بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

ڕۆڵی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری

عێراق، بەغدا September 28, 2025 60 views

ئەم کۆڕبەندە لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و بە هاوبەشی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی (IRC)، لە چوارچێوەی پرۆژەی «بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق» (BPSI) بە پشتیوانی دارایی UKAID، بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەسەر ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری ئەنجامدرا. کۆڕبەندەکە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە دادوەران و نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، چەندین وتەی پێشەکی پێشکەش کرا، لەوانە وتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، لەگەڵ وتە و پەیامەکانی IRC و ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، کە تیشکیان خستە سەر گرنگی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دادوەری و پەرەپێدانی سەروەری یاسا.

لە درێژەی گفتوگۆکانی کۆڕبەندەكە، دوو پانێڵ بەڕێوەچوون. پانێڵی یەکەم تایبەت بوو بە دەستپێشخەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)، کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان، بەشدارییەکانی ئامادەبووانی لەخۆگرت.

پانێڵی دووەمیش تەرخان کرابوو بۆ دەسەڵاتی دەستووری لە عێراق و ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا. لەم چوارچێوەیەدا، نوێنەرانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی دەوڵەت، بابەت و بۆچوونە تایبەتەکانی خۆیان پێشکەش کرد و بەشدارییان لە گفتوگۆکان کرد.

لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندەكە دا، تەوەری سێیەم پێشكەشكرا كە تایبەت بوو بە ڕۆڵی دادوەریی سەربازی لە چەسپاندنی دادپەروەری، گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر ئاڵنگاری و ڕێکارە پەیوەندیدارەکان بە کارکردنی دادگا سەربازییەکان ئەنجامدرا.

تەوەری چوارەمیش تەرخان کرابوو بە ڕۆڵی دادوەریی وەستان و ڕۆژنامەوانی لە پشتگیریکردنی سەروەری یاسا. تیایدا لە گفتوگۆکاندا جەخت لەسەر گرنگی ڕۆڵی پارێزەران و میدیاكارەكان لە چەسپاندنی دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی کۆمەڵگا بە دامەزراوەکانی دادوەری کرایەوە.

ئەم کۆڕبەندە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و بنەڕەتی بۆ دروستکردنی پلانی جێبەجێکردنی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت، تا ببێتە بەشێکی سەرەکی لە پلانی نیشتمانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩).

لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری لە کۆماری عێراق بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەندرا. لەبەر ئەمە، ئەم کۆڕبەندە وەک یەکێک لە قۆناغە گرنگەکان بۆ چالاککردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی دادپەروەری دادەنرێت.


گەلەری

ڕاپۆرت