لە ڕێکەوتی ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦، لە شاری بەغدا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی تایبەتی بەڕێوەبرد، بە بەشداری نوێنەرانی باڵای وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ، وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری حکومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان. هەروەها، نوێنەرانی پڕۆژەی دادپەروەریی جیهانی (WJP) بە شێوەی ئۆنڵاین بەشدارییان کرد.
تەوەری سەرەکیی ئەم وۆرکشۆپە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ زیادکردنی ناوی عێراق لە ڕیزبەندیی جیهانیی سەروەریی یاسا، کە لەلایەن پڕۆژەی دادپەروەریی جیهانی (WJP) ئامادە دەکرێت. لە ماوەی وۆرکشۆپەکەدا، ناساندنێکی ورد لەسەر میتۆدی کارکردنی پێوەرەکە و ئەو پێداویستییە یاسایی، دامەزراوەیی و کارگێڕییانە پێشکەش کرا کە پێویستە عێراق دابینیان بکات. ئەمەش بوارێکی گونجاوی بۆ گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان بەشداربوواندا ڕەخساند، سەبارەت بە دەرفەت و ئاستەنگەکانی ئەم پرۆسەیە.
وۆرکشۆپەکە بە کۆمەڵێک پێشنیار و دەرئەنجامی گرنگ کۆتایی هات، کە جەختیان لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردەوە. هەروەها، جەخت لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نیشتمانی کرا بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا و دابینکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ جێگیرکردنی ناوی عێراق لە ناو ڕیزبەندییە جیهانییەکان، بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پێگەی وڵات لەسەر ئاستی جیهان هەبێت.
هەنگاوێکی نیشتمانی بۆ زیادکردن و جێگیرکردنی ناوی عێراق لە ڕیزبەندیی جیهانیی سەروەریی یاسا
بەغداد
April 21, 2026
60 views