بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

دەستپێکردنی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)

عێراق، بەغدا September 13, 2025 68 views

لە هەنگاوی کۆتایی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی NPA نەرویجی، دانیشتنێکی ڕاوێژکاری بۆ تیمی نیشتمانی سەروەری یاسا لە شاری بەغدا بەڕێوەبرد.

دانیشتنەکە بە سەرپەرشتی د. خالد شوانی، سەرۆکی تیمی نیشتمانی و وەزیری دادی عێراق، و بە بەشداری هەردوو جێگری سەرۆکی تیم، د. برهان مزهر القیسي و خاتوو شیلان عارف، لەگەڵ ئەندامانی تیمی نیشتمانی بەڕێوەچوو.

ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکە پێداچوونەوە بە پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری (٢٠٢٥–٢٠٢٩) بوو، کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێبەجێکردن، لە چوارچێوەی پلانە جێبەجێکارییە تایبەتەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە ناوەڕۆکی دانیشتنەکەدا، تیشک خراوەتە سەر وردەکارییەکانی پلانی جێبەجێکردن، لەوانە دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی هەر لایەنێکی پەیوەندیدار، دانانی خشتەی کاتی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی هەر دەستپێشخەرییەک، و دانانی میکانیزمەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی کارا و سەرکەوتووانەی ستراتیژییەکە.

ئەم دانیشتنە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی سەروەری یاسا، چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافیەت، و دڵنیابوون لە هەماهەنگی و هاوکاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.


گەلەری

ڕاپۆرت