لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥»، کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی هاریکاری مەسیحی (CAP)، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دانیشتنێکی گفتوگۆیی بۆ پێداچوونەوە بە یاسای ئاماژەپێکراو لە هۆتێلی هێکسۆس، قەزای عەنکاوە، هەولێر بەڕێوەبرد.
ئەم دانیشتنە بە ئامانجی گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، دیاریکردنی خاڵە پێویستەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، و پەرەپێدانی ڕێکارە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان ئەنجامدرا. ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دامەزراوە حکومی و دادوەرییەکان، پەرلەمان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان تێدا کرد.
لە ناو بەشداربووان، د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، و فلۆرین گورگیس، سەرۆکی فەرمانگەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم، هەروەها ئەندام و ڕاوێژکارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەکان، نوێنەرانی ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای بەرایی عەنکاوە، نوێنەری داواکاری گشتی، پارێزەران و نوێنەرانی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مەسیحییەکان، و بەڕێوەبەری گشتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نوێنەری قائیمقامیەتی قەزای عەنکاوە، و نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەشدارییان کرد. هەروەها بەڕێز عەمانوێل، بەڕێوەبەری CAP، لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو.
گفتوگۆکان بە سەرپەرشتی دادوەر بەدرەدین بەرزنجی بەڕێوەچوون و بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە کۆتایی پێهات و ڕاسپاردەکان و پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاساکە، لە کاتی پێکهێنانی لێژنەکانی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاراستە دەکرێن، بە مەبەستی بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ پاراستن و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان.
ئەم دانیشتنە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدرا بە ئامانجی بەهێزکردنی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و دادپەروەر.