بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

چالاکییەکان

کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبردنی سیمینارێکی تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و پلانی جێبەجێکردنی لاوەکی وەزارەتی پێشمەرگە
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبردنی سیمینارێکی تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و پلانی جێبەجێکردنی لاوەکی وەزارەتی پێشمەرگە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەریی یاسا»، لە ڕۆژی ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەریی یاسا و دیموکراسی (IOL) سیمینارێکی تایبەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەژێر ناونیشانی »ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و پلانی جێبەجێکردنی لاوەکیی وەزارەتەکان «بەڕێوەبرد. سیمینارەکە بە بەشداریی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئاستی بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکان، ئەنجامدرا.لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی وتەیەکی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییە یاساییانە کردەوە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان.لە بەشی سەرەکیی سیمینارەکەدا، ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر پڕۆژەکە، ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوەوە پێشکەش کرا. هەروەها، گرنگیی پلانە جێبەجێکارییە لاوەکییەکانی وەزارەتەکان و ڕۆڵی دامەزراوەکان لە جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی خرایەڕوو .وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر بەشداریی کارا و بەردەوامی خۆی لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا کردەوە. لەم پێناوەدا، وەزارەت نوێنەرێکی تایبەتی بۆ بەشداری لە پڕۆژەکە دیاری کردووە کە نوێنەرایەتیی تیمی نیشتمانیی سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها لیژنەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون و هەماهەنگیی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە پێکهێناوە.ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی کرداریی ستراتیژیی نیشتمانیی سەروەریی یاسا.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Sep 2026
بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی وۆرکشۆپی داڕشتنی پلانی لاوەکیی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی وۆرکشۆپی داڕشتنی پلانی لاوەکیی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا

لە درێژەی بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی وۆرکشۆپی ڕۆژانی ١ و ٢ی ئابی ٢٠٢٦، سەبارەت بە داڕشتنی «پلانی لاوەکیی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا» بۆ وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) لە ڕێکەوتی ١٨ی ئابی ٢٠٢٦، سیمینارێکی تایبەتی لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە شاری هەولێر سازكرد. لە دانیشتنەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ و بەرهەمدار لەسەر دەستپێشخەری و هەنگاوەکانی وەزارەت بۆ جێبەجێکردنی پلانی لاوەکی کرا. هەروەها، جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری زانکۆکان، کۆلێژەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە کرایەوە لە پەرەپێدان، بەهێزکردن و چەسپاندنی بنەماکانی سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکانی دیوانی وەزارەت، بەرپرسانی بەشی یاسایی و ڕاوێژکارانی وەزارەت بەڕێوەچوو. ئامانجی ئەم دانیشتنە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی کاریگەر و بەرهەمدار بوو.

هەولێر Aug 2026
وۆرکشۆپی ئامادەکردنی پلانە لاوەکییەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

وۆرکشۆپی ئامادەکردنی پلانە لاوەکییەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

لە ڕۆژانی ١ و ٢ی ئابی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری ڕێکخراوی هاوکاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد، بۆ ئامادەکردنی پلانە لاوەکییەکانی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیشتیمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩). لە وۆرکشۆپەکەدا نوێنەران و تیمەکانی وەزارەتی داد، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پلاندانان، دەستەی دەستپاکی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ بەشدارییان کرد. لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا، خاتوو شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد و جێگری سەرۆکی تیمی نیشتیمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا، جەختی لەسەر هاوبەشی نیشتیمانی لە داڕشتنی ستراتیژییەکە و گرنگیی بەهێزکردنی دادپەروەری و سەروەری یاسا کرد. هەروەها، بەڕێز فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی ناوەڕۆکی ستراتیژییەکە و دانانی پلانێکی جێبەجێکردنی تایبەت بە هەرێمدا ڕۆڵی گرنگی هەبوو. د. محەممەد ئەلتەمیمی، شارەزای بواری نێودەوڵەتی، ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر ناوەڕۆک، ئامانج و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە پێشکەش کرد. لە ڕۆژی دووەمدا، تیمەکانی دامەزراوە بەشداربووەکان پلانە لاوەکییەکانیان پێشکەش کرد و لەسەر ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان گفتوگۆیان کرد. وۆرکشۆپەکە بە جەختکردنەوە لەسەر هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەموو وەزارەت و دامەزراوەکان وەک بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنی پڕۆژەكە كۆتایی هات.

هەولێر Aug 2026 – Aug 2026
ڕێکخراوی لێکۆڵەر قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کرد
ناوی پڕۆژە: بەدامەزراوەییکردنی هەماهەنگیی دادوەری و چوارچێوەکانی لێپرسینەوە بۆ سەروەریی یاسا

ڕێکخراوی لێکۆڵەر قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کرد

لە ڕۆژی ٢٩/٧/٢٠٢٦، شاندێک لە ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە سەرۆکایەتی دادوەر بدرالدین کریم بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو، سەردانی بەڕێز دادوەر عبدالجبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانیان کرد. ئەم سەردانە بە مەبەستی دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوکاری و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە چالاکی، پرۆژە و دەستپێشخەرییەکانی ڕێکخراو لە بواری بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پەرەپێدانی هۆشیاریی یاسایی ئەنجامدرا. لە ماوەی دیدارەکەدا، بەڕێز دادوەر عبدالجبار عەزیز حەسەن جەختی لەسەر گرنگی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە تایبەتی ئەوانەی لە بواری یاسا و دادپەروەری کار دەکەن، کردەوە و هەروەها هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی ڕێکخراوی لە پشتیوانیکردن لە سەروەری یاسا و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند. لە کۆتایی دیدارەکەدا، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە مەبەستی دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی، قەڵغانی ڕێزلێنانی ڕێکخراوی پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کرد.

هەولێر Jul 2026
ئەنجامدانی خولی «بنیادنانی توانای پارێزەران» بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان
ناوی پڕۆژە: پاڵپشتیکردنی سەروەریی یاسا و دەستپێشخەرییە دامەزراوەییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق

ئەنجامدانی خولی «بنیادنانی توانای پارێزەران» بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان

لە ڕێکەوتی ٢٥تا٢٨ ی تەممووزی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی هاریکاری مەسیحی (CAP) و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، خولێکی ڕاهێنانی تایبەتی بۆ پارێزەران لە شاری هەولێر ئەنجامدا، لە ژێر ناونیشانی »بنیادنانی توانای پارێزەران«. ئەم خولە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە پارێزەرانی بەڕێز تیایدا بەشداربوون، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و توانایان لە بواری پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان، بە پشتبەستن بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان. لە ماوەی خولەکەدا، باس و گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی گرنگ کرا، لەوانە چوارچێوە یاساییەکانی پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان، میکانیزمە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکردن لەو مافانە، ڕۆڵی پارێزەران لە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان، و شێوازەکانی بەکارهێنانی ئامرازە یاساییەکان بۆ داکۆکیکردنی کاریگەر لە مافەکانی کەمینەکان. ئەم خولە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی توانای پسپۆڕانی یاسایی، بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا، و پشتیوانیکردن لە پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان.

هەولێر Jul 2026 – Jul 2026
بەڕێوەبردنی خولێكی ڕۆشنبیری یاسایی بۆ پارێزەران لە هەولێر، تایبەت بە مافەکانی پێکهاتەکان
ناوی پڕۆژە: پەرەپێدانی خۆڕاگریی کەلتووری: پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری و دەستپێشخەرییەکانی دیالۆگی نێوان ئایینەکان بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبردنی خولێكی ڕۆشنبیری یاسایی بۆ پارێزەران لە هەولێر، تایبەت بە مافەکانی پێکهاتەکان

لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە یاسای پاڵپشتی مافی پێکهاتەکان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی CAP و سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، و بە پاڵپشتی هەریەک لە رێکخراوەكانی SIDA، SCR و SMC، خولێکی ڕۆشنبیری یاسایی بۆ ٢٨ پارێزەر لە شاری هەولێر، لە ڕۆژانی ٢٥–٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبرد. خولەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو و تیایدا خولەكە تیشکی خستە سەر یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥، تایبەت بە مافەکانی پێکهاتەکان، هەروەها یاسا پەیوەندیدارەکان بە کاروباری ئایینی، ڕۆڵی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و مافی بەدواداچوونی داواکارییە یاساییەکان. لە ماوەی خولەکەدا، بابەتە یاساییە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ کران و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە گرنگانە کرا کە پەیوەندییان بە پاراستن و بەهێزکردنی مافەکانی پێکهاتەکان هەیە. شایەنی باسە، پڕۆژە یاسایەک بۆ پێداچوونەوە و دەستکاریکردن بۆ یاسای ناوبراو ئامادە کراوە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە داهاتوودا. جێگای باسە، نوێنەری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە خولەکەدا ئامادە بوو و باس لە ڕۆڵی ڕێکخراوی IOL و گرنگی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە خولانە کرد، بە تایبەتی لەگەڵ بوونی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو لایەن. ئەم چالاکییەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی زانیاریی یاسایی و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانە، و چالاکیی هاوشێوە لە ماوەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبن.

هەولێر Jul 2026 – Jul 2026
سەردانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
ناوی پڕۆژە: بەدامەزراوەییکردنی هەماهەنگیی دادوەری و چوارچێوەکانی لێپرسینەوە بۆ سەروەریی یاسا

سەردانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پشتگیریکردن و پەرەپێدانی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی دادگای تاوان (جنایات)ی تر لە هەرێمی کوردستان. لە چوارچێوەی پرۆژەی پشتگیریکراو لەلایەن National Endowment for Democracy (NED)، ڕێکخراوەکە سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ بەڕێز هەلگورد شێخ نجیب، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، و جێگری سەرۆکی ئیدارەکە ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی ورد لەسەر پێویستی و گرنگی دامەزراندنی دادگای تاوان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرا. هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگی ئەم هەنگاوە و پێویستی بۆ پشتیوانیی یاسایی و دامەزراوەیی كردەوە. لە درێژەی سەردانەکەدا، سەردانی دادگای بەرایی سۆران کرا، و لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە داوای داتای پەیوەندیدار بە ئەو کێشانەی جنایات کرا کە لە ساڵی 2025 ـدا رەوانەکراون بۆ دادگای تاوانی هەولێر. ئەو سەردانە بەشێک بوو لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکە، درێژكراوەی هەوڵەكانی پێشوو بوو كە تیایدا سەردانی چەندین ناوچەی تر كراوە، لەوانە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ هەمان ئامانج: پشتگیریکردنی دادپەروەری و پەرەپێدانی دامەزراوە یاساییەکان.

سۆران Jun 2026
کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سێیەم سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو
ناوی پڕۆژە: بەدامەزراوەییکردنی هەماهەنگیی دادوەری و چوارچێوەکانی لێپرسینەوە بۆ سەروەریی یاسا

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سێیەم سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی پرۆژەی پشتگیریکراو لەلایەن ڕێكخراوی National Endowment for Democracy (NED)، ڕۆژی 20/6/2026 کۆبوونەوەی سێیەمی ڕاوێژکاری لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بە مەبەستی پێداچوونەوە و تاوتوێکردنی ڕەشنووسی ڕێبەری (ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان). کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی 16 دادوەر و داواکاری گشتی، هەروەها بەشداری ڕاوێژکارانی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەران و بەرپرسانی نوسینگەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و ڕێکخەری پرۆژەکە لە ئەنجوومەنی دادوەری، بەڕێوەچوو. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز دادوەر بەدرالدین کریم بەرزنجی، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پالپشتی سەروەری یاسا، وتەی پێشوازی و دەستپێکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی کرد. پاشان، بەڕێز دادوەر کامەران ڕەسوڵ سەعید، نوێنەری دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، وتاری دادگاکەی پێشکەش کرد و سوپاسی ڕێکخراوی لێکۆڵەری کرد بۆ ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە. هەروەها، بەڕێز داواکاری گشتی فاروق قادر ئەحمەد، نوێنەری دەزگای داواکاری گشتی سلێمانی، وتاری دەزگاکەی خۆی پێشکەش کرد و گرنگی ئەم هەنگاوەی لە پەرەپێدانی کار و ڕێکارەکانی دادگا سزاییەکاندا خستەڕوو. شایانی باسە کە لە ماوەی کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکەدا، ڕەشنووسی ڕێبەری «ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان» لەلایەن بەڕێز دادوەری خانەنشین ڕەحیم عەگەیلی پێشکەش و خرایە بەردەم بەشداربووان. دواتر، بەشداربووان سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانیان لەسەر ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە خستەڕوو، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی دەقەکە و دڵنیابوون لە گونجان و کارایی ڕێکارە پێشنیارکراوەکان لە چوارچێوەی کارکردنی دادگا سزاییەکان.

سلێمانی Jun 2026
بەردەوامی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی نیشتیمانی سەروەری یاسا
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەردەوامی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی نیشتیمانی سەروەری یاسا

لە پێناو هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێ و کاراتر لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی نیشتیمانی سەروەری یاسا، ڕۆژی 17ی حوزەیرانی 2026، ستافی پڕۆژەی NORAD لە ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی ، بە هاوکاری بەڕێز شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان و جێگری دووەمی تیمی نیشتیمانی، دوو کۆبوونەوەی گرنگ و ئەرێنیان لە شاری بەغدا ئەنجامدا. کۆبوونەوەکان لەگەڵ هەر یەک لە بەڕێز د. بورهان مەزهەر القیسی، بریکاری وەزارەتی دادی فیدراڵ و جێگری یەکەمی تیمی نیشتیمانی، و بەڕێز د. خالید شەوانی، وەزیری دادی عێراق و سەرۆکی تیمی نیشتیمانی، بەڕێوەچوون. لە ماوەی ئەم کۆبوونەوانەدا، تیشک خرایە سەر دوایین پێشکەوتنەکان و هەنگاوە كرداریەكان لە پڕۆسەی داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیەتی نیشتیمانی سەروەری یاسا. هەروەها، گفتوگۆی ورد لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و شێوازی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانە لاوەکییەکانی وەزارەتەکان. هەردوو کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی گواستنەوەی ستراتیژیەتەکە لە قۆناغی پلاندانان بۆ قۆناغی جێبەجێکردنی کرداری و گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییە دیاریکراوەکان. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و دامەزراندنی چوارچێوەیەکی کارای نیشتیمانی و دادپەروەری لە عێراق بە سەرپەرشتی ستافی پڕۆژەی NORAD لە ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی.

بەغداد Jun 2026
ئامادەکردنی پلانە جێبەجێکارییە لاوەکییەکان بۆ ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩)
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

ئامادەکردنی پلانە جێبەجێکارییە لاوەکییەکان بۆ ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩)

لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان" ڕۆژانی ٢٠–٢١ی ئایاری ٢٠٢٦، لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی هاوکاری خەڵکی نەرویجی (NPA) و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵی عێراق، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی بۆ ئامادەکردنی پلانە جێبەجێکارییە لاوەکییەکانی ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩) بەڕێوەبرد. لە ئەم وۆرکشۆپەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی دامەزراوە حکومییەکانی فیدراڵ بەشدارییان کرد، لەوانە: وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی لاوان و وەرزش، دەستەی دەستپاکی، تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق، وەزارەتی بەرگری، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، و وەزارەتی دەرەوە. ئامانجی سەرەکیی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا و داڕشتنی پلانە جێبەجێکارییەکان بۆ ستراتیژیی نیشتمانی، بە شێوەیەک کە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و هاوبەش لە پرۆسەی جێبەجێکردندا بەشداری بکەن. لە ڕۆژی یەکەمدا، باس لە بنەما و ئامانجەکانی ستراتیژیی نیشتمانی و پلانی سەرەکیی جێبەجێکردنی کرا. هەروەها، پلانی لاوەکی وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتەکە پێشکەش کرا، و بەشداربووان گفتوگۆیان لەسەر دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لەنێوان وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکاندا کرد، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ورد و کارای ستراتیژییەکە لە ماوەی ساڵانی داهاتوو. لە ڕۆژی دووەمدا، دوای ئەنجامدانی گفتوگۆ و کاری گرووپی، هەر دامەزراوەیەک پلانی جێبەجێکاریی لاوەکیی خۆی پێشکەش کرد و لەسەر ناوەڕۆک و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی گفتوگۆ کرا. لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوام لەنێوان هەموو وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩). ئامانجی کۆتایی ئەم هەوڵانەش بریتییە لە باشترکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، بەهێزکردنی دادپەروەری و چەسپاندنی بنەماکانی سەروەری یاسا لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.

سلێمانی May 2026 – May 2026
بەڕێوەچوونی دووەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێککارەکانی دادگا سزاییەکان
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، باشترکردنی بارودۆخی دەستبەسەرکردن، و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان لە عێراق]

بەڕێوەچوونی دووەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێککارەکانی دادگا سزاییەکان

لە چوارچێوەی پرۆژەی پالپشتی کراو لەلایەن ڕێکخراوی National Endowment for Democracy (NED)، لە ڕێکەوتی ١٦/٥/٢٠٢٦، دووەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێککارەکانی دادگا سزاییەکان. کۆبوونەوەکە بە بەشداری ١٨ دادوەر، داواکاری گشتی و ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و ڕێکخەری ئەنجوومەن بۆ ئەم پرۆژەیە بەڕێوەچوو. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دادوەری داواکاری گشتی بەڕێز بدرالدین کریم بەرزنجی، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، وتەی دەستپێکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی میوان و بەشداربووانی کرد. دواتر، دادوەر حسین صالح ئیبراهیم، نوێنەری دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆک، وتەی دادگاکەی پێشکەش کرد و سوپاسی ڕێکخراوی لێکۆڵەری کرد بۆ ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە. پاشان، دادوەری داواکاری گشتی ماجد محمد ئەحمەد، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی دهۆک، وتەی فەرمانگەکەی پێشکەش کرد. لە بەشی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، دادوەری خانەنشین ڕەحیم عگەیلی ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێککارەکانی دادگا سزاییەکانی خستەڕوو و بەشداربووان بە شێوەیەکی ورد سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە پێشکەش کرد. شایانی باسە کە سێیەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لەسەر هەمان ڕەشنووس، لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاری پسپۆڕان و تەواوکردنی دەقی کۆتایی ڕێبەرەکە.

دهۆك May 2026
هەنگاوێکی نیشتمانی بۆ زیادکردن و جێگیرکردنی ناوی عێراق لە ڕیزبەندیی جیهانیی سەروەریی یاسا
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

هەنگاوێکی نیشتمانی بۆ زیادکردن و جێگیرکردنی ناوی عێراق لە ڕیزبەندیی جیهانیی سەروەریی یاسا

لە ڕێکەوتی ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦، لە شاری بەغدا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی تایبەتی بەڕێوەبرد، بە بەشداری نوێنەرانی باڵای وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ، وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری حکومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان. هەروەها، نوێنەرانی پڕۆژەی دادپەروەریی جیهانی (WJP) بە شێوەی ئۆنڵاین بەشدارییان کرد. تەوەری سەرەکیی ئەم وۆرکشۆپە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ زیادکردنی ناوی عێراق لە ڕیزبەندیی جیهانیی سەروەریی یاسا، کە لەلایەن پڕۆژەی دادپەروەریی جیهانی (WJP) ئامادە دەکرێت. لە ماوەی وۆرکشۆپەکەدا، ناساندنێکی ورد لەسەر میتۆدی کارکردنی پێوەرەکە و ئەو پێداویستییە یاسایی، دامەزراوەیی و کارگێڕییانە پێشکەش کرا کە پێویستە عێراق دابینیان بکات. ئەمەش بوارێکی گونجاوی بۆ گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان بەشداربوواندا ڕەخساند، سەبارەت بە دەرفەت و ئاستەنگەکانی ئەم پرۆسەیە. وۆرکشۆپەکە بە کۆمەڵێک پێشنیار و دەرئەنجامی گرنگ کۆتایی هات، کە جەختیان لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردەوە. هەروەها، جەخت لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نیشتمانی کرا بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا و دابینکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ جێگیرکردنی ناوی عێراق لە ناو ڕیزبەندییە جیهانییەکان، بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پێگەی وڵات لەسەر ئاستی جیهان هەبێت.

بەغداد Apr 2026
ڕاپۆرت