بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

بەڕێوەچوونی دووەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێککارەکانی دادگا سزاییەکان

دهۆك May 16, 2026 63 views
لە چوارچێوەی پرۆژەی پالپشتی کراو لەلایەن ڕێکخراوی National Endowment for Democracy (NED)، لە ڕێکەوتی ١٦/٥/٢٠٢٦، دووەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێککارەکانی دادگا سزاییەکان.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری ١٨ دادوەر، داواکاری گشتی و ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و ڕێکخەری ئەنجوومەن بۆ ئەم پرۆژەیە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دادوەری داواکاری گشتی بەڕێز بدرالدین کریم بەرزنجی، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، وتەی دەستپێکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی میوان و بەشداربووانی کرد. دواتر، دادوەر حسین صالح ئیبراهیم، نوێنەری دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆک، وتەی دادگاکەی پێشکەش کرد و سوپاسی ڕێکخراوی لێکۆڵەری کرد بۆ ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە. پاشان، دادوەری داواکاری گشتی ماجد محمد ئەحمەد، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی دهۆک، وتەی فەرمانگەکەی پێشکەش کرد.
لە بەشی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، دادوەری خانەنشین ڕەحیم عگەیلی ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێککارەکانی دادگا سزاییەکانی خستەڕوو و بەشداربووان بە شێوەیەکی ورد سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە پێشکەش کرد.
شایانی باسە کە سێیەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لەسەر هەمان ڕەشنووس، لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاری پسپۆڕان و تەواوکردنی دەقی کۆتایی ڕێبەرەکە.

گەلەری

ڕاپۆرت