چالاکییەکان
کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپێک بۆ دامەزراوەییکردنی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پەرەپێدانی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەریی یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦ وۆرکشۆپێکی لە شاری بەغدا لەژێر ناونیشانی: دامەزراوەییکردنی پلانی جێبەجێکردن و ڕاکێشانی پشتگیری دارایی بۆ ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩) بەڕێوەبرد. وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، و تێیدا وتەی وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ لەلایەن بەڕێز د. برهان مزهر القیسی، وەکیل وەزیری داد، هەروەها وتەی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەریی یاسا و دیموکراسی (IOL) پێشکەش کرا. ناوەڕۆکی وۆرکشۆپەکە تیشکی خستە سەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا بە شێوەیەکی سیستەماتیک و دامەزراوەیی، هەروەها ڕێکارەکانی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەری و چالاکییەکانی پلانی جێبەجێکردن. هەروەها گرنگی دیاریکردنی ئەرک و دەسەڵاتی هەر لایەنێک و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێشخەرییە جێبەجێکراوەکان تاوتوێ کرا، بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەرکەوتوویی جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە. بەشداربووان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامەکانی ستراتیژییەکە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، پێویستە هەموو هەنگاوەکان بە وردی دۆكۆمێنت بکرێن و بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ ئەنجام بدرێت. هەروەها، لایەنی دارایی و میکانیزمەکانی دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکان تاوتوێ کران و چەندین پێشنیاری کردارى وەک هەڵبژاردەی سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی خرانەڕوو. شایانی باسە، ئامادەبوونی د. ئەحمەد میران، بەڕێوەبەری تۆڕی ماف، وەک نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە سەرنج و پێشنیارەکانی بەشدارییەکی کاریگەری لە دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکانی وۆرکشۆپەکەدا هەبوو.
ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی (ڕێبەری دادگا سزاییەکان) و توێژینەوەی (پێوەر و بەربەستەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دادگاکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان).
لە چوارچێوەی پرۆژەی پالپشتی کراو لەلایەن رێکخراوی NED، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، لە ڕێکەوتی ١٨/٤/٢٠٢٦ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. کۆبوونەوەکە بە بەشداری ٢١ دادوەر، داواکاری گشتی، لێکۆلەرەوانی دادوەری و راوێژکارانی یاسایی، هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری، ڕێکخەری ئەنجوومەن بۆ ئەم پڕۆژەیە، نوێنەری دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکای پارێزەران ئەنجامدرا، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێبەری «ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان» و گفتوگۆ لەسەر توێژینەوەی «پێوەر و بەربەستەکانی بەردەم دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دادگاکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان.» لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دادوەری خانەنشین ڕەحیم عەگیلی ڕەشنووسی ڕێبەری «ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان» پێشکەش کرد. پاشان، بەشداربووان سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانیان خستنەڕوو. لە بەشی دووەمدا، توێژەری مافپەروەر ئازاد وەڵەدبەگی توێژینەوەی «پێوەر و بەربەستەکانی بەردەم دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دادگاکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان» پێشکەش کرد و گرنگترین دەرئەنجام و بابەتە سەرەکییەکانی شی کردەوە. بەشداربووانیش بە تێبینی و بۆچوونەكانیان، ناوەڕۆکی توێژینەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. شایانی باسە، بڕیارە هەمان کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش ئەنجام بدرێت، بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەوڵەمەندکردنی هەردوو پڕۆژەکە.
ڕێکخراوی لێکۆڵەر خولێکی ڕاهێنانی بۆ بەهێزکردنی توانای پارێزەران لە پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان بەڕێوەبرد
ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی بەرنامەی هاوکاری مەسیحی (Christian Aid – CAP)، خولێکی ڕاهێنانی یەک ڕۆژەی لە 12ی نیسانی2026 بە ناونیشانی «بەهێزکردنی توانای پارێزەران لە پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان» لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. ئەم خولە درێژەی چالاکییەکانی پڕۆژەی ساڵی ٢٠٢٥ بوو، کە لە ماوەی جێبەجێکردنی چەندین خول و چالاکیی هۆشیاری و گفتوگۆی یاسایی ئەنجام درا و لە ئەنجامیاندا کۆمەڵێک پێشنیاری یاسایی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکان گەڵاڵە کرا. خولەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە پارێزەران بەڕێوەچوو و دادوەر گۆران بەرزنجی وانە و بابەتەکانی ڕاهێنانەکەی پێشکەش کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای یاسایی پارێزەران لە بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان. ئەم چالاکییە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا، پەرەپێدانی دادپەروەری، و پشتگیری لە بنەماکانی پێکەوەژیان و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان.
یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ سەروەری یاسا
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بنیادنانی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق»، لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی وەزارەتی دادی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتی (IRC) و بە پاڵپشتی دارایی UKaid، وۆرکشۆپێکی بۆ ئەندامان و نوێنەرانی وەزارەتی داد لە شاری بەغدا ئەنجامدا.لە وۆرکشۆپەکەدا، کە بە سەرپەرشتی پسپۆڕی نێودەوڵەتی، محەمەد تەمیمی، بەڕێوەچوو، »پلانی جێبەجێکردنی وەزارەتی داد» بۆ ساڵانی ٢٠٢٥–٢٠٢٩ داڕێژرا. بەشداربووان تیشکیان خستە سەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پلانەکە، دابینکردنی پێداویستی و سەرچاوە پێویستەکان، و دانانی پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن، بۆ دڵنیابوون لەوەی هەنگاوەکان بەکرداری و جێبەجێبكرێن و بە تەواوی لەگەڵ ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و نەخشەڕێگای پێنج ساڵی داهاتوو بگونجێن.ئەم چالاکییە بە یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەرک و دەستپێشخەرییەکانی وەزارەتی داد لە چوارچێوەی ستراتیژییەکەدا دادەنرێت. دەرەنجامەکانی ئەم وۆرکشۆپە بناغەیەکی پتەو بۆ قۆناغەکانی داهاتوو دادەنێن و یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی وەزارەتەکانی دیکەی بەشدار لە ستراتیژییەکەش هەنگاوە کردارییەکانیان جێبەجێبکەن.بەم شێوەیە، ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستپێکێکی گرنگ و ڕێگەخۆشکەر بۆ گواستنەوە لە قۆناغی دانان و پەرەپێدانی ستراتیژییەکە بۆ قۆناغی جێبەجێکردنی کرداری و بەشداریکردن لە بنیاتنانی وڵاتێکی سەقامگیرتر و خاوەن سەروەریی یاسا.
بڵاوکردنەوەی دوو ڕاپۆرتی نوێ بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان
لە درێژەی کار و چالاکییە بەردەوامەکانی پرۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) و تۆڕی ماف (Maff Network) و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتیی ئەورووپا (EU) جێبەجێ دەکرێت، لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ کۆنفرانسێک بۆ ڕاگەیاندنی دوو ڕاپۆرتی نوێ ئەنجامدرا.کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕان، نوێنەرانی دامەزراوە حکومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بەڕێوەچوو.یەکەم: «ڕاپۆرتی پێوەرەکان و باشترین ڕێکارەکانی دادگاییی دادپەروەرانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان – ٢٠٢٥»ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر گرنگترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییی دادپەروەرانە کە بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی دادگایییەکی دادپەروەرانە بەکاردێن. هەروەها، ڕاپۆرتەکە باشترین ڕێکارەکانی پەیڕەوکراو لە ئاستی جیهان شی دەکاتەوە و چۆنیەتیی گونجاندن و بەکارهێنانی ئەم ڕێکارانە لەگەڵ بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەخاتەڕوو.دووەم: «دووەمین ڕاپۆرتی چاودێریکردنی دۆخی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان – ٢٠٢٥»ئەم ڕاپۆرتە درێژەپێدەری یەکەمین ڕاپۆرتی چاودێریکردنی دۆخی سەروەری یاسایە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە، و تیشک دەخاتە سەر گرنگترین پێشکەوتنەکان و ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن.
خولی بەهێزکردنی توانای پارێزەران بۆ داكۆكیكردن لە مافی پێکهاتەکان و کەمینەکان
لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی شاری دهۆک، لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و بە هاوئاهەنگی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، خولێکی دوو ڕۆژە بە ناونیشانی «بنیاتنانی توانای پارێزەران لە داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەکان و کەمینەکان» ئەنجامدرا.لە ماوەی خولەکەدا، دادوەران بەدرەدین بەرزنجی و ڕەحیم عەقیلی وەک وانەبێژ، کۆمەڵێک تەوەری یاساییی گرنگیان سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەکان و کەمینەکان ڕوونکردەوە و تیشکیان خستە سەر ئەو خاڵە یاساییانەی کە پێویستە پارێزەران لە کاتی داکۆکیکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئەم پێکهاتانەدا جەختیان لەسەر بکەنەوە و گرنگییان پێ بدەن.لە ماوەی دوو ڕۆژی خولەکەدا، پارێزەرانی بەشدار بەشدارییەکی چالاکیان لە گفتوگۆکان کرد و لەگەڵ وانەبێژەکان کۆمەڵێک سەرنج و تێبینییان سەبارەت بە بابەتەکانی خولەکە ئاڵوگۆڕ کرد. هەروەها، بەشداربووان ئەزموون و زانیارییە پەیوەندیدارەکانیان لەبارەی ئەو بابەتانەوە هاوبەش کرد، کە بووە هۆی دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکان و بەهێزکردنی لایەنی پراکتیکیی خولەکە.
ئەنجامدانی خولی بەهێزکردنی تواناکان بۆ بەشی مافەکانی مرۆڤ لە دیوانی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران
لە چوارچێوەی پرۆژەی بەهێزکردنی سەروەری یاسا، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) جێبەجێ دەکرێت، خولی بەهێزکردنی تواناکان بۆ بەشی مافەکانی مرۆڤ لە دیوانی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامدرا.ئامانجی سەرەکیی خولەکە پەرەپێدانی تواناکانی پێکهاتەی کارگێڕی و کارمەندانی بەشی مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی ڕۆڵی بەشەکە لە پشتگیریکردن و بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا بوو.لە ماوەی خولەکەدا، بەشداربووان لە ڕێگەی گفتوگۆ، کارلێکی بەرهەمدار و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی، لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە کاری دامەزراوەیی، مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی سەروەری یاسا گفتوگۆیان کرد.ئەم خولە هەنگاوێک بوو بۆ پەرەپێدانی توانای دامەزراوەیی و مرۆیی بەشەکە و بەهێزکردنی ئامادەییی دامەزراوەكە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە جێبەجێکردن و بەدیهێنانی ئامانجەکانی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا بگێڕێت.
بەڕێز وەکیلی وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ سەردانی ئۆفیسی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە هەولێر دەکات
دوای نیوەڕۆی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، د. برهان مزهر القیسی، وەکیلی وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵی عێراق، لەگەڵ وەفدی هاوڕێی، سەردانی ئۆفیسی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) لە هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو کۆبووەوە.گفتوگۆکان تەرخان کرابوون بۆ ستراتیژیی سەروەری یاسا ٢٠٢٥–٢٠٢٩، کە لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٥ لە بەغدا بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەندرا. لە دانیشتنەکەدا، دوایین قۆناغەکانی ئامادەکردنی پلانی نیشتمانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی سەروەری یاسا و پرۆسەی ئامادەکردنی ئەم پلانە، کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردندایە، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، هەردوو لایەن لەسەر چەندین خاڵی گرنگ پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئامادەکردنی پلانەکە ڕێککەوتن، کە وردەکارییەکانی لە ماوەیەکی نزیکدا بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەندرێن.ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، وەک لایەنی خاوەن بیرۆکە و جێبەجێکەری پرۆژەکە، کە بە پشتگیری دارایی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) بەڕێوەدەچێت، ئەندامە لەو تیمی نیشتیمانییەی کە بە پێی فەرمانی دیوانی ژمارە (٧٠) لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکهێنراوە.
گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥»، کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی هاریکاری مەسیحی (CAP)، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دانیشتنێکی گفتوگۆیی بۆ پێداچوونەوە بە یاسای ئاماژەپێکراو لە هۆتێلی هێکسۆس، قەزای عەنکاوە، هەولێر بەڕێوەبرد.ئەم دانیشتنە بە ئامانجی گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، دیاریکردنی خاڵە پێویستەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، و پەرەپێدانی ڕێکارە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان ئەنجامدرا. ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دامەزراوە حکومی و دادوەرییەکان، پەرلەمان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان تێدا کرد.لە ناو بەشداربووان، د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، و فلۆرین گورگیس، سەرۆکی فەرمانگەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم، هەروەها ئەندام و ڕاوێژکارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەکان، نوێنەرانی ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای بەرایی عەنکاوە، نوێنەری داواکاری گشتی، پارێزەران و نوێنەرانی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مەسیحییەکان، و بەڕێوەبەری گشتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نوێنەری قائیمقامیەتی قەزای عەنکاوە، و نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەشدارییان کرد. هەروەها بەڕێز عەمانوێل، بەڕێوەبەری CAP، لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو.گفتوگۆکان بە سەرپەرشتی دادوەر بەدرەدین بەرزنجی بەڕێوەچوون و بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە کۆتایی پێهات و ڕاسپاردەکان و پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاساکە، لە کاتی پێکهێنانی لێژنەکانی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاراستە دەکرێن، بە مەبەستی بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ پاراستن و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان.ئەم دانیشتنە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدرا بە ئامانجی بەهێزکردنی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و دادپەروەر.
پەرەپێدەدانی كاری ڕێکخراوەیی تۆڕی «ماف« لە ڕێگەی ستراتیژییەتێکی شەشساڵە
لە چوارچێوەی پرۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەیی بە شێوەی گفتوگۆی کراوە بۆ سەرۆکانی ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی «ماف» لە شاری سلێمانی ڕێکخست، کە لە ڕۆژانی ٢–٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. ئەم وۆرکشۆپە بە ئامانجی پێداچوونەوە و پەرەپێدانی ستراتیژی، پێکهاتە و هەیکەلی ڕێکخراوەیی، پەیڕەوی ناوخۆ و پلانی کاریان ئەنجامدرا.لە ڕۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، سەرنجێکی تایبەت خرایە سەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کارکردنی ناوخۆی تۆڕی «ماف»، لەوانە دانان و پەرەپێدانی پلانی ستراتیژی، بەهێزکردنی تواناکانی پلاندانان، دروستکردنی تۆڕی هەماهەنگی، پەرەپێدانی تواناکانی پەیوەندیکردن، و بەڕێوەبردنی کەمپەین بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری و بەشدارییەکی کاریگەرتر لە پرۆسەی بڕیاردان.لە ڕۆژی دووەمدا، دوای پێداچوونەوە بە ناوەڕۆک و ئەنجامەکانی ڕۆژی یەکەم، ڕەشنووسی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی تۆڕی «ماف» بۆ ساڵانی ٢٠٢٥–٢٠٣٠ خرايە ڕوو و گفتوگۆ لەسەر ئاراستە و پلانەکانی داهاتووی تۆڕەکە کرا. لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، ستراتیژییەکە دووبارە پێداچوونەوە و دەستکاریی بۆ کرا و لەلایەن ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی «ماف» پەسند کرا.ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراو بۆ هاوبەشەکانی، لە پێناو پەرەپێدانی توانای ڕێکخراوەیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و بەهێزکردنی توانایان بۆ ڕۆڵگێڕانی کاریگەرتر لە بواری دادپەروەری و سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
ڕۆڵی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری
ئەم کۆڕبەندە لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و بە هاوبەشی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی (IRC)، لە چوارچێوەی پرۆژەی «بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق» (BPSI) بە پشتیوانی دارایی UKAID، بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەسەر ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری ئەنجامدرا. کۆڕبەندەکە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە دادوەران و نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، چەندین وتەی پێشەکی پێشکەش کرا، لەوانە وتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، لەگەڵ وتە و پەیامەکانی IRC و ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، کە تیشکیان خستە سەر گرنگی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دادوەری و پەرەپێدانی سەروەری یاسا.لە درێژەی گفتوگۆکانی کۆڕبەندەكە، دوو پانێڵ بەڕێوەچوون. پانێڵی یەکەم تایبەت بوو بە دەستپێشخەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)، کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان، بەشدارییەکانی ئامادەبووانی لەخۆگرت.پانێڵی دووەمیش تەرخان کرابوو بۆ دەسەڵاتی دەستووری لە عێراق و ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا. لەم چوارچێوەیەدا، نوێنەرانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی دەوڵەت، بابەت و بۆچوونە تایبەتەکانی خۆیان پێشکەش کرد و بەشدارییان لە گفتوگۆکان کرد.لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندەكە دا، تەوەری سێیەم پێشكەشكرا كە تایبەت بوو بە ڕۆڵی دادوەریی سەربازی لە چەسپاندنی دادپەروەری، گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر ئاڵنگاری و ڕێکارە پەیوەندیدارەکان بە کارکردنی دادگا سەربازییەکان ئەنجامدرا.تەوەری چوارەمیش تەرخان کرابوو بە ڕۆڵی دادوەریی وەستان و ڕۆژنامەوانی لە پشتگیریکردنی سەروەری یاسا. تیایدا لە گفتوگۆکاندا جەخت لەسەر گرنگی ڕۆڵی پارێزەران و میدیاكارەكان لە چەسپاندنی دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی کۆمەڵگا بە دامەزراوەکانی دادوەری کرایەوە.ئەم کۆڕبەندە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و بنەڕەتی بۆ دروستکردنی پلانی جێبەجێکردنی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت، تا ببێتە بەشێکی سەرەکی لە پلانی نیشتمانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩).لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری لە کۆماری عێراق بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەندرا. لەبەر ئەمە، ئەم کۆڕبەندە وەک یەکێک لە قۆناغە گرنگەکان بۆ چالاککردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهێزکردنی دادپەروەری دادەنرێت.
دەستپێکردنی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)
لە هەنگاوی کۆتایی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی NPA نەرویجی، دانیشتنێکی ڕاوێژکاری بۆ تیمی نیشتمانی سەروەری یاسا لە شاری بەغدا بەڕێوەبرد.دانیشتنەکە بە سەرپەرشتی د. خالد شوانی، سەرۆکی تیمی نیشتمانی و وەزیری دادی عێراق، و بە بەشداری هەردوو جێگری سەرۆکی تیم، د. برهان مزهر القیسي و خاتوو شیلان عارف، لەگەڵ ئەندامانی تیمی نیشتمانی بەڕێوەچوو.ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکە پێداچوونەوە بە پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری (٢٠٢٥–٢٠٢٩) بوو، کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێبەجێکردن، لە چوارچێوەی پلانە جێبەجێکارییە تایبەتەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.لە ناوەڕۆکی دانیشتنەکەدا، تیشک خراوەتە سەر وردەکارییەکانی پلانی جێبەجێکردن، لەوانە دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی هەر لایەنێکی پەیوەندیدار، دانانی خشتەی کاتی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی هەر دەستپێشخەرییەک، و دانانی میکانیزمەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی کارا و سەرکەوتووانەی ستراتیژییەکە.ئەم دانیشتنە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی سەروەری یاسا، چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافیەت، و دڵنیابوون لە هەماهەنگی و هاوکاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.