بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپێک بۆ دامەزراوەییکردنی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا

بەغداد April 20, 2026 2 views
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پەرەپێدانی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەریی یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦ وۆرکشۆپێکی لە شاری بەغدا لەژێر ناونیشانی:
دامەزراوەییکردنی پلانی جێبەجێکردن و ڕاکێشانی پشتگیری دارایی بۆ ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩)
بەڕێوەبرد.
وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، و تێیدا وتەی وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ لەلایەن بەڕێز د. برهان مزهر القیسی، وەکیل وەزیری داد، هەروەها وتەی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەریی یاسا و دیموکراسی (IOL) پێشکەش کرا.
ناوەڕۆکی وۆرکشۆپەکە تیشکی خستە سەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانیی سەروەریی یاسا بە شێوەیەکی سیستەماتیک و دامەزراوەیی، هەروەها ڕێکارەکانی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەری و چالاکییەکانی پلانی جێبەجێکردن. هەروەها گرنگی دیاریکردنی ئەرک و دەسەڵاتی هەر لایەنێک و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێشخەرییە جێبەجێکراوەکان تاوتوێ کرا، بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەرکەوتوویی جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە.
بەشداربووان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامەکانی ستراتیژییەکە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، پێویستە هەموو هەنگاوەکان بە وردی دۆكۆمێنت بکرێن و بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ ئەنجام بدرێت. هەروەها، لایەنی دارایی و میکانیزمەکانی دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکان تاوتوێ کران و چەندین پێشنیاری کردارى وەک هەڵبژاردەی سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی خرانەڕوو.
شایانی باسە، ئامادەبوونی د. ئەحمەد میران، بەڕێوەبەری تۆڕی ماف، وەک نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە سەرنج و پێشنیارەکانی بەشدارییەکی کاریگەری لە دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکانی وۆرکشۆپەکەدا هەبوو.

گەلەری

ڕاپۆرت