بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

چالاکییەکان

کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

پڕۆژە
  • No matches
کردنەوەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر
پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان

کردنەوەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر

سەر لە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی تەمموزی ٢٠٢٢، لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە.ئەم بۆنەیە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان: دادوەر گیلان خالد مصطفى، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر؛ Lionel LAFORGUE، بەرپرسی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە کوردستان؛ خاتوو ئەژی ئەمین، بەرپرسی بەشی (GBV) لە سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA)؛ د. یاسین کریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر؛ و بەڕێوەبەری پرۆژە، بەڕێز علی عبدالرحمن، بەڕێوەچوو.لە لایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسیش، بەڕێزان: لێکۆڵەری دادوەری کامەران نشأة، ئەندامی ئەنجوومەنی ئەمینداران؛ هەکار سعید سلیم، بەرپرسی کارگێڕی و دارایی؛ و ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکان، ئامادە بوون.لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی، ژووری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر کرایەوە، بە مەبەستی خێراکردن و ڕێکخستنی پرۆسەی کار و ئاسانکاری بۆ خەڵک، و هەروەها بە مەبەستی بەهێزکردنی دەستگەیشتن بە دادپەروەرییەکی خێرا و کاریگەر.شایانی باسە پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی و بە هاوبەشی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) بۆ ماوەی چوار مانگ جێبەجێ کراوە، کردنەوە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی فەرمانگەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەکانی پزیشکی دادی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بەشێک بووە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە.ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بە هاوکاری ئەنجوومەنی دادوەری، دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیمانگەکانی پزیشکی دادی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، توانیویەتی ئەم هەنگاوە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.شایانی باسە لەمەودوا، داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە فۆرمی توێکاریی مردوو و نووسراوەکانی پشکنین لە تاوانەکانی دەستدرێژیی سێکسی (اغتصاب)، لە ئەستۆی ئەم فەرمانگانەی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەبێت. هەروەها، بنکەکانی پۆلیس ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانی خۆیان لەم فەرمانگانە وەردەگرنەوە.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Jul 2022
یەکەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە هەولێر
کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە

یەکەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە هەولێر

لە چوارچێوەی پرۆژەی «ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی خوار تەمەنی 18 ساڵ»، کە ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) ، لە ڕێکەوتی ٦ی تەمموزی ٢٠٢٢ یەکەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ (30) مامۆستای ئایینی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. خولەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان طیب زرار شێروانی، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر؛ د. عمر حسن مرۆ، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی کوردستان؛ هەروەها Lionel LAFORGUE، ئەژی ئەمین و سانا کاروان، نوێنەرانی UNFPA، بەڕێوەچوو. سەرەتا، ئاودێر ئەنوەر کریم، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەکی لەسەر ئامانج، ناوەرۆک و چوارچێوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە پێشکەش کرد. دواتر، طیب زرار شێروانی ووتەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێشکەش کرد، و پاشان وتەیەك لە لایەن د. عمر حسن مرۆ نوێنەری یەکێتی زانایانی کوردستان پێشكەشكرا. لە بەشی سەرەکی خولەکەدا، دادوەر بدرالدین بەرزنجی، دادوەری داواکاری گشتی، وانە و بابەتە یاساییەکانی خولەکەی پێشکەش کرد. لە ناوەرۆکی خولەکەدا باس لە یاساکانی سزایی، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، پشکنینی خوێن پێش هاوسەرگیری، یاسای باری کەسی، و ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کرا. لە کۆتاییدا، گفتوگۆیەکی چڕ و بەرهەمدار لەنێوان بەشداربووان بەڕێوەچوو، و تێبینی، پێشنیار و بۆچوونەکانیان وەرگیران.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Jul 2022
سەردانی د. ئۆرسینا ویر کوهن، راوێژکاری یونیسێف و داواکاری گشتی خانەنشین لە سوید، بۆ بارەگای ڕێکخراوی لێکۆڵەر

سەردانی د. ئۆرسینا ویر کوهن، راوێژکاری یونیسێف و داواکاری گشتی خانەنشین لە سوید، بۆ بارەگای ڕێکخراوی لێکۆڵەر

لە ڕێکەوتی ٥ی تەممووزی ٢٠٢٢، بەڕێز خاتوو د. ئۆرسینا ویر کوهن، راوێژکاری ڕێکخراوی یونیسێف و داواکاری گشتی خانەنشین لە وڵاتی سوید، سەردانی بارەگای ڕێکخراوی لێکۆڵەری کرد. لەلایەن د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن؛ دادوەر بدرالدین بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمینداران؛ و بەڕێز عەلی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی پڕۆژەکان، پێشوازی لێکرا. لە میانەی ئەم دانیشتنەدا، د. ئۆرسینا، وەک راوێژکاری یونیسێف، ئاماژەی بەوە کرد کە خەریکی ئامادەکردنی توێژینەوەیەکە لەسەر بابەتی منداڵان و نەوجەوانان لە هەرێمی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین پرسیاری دەربارەی یاسای چاودێری نەوجەوانان ژمارە (٧٦)ی ساڵی ١٩٨٣ی هەموارکراو و یاسا بەرکارەکانی تری هەرێم ئاراستەی ڕێکخراوەکە کرد. پرسیارەکان بە تایبەتی پەیوەندییان بە پرۆسەی دادگایی‌کردنی نەوجەوانانەوە هەبوو؛ لە قۆناغی لێکۆڵینەوەوە تا گەیشتن بە دادگا تایبەتمەندەکانی نەوجەوانان و قۆناغەکانی پێداچوونەوە و تانەدان. هەروەها، کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم گەیشتنی نەوجەوانان بە دادپەروەریش تاوتوێ کران. لە کۆتاییدا، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی ڕوونکردنەوە و وەڵامی یاسایی پێویستی سەبارەت بە پرسیارەکانی بەڕێزیان پێشکەش کرد.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Jul 2022
دانیشتنی راوێژکاری بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێنمایی یاسای پزیشکی دادی
پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان

دانیشتنی راوێژکاری بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێنمایی یاسای پزیشکی دادی

لە ڕێکەوتی 30/6/2022، لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادییە ئیلزامییەکان»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە هاوبەشی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپایی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) جێبەجێ دەکرێت، دانیشتنێکی راوێژکاری تایبەت بە پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای پزیشکی دادی ژمارە (16)ی ساڵی 2001ی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن ڕێکخراوەکەمانەوە ئامادەکراوە، بەڕێوەچوو. دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی پزیشکی دادی لە پەیمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پزیشکی دادی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها نوێنەرانی بەشە پزیشکییە دادییەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران، و پسپۆڕانی بواری یاسا لە بەڕێوەبەرایەتییە یاساییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ئەنجام درا. لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، بەڕێز عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەک لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ماوەی چوار مانگ پێشکەش کرد و باس لە گرنگترین گرفت و بەربەستانی کرد کە لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا ڕووبەڕووی تیمی پرۆژە بوون و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان. دواتر، بەڕێز دادوەری خانەنشین ڕەحیم ئەلعگیلی، ناوەڕۆکی ڕەشنووسی ڕێنمایییەکەی پێشکەش کرد. پاشان، بوار بە بەشداربووان درا تا تێبینی و پێشنیارەکانی خۆیان لەسەر ڕەشنووسی ڕێنمایییەکە پێشکەش بکەن. بەشداربووان بە تێبینی و پێشنیارە پسپۆڕانەکانیان ڕەشنووسی ڕێنمایییەکەیان دەوڵەمەند کرد. لە بەشداربووانی دانیشتنەکەدا، پسپۆڕانی پزیشکی دادی و نوێنەرانی ناوچە جیاوازەکان بەشدارییان کرد، لەوانە د. یاسین کریم ئەمین، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر؛ د. بەختیار ڕەشید قادر، جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی؛ د. تمارا ئەبلحەد حنا، نوێنەری پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک؛ هەروەها نوێنەرانی پزیشکی دادی لە ڕاپەڕین، هەڵەبجە، گەرمیان و سۆران، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕانی بواری پزیشکی دادی دەرەوەی شارەکان كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان، د. کامل حیدر کاکەحمە، نوێنەری پزیشکی دادی ڕاپەڕین؛ د. بەهرۆز محمد حسین، نوێنەری پزیشکی دادی هەڵەبجە؛ د. حەسەن عبدالله ئەحمەد، نوێنەری پزیشکی دادی گەرمیان؛ و د. ستار سلیم حەسەن، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سۆران؛ هەروەها د. جەمیلە صالح حەمدئامین و د. دیلمان ئازاد خۆشناو، وەک پسپۆڕانی بوارەکەی پزیشکی دادی. لە کۆتاییدا، دوای نزیکەی چوار کاتژمێر گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، توانرا دیدگا و پێشنیارە جیاوازەکان یەکبخرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕەشنووسی ڕێنمایییەکە بە شێوەیەکی وردتر و پڕۆفیشناڵتر پاکنووس بکرێت.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Jun 2022
ڕۆژی جیهانی پاڵپشتیکردن لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە
ناوی پڕۆژە: بەهێزکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، باشترکردنی بارودۆخی دەستبەسەرکردن، و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان لە عێراق]

ڕۆژی جیهانی پاڵپشتیکردن لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە

بەڕێز مثنى محمود، بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بەشداریی لە چالاکییەکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانی پاڵپشتیکردن لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە کرد. ئەم چالاکییە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە هاوکاری ڕێکخراوی هارتلاند ئەڵاینس و بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، لە هۆتێلی ئەربیل ئینتەرناشیوناڵ ئەنجام درا. چالاکییەکە بە ئامادەبوونی خاتوو دانیێل بێل، بەرپرسی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ (یۆنامی)، لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە حکومی، دادوەری و پەرلەمانییەکان و هەروەها نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڕێوەچوو. لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، گفتوگۆیەکی ئەرێنی و هەمەالیەنە لەسەر تاوانی ئەشکەنجە، گرنگی دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لەسەر ئەم تاوانە لە هەرێمی کوردستان، و پێویستی کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەشکەنجە، ئەنجام درا.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Jun 2022
ئەنجامدانی سێیەمین و دوا خولی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی جەنگ دا
پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان

ئەنجامدانی سێیەمین و دوا خولی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی جەنگ دا

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، بە هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپا بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، و بە هاوکاتبوون لەگەڵ ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی تاوانی توندوتیژیی سێکسی لە کاتی ململانێی چەکداردا، (کە بە بڕیاری ژمارە (١٨٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٠ دراوە)، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سێیەمین و دوا خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی جەنگدا» لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. لە خولەکەکەدا، هەر یەك لە لێکۆڵەرانی دادوەری سەر بە ئەنجوومەنی دادوەری، پارێزەرانی سەر بە سەندیکای پارێزەران، پزیشک و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆتێلی دیدەمان بەڕێوەچوو. لە سەرەتای خولەکەدا، بەڕێز عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پڕۆژە، کورتەیەک لەسەر قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێشکەش کرد. پاشان وانەکان لەلایەن ڕاهێنەر، د. ئەحمەد میران، دکتۆرا لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان، پێشکەش کران. لە ڕۆژی یەکەمدا، بابەتەکانی پەیوەندیدار بە فەلسەفەی جەنگ، تاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانە سێکسییەکان و بەرپرسیارێتییەکان لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران. لە ڕۆژی دووەمدا، پێناسە و چەمکی توندوتیژیی سێکسی و جۆرە سەرەکییەکانی تاوانە سێکسییەکان، هەروەها شێوازی بەکارهێنانی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەم جۆرە تاوانانە و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە پەیوەندیدارەکان، تاوتوێ کران. دواتر، بەشداربووان بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی گرووپی، دابەشی سەر چوار گرووپ کران و هەر گرووپێک بەشێک لە پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە دۆخە پەیوەندیدارەکان بە ناکۆکییە چەکدارەکانی پێ سپێردرا. گرووپەکان بۆ ماوەی ٤٥ خولەک کار لەسەر دەستنیشانکردنی خاڵە سەرەکییەکانی بەشە سپێردراوەکانیان کرد و ئەنجامەکانیان لەسەر کاغەزی پێشکەشکردن نووسی. لە کۆتاییدا، نوێنەرانی گرووپەکان ئەنجامەکان و تێگەیشتنەکانیان بە وردی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە و لە کۆتایی خولەکەدا، بڕوانامەی بەشداری بەسەر بەشداربووان دابەشکرا. شایانی باسە، هەمان خول پێشتر لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی و لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری دهۆک، بۆ هەمان چین و توێژ ئەنجام دراوە.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Jun 2022 – Jun 2022
دانیشتنی ڕاوێژکاری لەسەر پڕۆژەی ڕێگری‌کردن لە هاوسەرگیریی کەمتر لە تەمەنی ١٨ ساڵ
کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە

دانیشتنی ڕاوێژکاری لەسەر پڕۆژەی ڕێگری‌کردن لە هاوسەرگیریی کەمتر لە تەمەنی ١٨ ساڵ

لە چوارچێوەی پرۆژەی «ڕێگری‌کردن لە هاوسەرگیریی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی و هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپایی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، لە ڕێکەوتی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دانیشتنێکی ڕاوێژکاری بۆ کۆمەڵێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکخست. لە چوارچێوەی ئەم دانیشتنەدا، بەڕێز ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پرۆژەکە، ئامارێکی وردی پێشکەش کرد کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەرەوە ئامادە کرابوو. ئەم ئامارە پەیوەندی بە کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیریی ئەنجامدراو لە دادگاکانی باری کەسی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ هەبوو، لەگەڵ تیشکخستنە سەر ئەو گرێبەستانەی هاوسەرگیری کە بۆ کەسانی کەمتر لە ١٨ ساڵ بە مۆڵەتی دادگا ئەنجام درابوون. دواتر، بەڕێز دادوەر بدرالدین بەرزنجی، ڕاوێژکاری ڕێکخراو، بەراوردێکی وردی یاسای باری کەسی لە هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی پێشکەش کرد لەبارەی کەمترین تەمەنی دیاریکراو بۆ هاوسەرگیری. هەروەها، ڕەشنووسی پێشنیارکراوی هەموارکردنی یاسای باری کەسی، سەبارەت بەو ماددانەی پەیوەندیدارن بە ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی کەمتر لە ١٨ ساڵ، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەرەوە ئامادە کرابوو، خستەڕوو. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و بەشداری بۆ ئامادەبووان کرایەوە و بەشێکی زۆر لە بەشداربووان بە تێبینی و سەرنجەکانیان بەشدارییان کرد. گوێ لە ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان بە ڕێزەوە گیرا و بەشداربوون لە دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەکە.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Jun 2022
ئەنجامدانی یەکەمین خول لە بارەی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی چەکداردا
پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان

ئەنجامدانی یەکەمین خول لە بارەی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی چەکداردا

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، بە هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپا بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢، یەکەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی چەکداردا» لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو. لە خولەکەکەدا، کۆمەڵێک بەشداربوو لە دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان کرد، کە پێکهاتبوون لە لێکۆڵەرانی دادوەری سەر بە ئەنجوومەنی دادوەری، پارێزەرانی سەر بە سەندیکای پارێزەران، پزیشک و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و وانەکان لەلایەن ڕاهێنەر د. ئەحمەد میران، دکتۆرا لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان، پێشکەش کران. لە ڕۆژی یەکەمدا، بابەتەکانی پەیوەندیدار بە فەلسەفەی جەنگ، تاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانە سێکسییەکان و بەرپرسیارێتییەکان لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران. لە ڕۆژی دووەمدا، پێناسە و چەمکی توندوتیژی سێکسی و جۆرە سەرەکییەکانی تاوانە سێکسییەکان، هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەم جۆرە تاوانانە و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە پەیوەندیدارەکان، تاوتوێ کران. لە بەشێکی تری خولەکەدا، د. تمارة أبلحد ساكا، پزیشکی دادی لە بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادی دهۆک، بۆ ماوەی کاتژمێرێک باسێکی تایبەتی لەسەر شێوازی پشکنین و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتانە پێشکەش کرد کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لەلایەن دادگا بۆ پزیشکی دادوەری دهۆکەوە ڕەوانە دەکرێن. دواتر ڕاهێنان بە بەشداربووان كرا بە ڕێگەی هەندێ چالاكی كرداری و بەشێوەی گرووپ بۆ تێگەیشتن و بەكرداریكردنی پڕۆتۆکۆلی نێودوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سێکسی. پاشان هەریەکەیان بە ووردی تێگەیشتنی خۆی لەم روانگەوە بۆ ئامادەبووان شڕۆڤەکرد. شایانی باسە هەمان خول لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی ئەنجام دراوە، و بڕیار وایە لە مانگی داهاتووی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە شاری هەولێر بۆ هەمان چین و توێژ ئەنجام بدرێت.

عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک May 2022 – May 2022
ڕێکخستنی دانیشتنی ڕاوێژکاری لەسەر پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان
پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان

ڕێکخستنی دانیشتنی ڕاوێژکاری لەسەر پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان

ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە پاڵپشتی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و پاڵپشتی دارایی پڕۆژەی (RDPP)، لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان، لە ڕۆژی ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٢، دانیشتنێکی ڕاوێژکاری لە شاری هەولێر، هۆتێلی دیدەمان، ڕێکخست. لەو دانیشتنەدا کۆمەڵێک لە بەڕێزان دادوەران، داواکاری گشتی، لێکۆڵەرانی دادوەری، پزیشکانی دادى، بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن، ئەفسەر و بەڕێوەبەرانی یاسایی، لەگەڵ نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) بەشدارییان کرد. ئامانجی ئەم دانیشتنە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی کراوە و هەمەلایەنە بوو لەسەر کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ڕێکخستن و پەرەپێدانی پرۆسەکانی ڕاپۆرتە پزیشکییە دادوەرییەکان. بەشداربووان بە تێبینی و پێشنیاری گرنگ، کۆبونەوەکەیان دەوڵەمەند تر کرد، کە دواتر ئەم پێشنیارانە وەک ڕاسپاردە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاراستە دەکرێن.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Mar 2022
ئەنجامدانی دوو سیمیناری یاسایی لەسەر یاسا پەیوەندیدارەکان بە کەرتی تەندروستی
پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادیەکان

ئەنجامدانی دوو سیمیناری یاسایی لەسەر یاسا پەیوەندیدارەکان بە کەرتی تەندروستی

لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە داديه ئیلزامییەکان»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە هاوبەشی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی ئەوروپایی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) جێبەجێ دەکرێت، لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢، دوو سیمیناری یاسایی لە پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدی بەڕێوەچوو. ئەم دوو سیمینارە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لە هەردوو ڕەگەز ڕێکخرابوو، کە بەشداربووانی پێکهاتبوون لە پزیشکان، فەرمانبەرانی یاسایی و کارگێڕی، یاریدەدەری پزیشکی و پەرستاران. ناوەڕۆکی سیمینارەکان تایبەت بوو بە یاسا و ڕێساکانی پەیوەندیدار بە کەرتی تەندروستی، و هەر سیمینارێک زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند. ناوەڕۆکی سیمینارەکان لەلایەن ڕاوێژکاری ڕێکخراو، دادوەر بدرالدین بەرزنجی، پێشکەش کرا. لە هەردوو شوێنەکەدا زیاتر لە ٧٠ بەشداربوو بە شێوەی فەرمی بەشدارییان کرد. وەكو ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) سوپاسی تایبەت پێشكەشی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی قەزای ئامێدی، و بەڕێوەبەرانی بەشی پەیوەندیەكان و یاسایی لە هەردوو شوێنەکە دەكەین بۆ ئەو هەماهەنگی و کارئاسانیەی کە بۆ سەرکەوتنی ئەم دوو سیمینارە پێشکەشیان کرد.

عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک، قەزای ئامێدی Mar 2022 – Mar 2022
واژۆکردنی یادداشتی لێكتێگەیشتن (مذكرة تفاهم) لەنێوان ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL) و سەندیکای پارێزەرانی کوردستان (KBA)
بەدامەزراوەییکردنی هەماهەنگیی دادوەری و چوارچێوەکانی لێپرسینەوە بۆ سەروەریی یاسا

واژۆکردنی یادداشتی لێكتێگەیشتن (مذكرة تفاهم) لەنێوان ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL) و سەندیکای پارێزەرانی کوردستان (KBA)

بە مەبەستی پشتیوانی و سوودگەیاندنی زیاتر بە خێزانی دادوەری، بە تایبەتی پارێزەران کە لە سیستەمی دادوەریدا بە ناوی (القضاء الواقف) ناسراون، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL) هەستا بە واژۆکردنی یادداشتی لێكتێگەیشتن (مذكرة تفاهم) لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان (KBA). بەپێی ئەم یادداشتی لێكتێگەیشتنە، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL)، بە هاوئاهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان (KBA)، هەڵدەستێ بە دارشتن و ئامادەکردنی کۆدی ڕەفتاری پارێزەران (مدونة سلوك المحامين) بە پشتبەستن بە ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی (NED). ئامادەکردنی ئەم کۆدە ڕەفتارییە وەک ئامرازێکی ڕێنمایی و پیشەیی دەبێتە هۆکاری کارئاسانکردن بۆ پارێزەران، بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانیان، و بەهێزکردنی بنەماکانی کارکردنی پیشەیی لە بوارى دادپەروەری. هەروەها، ناوەڕۆکی ئەم یادداشتی لێکەوتنە تەنها تایبەت بە ئامادەکردنی کۆدی ڕەفتاری پارێزەران نییە، بەڵکو هەماهەنگی و هاوکاریی داهاتووی هەردوو لایەن لە بوارەکانی تر دەگرێتەوە، بە شێوەیەک کە سوود بە خێزانی دادوەری و دامەزراوە یاساییەکان بگەیەنێت. شایانی باسە ئەم یادداشتی لێكتێگەیشتنە لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 17/03/2022، لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان واژۆ کرا، بە ئامادەبوونی بەڕێز بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، و بەڕێز د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL).

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Mar 2022
سەردانی وەفدی ڕێكخراو بۆ نووسینگەی باڵوێزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان

سەردانی وەفدی ڕێكخراو بۆ نووسینگەی باڵوێزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان

وەفدێک لە ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، پێکهاتبوو لە د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، بە یاوەری پێشەوا حوسامەدین، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری، و ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراو، سەردانی نووسینگەی باڵوێزخانەی کەنەدا لە عێراقیان کرد لە هۆتێل ڕۆتانا لە شاری هەولێر. لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا گفتوگۆیان لەسەر دۆخی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان، گرنگترین کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئەو دەسەڵاتە، هەروەها ڕۆڵ و ئاستەنگەکانی ئەو ڕێکخراوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن، ئەنجامدا. هەروەها، باس لە هەلی پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو کرا بۆ ئەوەی هەردوو لایەن لە ڕێگەی پڕۆژە و بەرنامەی هاوبەشەوە، لە تواناکان و ئەزموونەکانی یەکتری سوود وەربگرن و هاوکاری بەردەوام بۆ پشتیوانیکردن لە سەروەری یاسا و خزمەتکردنی کۆمەڵگای کوردستان پەرەپێ بدەن.

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر Feb 2022
ڕاپۆرت