخۆ و نێوان ئایینەکان» لە هەرێمی کوردستان/عێراق، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوکاری ڕێکخراوی MEMECS و بە پاڵپشتی ناوەندی نێودەوڵەتی شا عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز بۆ گفتوگۆی نێوان ئایین و کەلتوورەکان (KAICIID)، سێیەم و کۆتا وۆرکشۆپی خۆی بە ناونیشانی «بەهێزکردنی گەنجان بۆ بەرەوپێشبردنی خۆڕاگری کۆمەڵگا: بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان» لە شاری دهۆک بەڕێوەبرد.وۆرکشۆپەکە بە بەشداری ژمارەیەک گەنج لە پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییە جیاوازەکان ئەنجامدرا و مەبەستی سەرەکی، بەهێزکردنی ڕۆڵ و تواناکانی گەنجان لە پەرەپێدانی گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی کۆمەڵایەتی بوو.لە وۆرکشۆپەکەدا، گرنگی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و لێکتێگەیشتنی نێوان کەلتوورەکان وەک دوو ئامرازی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگا، هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بە شێوەیەکی دانایانە و هۆشیارانە، تاوتوێ کران.هەروەها، وۆرکشۆپەکە بوارێکی گونجاوی بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، گفتوگۆ و کارکردنی بە گرووپی دابین کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان بۆ ئەوەی ببنە بریکاری کاریگەر و ڕاستەقینە لە پرۆسەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە فرەئایینی و فرەکەلتوورییەکاندا.

عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک Sep 2025
بەڕێوەبردنی ڕاهێنانێکی تایبەت بۆ چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی لە پارێزگای ئەنبار
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، باشترکردنی بارودۆخی دەستبەسەرکردن، و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان لە عێراق]

بەڕێوەبردنی ڕاهێنانێکی تایبەت بۆ چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی لە پارێزگای ئەنبار

بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ڕۆشنبیری و زانیارییە یاساییەکان و پەرەپێدانی تواناکانی چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، لە درێژەی زنجیرە چالاکییەکانی خۆیدا، لە ڕێکەوتی ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥ ڕاهێنانێکی تایبەتی بۆ ٢٤ چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی لە پارێزگای ئەنبار ئەنجامدا.ڕاهێنانەکە تایبەت بوو بە مافە یاسایی و دەستورییەکان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن، و ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و هۆشیاریی بەشداربووان بوو سەبارەت بە مافە یاسایی و دەستورییەکان لە پرۆسەی دادوەریدا .ئەم چالاکییەش بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ بەهێزکردنی ڕۆشنبیری یاسایی و پەرەپێدانی توانای چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی لە بواری پاراستن و داکۆکیکردن لە مافە یاسایی و دەستورییەکان.

عێراق، پارێزگای ئەنبار Sep 2025
پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری (٢٠٢٥–٢٠٢٩)
بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری (٢٠٢٥–٢٠٢٩)

لە چوارچێوەی پرۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی(IOL) ، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی NPA، دانیشتنێکی ڕاوێژکاری بۆ تیمی نیشتیمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری (٢٠٢٥–٢٠٢٩). لە دانیشتنەکەدا، وردەکارییەکانی پلانی جێبەجێکردن تاوتوێ کران و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ستراتیژییەکە، لە ڕێگەی پلانی جێبەجێکردنی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ماوەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێبەجێکردن. لە ناوەڕۆکی دانیشتنەکەدا بە تایبەتی تیشکی خرایە سەر دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەکانی هەر لایەنێکی پەیوەندیدار، دانانی خشتەیەکی کاتی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی هەر دەستپێشخەرییەک، و دیاریکردنی میکانیزمەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن؛ بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەرکەوتوویی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتەکە.

هەولێر Sep 2025
خولێکی ڕاهێنانی تایبەتی میدیایی لە شاری هەولێر بۆ بەهێزكردنی سەروەری یاسا لە عێراق
(BPSI) بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق

خولێکی ڕاهێنانی تایبەتی میدیایی لە شاری هەولێر بۆ بەهێزكردنی سەروەری یاسا لە عێراق

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی شەفافیەت و لێپرسینەوە، و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی فریاگوزاری (IRC) و بە پشتگیری UKaid، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، لە چوارچێوەی پڕۆژەی “بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق“، خولێکی تایبەتی ڕاهێنانی لە شاری هەولێر بە ناونیشانی: “ڕۆڵی دامەزراوە میدیاییەکان لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە ژێر ڕۆشنایی یاسا و ڕێساكانی عێراق و ستراتیژی سەروەری یاسا بۆ ساڵانی 2025–2029“ڕێکخست. خولەکە کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان، میدیاوانەكان و چالاکوانانی مەدەنی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی عێراق کۆکردەوە. لە خولەکەدا تیشک خرایە سەر ناساندنی میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم و هاوبەشێکی سەرەکی لە سەرکەوتنی ستراتیژی سەروەری یاسا بۆ ساڵانی 2025–2029، بە تایبەتی لە ڕووی بەهێزکردنی شەفافیەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتگیریکردنی چاکسازییە نیشتیمانیەكان. بە پێچەوانەی چوارچێوەی ڕاهێنانە باوەکان، ئەجێندای خولەکە بە کۆکردنەوەی لایەنی تیۆری و جێبەجێکردنی کرداری جیاوازییەکی تایبەتی هەبوو، بە شێوەیەک کە بەشداریی کاریگەر و دوور لە ڕۆتین و بێزاربوون دابین كرا و یارمەتی ڕۆژنامەنوسان درا لە بەکارهێنانی دەق و بنەما یاساییەکان لە کارە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا، بۆ بەهێزکردنی کاریگەریی میدیا و ئاراستەکردنی بەرەو میدیایەکی بنیاتنەر و ئامانجدار. هەروەها، خولەکە بە وتاری سەرەتایی و کۆتایی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی لێکۆڵەر دەستی پێکرد و کۆتایی هات، لەگەڵ وتارێکی بەرپرسی هەرێمی ڕێکخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتی (IRC) وەک لایەنی هاوبەش. هەردوو لایەن جەختیان لەسەر ڕۆڵی ناوەندی میدیا لە جێگیرکردنی دادپەروەری، سەروەری یاسا و بنیاتنانی ئاشتی لە عێراق کردەوە. لە کۆتایی خولەکەدا، بەشداربووان پابەند کران بە ئامادەکردنی ڕاپۆرت و توێژینەوەی مەیدانی وەک جێبەجێکردنێکی کرداری بۆ ئەو زانیاری و شارەزاییانەی لە دانیشتنەکانی خولەکەدا وەریانگرتبوو. لە کۆتاییدا، چالاکییەکان بە دابەشکردنی بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشداربوواندا کۆتاییان پێهات.

هەولێر Aug 2025
خولی بەهێزکردنی تواناکانی ئەندامانی تۆڕی ماف
(BPSI) بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق

خولی بەهێزکردنی تواناکانی ئەندامانی تۆڕی ماف

لە ڕێکەوتی 28–29ی تەممووزی 2025، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی IRC و بە پشتگیری دارایی UKaid، خولێکی دوو ڕۆژەی بەهێزکردنی تواناکانی ئەندامانی تۆڕی «ماف» بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و پەرەپێدانی دیموکراسی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. ئەم خولە لە چوارچێوەی پڕۆژەی »بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق « (BPSI) بەڕێوەچوو، بە ئامانجی بەهێزکردنی توانای ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕەکە و پەرەپێدانی ڕۆڵی کاریگەریان لە پشتگیریکردنی ستراتیژی سەروەری یاسا لە عێراق بۆ ساڵانی 2025–2029. لە ماوەی خولەکەدا، 15 بەشداربوو لە سەرۆک و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییە ئەندامەکانی تۆڕەکە بەشدارییان کرد. تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی تواناکانی بەشداربووان و دابینکردنی ئەو زانیاری و ئامرازە پێویستانەی کە یارمەتیدەریان دەبێت وەک هاوبەشی کاریگەر لە پێشخستنی چاکسازییە یاساییەکان، پاراستنی سەربەخۆیی دادوەری، و بەشداریکردن لە چاودێری و داکۆکیکردن لە بابەت و پرسە پەیوەندیدارەکانی سەروەری یاسا.

هەولێر Jul 2025
دووەمین وۆرکشۆپی بەهێزکردنی گەنجان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان
پەرەپێدانی خۆڕاگریی کەلتووری: پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری و دەستپێشخەرییەکانی دیالۆگی نێوان ئایینەکان بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان

دووەمین وۆرکشۆپی بەهێزکردنی گەنجان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان

لە ڕێکەوتی ٢٦ی تەموزی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پرۆژەی «گفتوگۆی نێوخۆیی و نێوان ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و ڕێکخراوی MEMECS، بە هاوبەشی و پشتیوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کایسید (KAICIID)، دووەمین وۆرکشۆپیان لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد، بە ناونیشانی: “بەهێزکردنی گەنجان بۆ بەرەوپێشبردنی خۆڕاگریی کۆمەڵگا: بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان“ وۆرکشۆپەکە بە بەشداری کۆمەڵێک گەنج لە پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەچوو. لە ماوەی وۆرکشۆپەکەدا، گرنگی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و لێکتێگەیشتنی نێوان کەلتوورەکان وەک دوو ئامرازی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بە دانایی و هۆشیاری تاوتوێ کرا. هەروەها، وۆرکشۆپەکە بوارێکی گونجاوی بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کارکردنی بە گرووپ دابین کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان و پەرەپێدانی ڕۆڵیان وەک بەشداربووان و بریکارانی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە فرەئایین و فرەکەلتوورییەکاندا. ئەم وۆرکشۆپە هەروەها سەکۆیەکی گرنگ بوو بۆ گوێگرتن، پەیوەندیکردن و بنیاتنانی تۆڕێکی بەردەوام لە نێوان گەنجان کە باوەڕیان بە ئاشتی، سەرکردایەتیی گشتگیر، هاوکاری و خۆڕاگریی کۆمەڵگا هەیە.

سلێمانی Jul 2025
یەکەم وۆرکشۆپی بەهێزکردنی گەنجان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان
پەرەپێدانی خۆڕاگریی کەلتووری: پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری و دەستپێشخەرییەکانی دیالۆگی نێوان ئایینەکان بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان

یەکەم وۆرکشۆپی بەهێزکردنی گەنجان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان

لە ڕێکەوتی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پرۆژەی «گفتوگۆی نێوخۆیی و نێوان ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و ڕێکخراوی MEMECS، بە هاوبەشی و پشتیوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کایسید (KAICIID)، یەکەمین وۆرکشۆپیان لە هەولێر بەڕێوەبرد، بە ناونیشانی: بەهێزکردنی گەنجان بۆ بەرەوپێشبردنی خۆڕاگریی کۆمەڵگا: بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان وۆرکشۆپەکە بە بەشداری کۆمەڵێک گەنج لە پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەچوو. لە ماوەی وۆرکشۆپەکەدا، گرنگی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و لێکتێگەیشتنی نێوان کەلتوورەکان وەک دوو ئامرازی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بە دانایی و هۆشیاری تاوتوێ کرا. هەروەها، وۆرکشۆپەکە بوارێکی گونجاوی بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کارکردنی بە گرووپ دابین کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان و پەرەپێدانی ڕۆڵیان وەک بەشداربووان و بریکارانی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە فرەئایین و فرەکەلتوورییەکاندا. ئەم وۆرکشۆپە هەروەها سەکۆیەکی گرنگ بوو بۆ گوێگرتن، پەیوەندیکردن و بنیاتنانی تۆڕێکی بەردەوام لە نێوان گەنجان کە باوەڕیان بە ئاشتی، سەرکردایەتیی گشتگیر، هاوکاری و خۆڕاگریی کۆمەڵگا هەیە.

هەولێر Jun 2025
ڕاپۆرت