لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی شاری دهۆک، لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و بە هاوئاهەنگی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، خولێکی دوو ڕۆژە بە ناونیشانی «بنیاتنانی توانای پارێزەران لە داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەکان و کەمینەکان» ئەنجامدرا.
لە ماوەی خولەکەدا، دادوەران بەدرەدین بەرزنجی و ڕەحیم عەقیلی وەک وانەبێژ، کۆمەڵێک تەوەری یاساییی گرنگیان سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەکان و کەمینەکان ڕوونکردەوە و تیشکیان خستە سەر ئەو خاڵە یاساییانەی کە پێویستە پارێزەران لە کاتی داکۆکیکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئەم پێکهاتانەدا جەختیان لەسەر بکەنەوە و گرنگییان پێ بدەن.
لە ماوەی دوو ڕۆژی خولەکەدا، پارێزەرانی بەشدار بەشدارییەکی چالاکیان لە گفتوگۆکان کرد و لەگەڵ وانەبێژەکان کۆمەڵێک سەرنج و تێبینییان سەبارەت بە بابەتەکانی خولەکە ئاڵوگۆڕ کرد. هەروەها، بەشداربووان ئەزموون و زانیارییە پەیوەندیدارەکانیان لەبارەی ئەو بابەتانەوە هاوبەش کرد، کە بووە هۆی دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکان و بەهێزکردنی لایەنی پراکتیکیی خولەکە.