بە مەبەستی پشتیوانی و سوودگەیاندنی زیاتر بە خێزانی دادوەری، بە تایبەتی پارێزەران کە لە سیستەمی دادوەریدا بە ناوی (القضاء الواقف) ناسراون، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL) هەستا بە واژۆکردنی یادداشتی لێكتێگەیشتن (مذكرة تفاهم) لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان (KBA).
بەپێی ئەم یادداشتی لێكتێگەیشتنە، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL)، بە هاوئاهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان (KBA)، هەڵدەستێ بە دارشتن و ئامادەکردنی کۆدی ڕەفتاری پارێزەران (مدونة سلوك المحامين) بە پشتبەستن بە ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی (NED).
ئامادەکردنی ئەم کۆدە ڕەفتارییە وەک ئامرازێکی ڕێنمایی و پیشەیی دەبێتە هۆکاری کارئاسانکردن بۆ پارێزەران، بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانیان، و بەهێزکردنی بنەماکانی کارکردنی پیشەیی لە بوارى دادپەروەری.
هەروەها، ناوەڕۆکی ئەم یادداشتی لێکەوتنە تەنها تایبەت بە ئامادەکردنی کۆدی ڕەفتاری پارێزەران نییە، بەڵکو هەماهەنگی و هاوکاریی داهاتووی هەردوو لایەن لە بوارەکانی تر دەگرێتەوە، بە شێوەیەک کە سوود بە خێزانی دادوەری و دامەزراوە یاساییەکان بگەیەنێت.
شایانی باسە ئەم یادداشتی لێكتێگەیشتنە لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 17/03/2022، لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان واژۆ کرا، بە ئامادەبوونی بەڕێز بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، و بەڕێز د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL).
واژۆکردنی یادداشتی لێكتێگەیشتن (مذكرة تفاهم) لەنێوان ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا (IOL) و سەندیکای پارێزەرانی کوردستان (KBA)
عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر
March 17, 2022
58 views