لە چوارچێوەی پرۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەیی بە شێوەی گفتوگۆی کراوە بۆ سەرۆکانی ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی «ماف» لە شاری سلێمانی ڕێکخست، کە لە ڕۆژانی ٢–٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. ئەم وۆرکشۆپە بە ئامانجی پێداچوونەوە و پەرەپێدانی ستراتیژی، پێکهاتە و هەیکەلی ڕێکخراوەیی، پەیڕەوی ناوخۆ و پلانی کاریان ئەنجامدرا.
لە ڕۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، سەرنجێکی تایبەت خرایە سەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کارکردنی ناوخۆی تۆڕی «ماف»، لەوانە دانان و پەرەپێدانی پلانی ستراتیژی، بەهێزکردنی تواناکانی پلاندانان، دروستکردنی تۆڕی هەماهەنگی، پەرەپێدانی تواناکانی پەیوەندیکردن، و بەڕێوەبردنی کەمپەین بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری و بەشدارییەکی کاریگەرتر لە پرۆسەی بڕیاردان.
لە ڕۆژی دووەمدا، دوای پێداچوونەوە بە ناوەڕۆک و ئەنجامەکانی ڕۆژی یەکەم، ڕەشنووسی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی تۆڕی «ماف» بۆ ساڵانی ٢٠٢٥–٢٠٣٠ خرايە ڕوو و گفتوگۆ لەسەر ئاراستە و پلانەکانی داهاتووی تۆڕەکە کرا. لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، ستراتیژییەکە دووبارە پێداچوونەوە و دەستکاریی بۆ کرا و لەلایەن ڕێکخراوە ئەندامەکانی تۆڕی «ماف» پەسند کرا.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراو بۆ هاوبەشەکانی، لە پێناو پەرەپێدانی توانای ڕێکخراوەیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و بەهێزکردنی توانایان بۆ ڕۆڵگێڕانی کاریگەرتر لە بواری دادپەروەری و سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.