لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان" ڕۆژانی ٢٠–٢١ی ئایاری ٢٠٢٦، لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی هاوکاری خەڵکی نەرویجی (NPA) و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵی عێراق، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی بۆ ئامادەکردنی پلانە جێبەجێکارییە لاوەکییەکانی ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩) بەڕێوەبرد.
لە ئەم وۆرکشۆپەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی دامەزراوە حکومییەکانی فیدراڵ بەشدارییان کرد، لەوانە: وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی لاوان و وەرزش، دەستەی دەستپاکی، تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق، وەزارەتی بەرگری، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، و وەزارەتی دەرەوە.
ئامانجی سەرەکیی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا و داڕشتنی پلانە جێبەجێکارییەکان بۆ ستراتیژیی نیشتمانی، بە شێوەیەک کە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و هاوبەش لە پرۆسەی جێبەجێکردندا بەشداری بکەن.
لە ڕۆژی یەکەمدا، باس لە بنەما و ئامانجەکانی ستراتیژیی نیشتمانی و پلانی سەرەکیی جێبەجێکردنی کرا. هەروەها، پلانی لاوەکی وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتەکە پێشکەش کرا، و بەشداربووان گفتوگۆیان لەسەر دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لەنێوان وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکاندا کرد، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ورد و کارای ستراتیژییەکە لە ماوەی ساڵانی داهاتوو.
لە ڕۆژی دووەمدا، دوای ئەنجامدانی گفتوگۆ و کاری گرووپی، هەر دامەزراوەیەک پلانی جێبەجێکاریی لاوەکیی خۆی پێشکەش کرد و لەسەر ناوەڕۆک و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی گفتوگۆ کرا.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوام لەنێوان هەموو وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩). ئامانجی کۆتایی ئەم هەوڵانەش بریتییە لە باشترکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، بەهێزکردنی دادپەروەری و چەسپاندنی بنەماکانی سەروەری یاسا لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئامادەکردنی پلانە جێبەجێکارییە لاوەکییەکان بۆ ستراتیژیی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩)
سلێمانی
May 20, 2026 – May 21, 2026
120 views