چالاکییەکان
کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
- No matches
کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتی ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی
لە ڕۆژی ١٢ی شوباتی ٢٠٢٢، کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتی ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی لە ئۆفیسی سەرەکی ڕێکخراو لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و ئەندامانی هەرسێ ئەنجومەنی ڕێکخراو، کە بریتین لە ئەنجومەنی ئەمینداران، ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و ئەنجومەنی ڕاوێژکاری، بەشدارییان کرد و چەندین بابەتی پەیوەست بە کار و چالاکییەکانی ڕێکخراو تاوتوێ کران. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە کار و پڕۆژەکانی ڕێکخراو لە ساڵی ڕابردوو کرا، هەروەها پلان و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی داهاتوو تاوتوێ کران. لە هەمان کاتدا، ستراتیژییەتی کارکردنی ڕێکخراو بۆ چوار ساڵی داهاتوو خرایە بەرباس و گفتوگۆ. دوای گفتوگۆیەکی فراوان کە نزیکەی سێ کاتژمێر بەردەوام بوو، کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و کۆمەڵێک ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن کرا بۆ ئامادەکردنی هەنگاوە جێبەجێکارییەکان تا کۆبوونەوەی داهاتوو كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو .
بەشداری د. ئەحمەد میران لە پانێلی کۆچکردن؛ ڕەهەندەکان، هۆکارەکان و چارەسەرەکان
لە ڕۆژی ٥ی شوباتی ٢٠٢٢، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، وەک یەکێک لە گفتوگۆکارانی سەرەکی لە پانێلێکی تایبەت بەشداری کرد کە لەلایەن ڕێکخراوی Pathway، بە پاڵپشتی ڕێکخراوی SPARKی هۆڵەندی، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی هۆتێل عەنكاوە ڕێکخرابوو. پانێلەکە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی بابەتی کۆچکردن، ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم دیاردەیە، هۆکارەکانی سەر هەڵدان، کاریگەرییە کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئابوورییەکانی، هەروەها گفتوگۆ ئەنجامدرا لەسەر هەڵبژاردە و چارەسەرە پێشنیارکراوەکان بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە ئەنجامدرا. لە میانەی پانێلەکەدا، د. ئەحمەد میران تیشکی خستە سەر ئەو ئەزموون، دەرئەنجام و دەستکەوتانەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی پڕۆژەی تایبەت بە کۆچ و قاچاخی کۆچبەران كە لە ماوەی ڕابردوو سەرقاڵی بوونە، بەدەستهاتوون. هەروەها، گرنگی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، پێشکەشکردنی پێشنیازی سیاسەتە گونجاوەکان، و بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی کۆچی نایاسایی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگا خستەڕوو.
بەشداری نوێنەری ڕێكخراوی لێكۆڵەر لە دانیشتنی گوێگرتن لەسەر پڕۆژەیاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی
لە ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢، دادوەر بدرالدین بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، بە نوێنەرایەتی ڕێکخراو، بەشداری دانیشتنی گوێگرتن (جلسة الاستماع) کرد کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان / لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، بە هاوکاری پەیمانگای دیموکراسی نیشتیمانی (NDI)، ڕێکخرابوو. ئامانجی دانیشتنەکە وەرگرتنی ڕا، سەرنج و تێبینیی پسپۆڕان، نوێنەرانی دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو، لەسەر پڕۆژەیاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی دەقە یاساییەکە و دڵنیابوون لە گونجاندنی لەگەڵ پێوەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. بەشداری ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی لەم دانیشتنەدا لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراو دێتە هەژمار بۆ پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی چوارچێوە یاساییەکان، بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا، و بەشداری کارا لە پرۆسەکانی چاکسازی یاسایی و دادوەری.
ڕێكخراوی لێكۆڵەر ڕەشنووسی یاسای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان ناساند
لە سەرلەبەیانی ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢، ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، بە پاڵپشتی National Endowment for Democracy (NED)، دانیشتنێکی تایبەتی ناساندن و ڕاگەیاندنی ڕەشنووسی یاسای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. ئەم چالاکییە وەک چاڵاکى پێش کۆتایى پڕۆژەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاساکە ڕێکخرابوو. دانیشتنەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە بەرپرسان و کەسایەتییە دادوەری، یاسایی و حکومییەکان، نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، دەستەی گشتی مافی مرۆڤ، دادگا، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، هەروەها نوێنەرانی کۆنسوڵگەرییەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو. دانیشتنەکە بە وتەی بەخێرهاتنی د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، دەستی پێکرد. پاشان، هەریەک لە بەڕێزان خاتوو منى قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، دادوەر د. محمد ڕێکانی، ئەندامی داواکاری گشتی، د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی گشتی مافی مرۆڤ، دادوەر سلیم حمو دیاب، نوێنەری سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، و هەروەها بەڕێز ئارام محمد ئەمین، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و نوێنەری سەرۆکایەتی فەرمانگە، وتەکانی خۆیان پێشکەش کرد و اماژەیان بە گرنگی ڕۆڵی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە پشتیوانیکردن لە سەروەری یاسا، مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی کرد. لە بەشێكی تری دانیشتنەکەدا، پارێزەر پێشەوا حسامالدین عبدالله، بەڕێوەبەری پڕۆژە، باس لە قۆناغ و میکانیزمەکانی ئامادەکردنی ڕەشنووسەکە کرد. پاشان د. ئەحمەد میران گرنگترین تایبەتمەندی، نوێکاری و جیاوازییەکانی ڕەشنووسی یاساکەی بەراورد بە ڕەشنووسەکانی پێشوو ڕوونکردەوە. هەروەها، بەشداربووان کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی داواکاری گشتی، یاساناسان و ڕاوێژكارانی بواری یاسا، سەرنج و تێبینی خۆیان بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە پێشکەش کرد. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، دادوەر د. جودەت سەعید میرصادق، نووسەری ڕەشنووسی یاساکە، وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانی ئامادەبووانی دایەوە و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆی یاسایی بۆ گەیشتن بە دەقێکی یاسایی پێگەیشتوو و هاوچەرخ کرد.
سەردانی وەفدی ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان
لە ڕێکەوتی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١، وەفدێک لە ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی بە سەرۆکایەتی د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، و بە بەشداری خاتوو خەولە قەرەنی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، و ئاودێر ئەنوەر کەریم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراو، سەردانی دادوەر عبدالجبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانیان کرد، بۆ پیرۆزباییکردن بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی نوێیدا. لە دانیشتنەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان ئەنجومەنی دادوەری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە تایبەتی ئەو ڕێکخراوانەی لە بواری سەروەری یاسا و چاکسازی دادوەری کار دەکەن، کردەوە. وەفدی ڕێکخراو ژمارەیەک پێشنیاری یاسایی و دامەزراوەیی خستە بەردەم سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، لەوانە گرنگیدان بە پەرەپێدانی یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، پشتیوانیکردن لە چاکسازی یاسایی، بەهێزکردنی پێگە و مافە پیشەییەکانی لێکۆلەرانی دادوەری، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئەنجومەنی دادوەری، و دابینکردنی ژینگەیەکی کاری گونجاو بۆ فەرمانگەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری. هەروەها، وەفدی ڕێکخراو وێنەیەک لە توێژینەوەی یاسایی ڕێکخراو، بە ناونیشانی «واقع القضاء في إقليم كوردستان – العراق»، پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کرد. لە بەرامبەردا، بەڕێزیان سوپاسی هەوڵە توێژینەوەیی و پێشنیارەکانی ڕێکخراوی کرد و جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوون نێوان هەردوو لایەن کردەوە، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی دەسەڵاتی دادوەری و خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
ڕێکخراوی لێکۆڵەر و ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەت خولێکی ڕاهێنانیان بۆ ناساندنی چوارچێوە یاسایی مافەکانی ئافرەت ڕێکخست
لە ڕۆژی ٢1ی ئازاری ٢٠٢٠، ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی و ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەت (WEO)، بە پاڵپشتی دارایی المبادرة النسوية الأورومتوسطية و الصندوق الائتماني الأوروبي – مدد، لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی دەستڕاگەیشتن بە پاراستن، بەشداری و خزمەتگوزاری بۆ ئافرەتانی پەنابەر، ئاوارە و کۆمەڵگا خانەخۆییەكان لە عێراق»، خولێکی ڕاهێنانی یەک ڕۆژەیان ڕێکخست. ئامانجی خولەکە ناساندنی بڕیار، هاوپەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتی و نیشتمانییە پەیوەندیدارەکان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەت بوو، بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پۆلیسی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لە سەرەتای خولەکەدا، خاتوو سۆزان عارف، سەرۆکی ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەت، پێشەکییەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئامانج و چالاکییەکانی پڕۆژەکە، هەروەها باسی لە گرنگی پێگە و ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگا و ئەو پێشێلکاری و تاوانانە کرد کە لە کاتی جەنگ و ئاشتی دژیان ئەنجام دەدرێن. پاشان، مقدم عبدالله حسین گوتەیەكی پێشکەش کرد سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوە و شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی دژ بە ئافرەتان و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی یاسایی بۆ ئەو حالەتانە، لە عێراق بە گشتی و شاری موسڵ بە تایبەتی. لە تەوەری کۆتاییدا، خاتوو شهرزاد العبدلی وەک ڕاهێنەر، وانەیەکی تایبەتی لەسەر پەیڕەو کردنى مافەکان لەسەر بنەماى بڕیار و یاسا نێودەوڵەتى و نیشتمانیەکانى تایبەت بە مافى ئافرەت پێشکەش کرد.
بەشداری کردنی نوێنەرانی ڕێكخراوی لێكۆلەر لە دیداری میری
بەڕێزان د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، ئازاد وەڵەدبەگی، ئەندامی ئەنجومەنی ئەمینداران، و پێشەوا حسامالدین، بەرپرسی پڕۆژەکانی ڕێکخراو، بەشدارییان کرد لە دیداری میری . دیداری میری یەکێکە لە کۆبوونەوە ساڵانە گرنگەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی میرییەوە ڕێکدەخرێت و ژمارەیەک لە بڕیاربەدەستان، ئەکادیمییان، ڕۆشنبیران، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، و نوێنەرانی دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان لە یەک شوێن کۆدەکاتەوە. ئامانجی ئەم دیدارە دابینکردنی سەكۆی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیر و ڕا لەسەر ژمارەیەک بابەتی گرنگی نیشتمانی و پرسە پەیوەندیدارەکانی سیاسەت، سەروەری یاسا، حوکمڕانی و ئاسایشی ناوچەییە، بە تایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەمساڵ، دیداری میری لە ڕۆژانی ٤، ٥ و ٦ی ئەم مانگە(ئاداری 2020) لە هۆتێلی ڕۆتانا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسی، ئەکادیمی و مەدەنییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات تێیدا بەشدارییان کرد.
ڕێكخراوی لێكۆلەر دانیشتنێکی سەبارەت بە یاسایی دەسەڵاتی دادوەری ڕێکخست
لە ئێوارەی ڕۆژی ١٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠، ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی دانیشتنێکی ڕێکخست کە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی چوارچێوەی یاسایی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراو بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەرزکردنەوەی ئەدای دادپەروەری و پەرەپێدانی گفتوگۆی یاسایی لەسەر بنەمای ستانداردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان. لە ماوەی دانیشتنەکەدا، بەڕێز دادوەر ڕەحیم عەگیلی شیكردنەوەیەكی وردی پێشکەش کرد لەسەر یاسا و چوارچێوە دەستوورییەکانی ڕێکخستنی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێستادا و هەروەها، تیشک خرایە سەر بنەما یاساییەکانی سەربەخۆیی دادوەری، ئاستەنگەكانی بەردەم دامەزراوەییەکان و پێکهاتە دادوەرییەکان. دانیشتنەکە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە لێکۆڵەرانی دادوەری، پارێزەران و پسپۆڕانی بواری یاسا بەڕێوەچوو، و بۆچوون و سەرنجە پیشەییەکانیان بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان پێکهێنا. هەروەها، بەڕێز دادوەری داواکاری گشتی بەشدار مەجید بە ئامادەبوون و پێشکەشکردنی تێبینی و لێکدانەوە یاساییەکانی و دەوڵەمەندترکردنی ناوەڕۆکی دانیشتنەکە بەشدارییەکی کاریگەری بەخشی بە دانیشتنەكە. ئەم دانیشتنە وەک بەشێک لە چالاکییە بەردەوامەکانی ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی دێتە هەژمار، کە ئامانج لێی پشتیوانیکردن لە چاکسازی یاسایی و دامەزراوەیی، بەهێزکردنی سەروەری یاسا و بەرزکردنەوەی دیالۆگی پسپۆڕانە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانە.
بەشداری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێكخراوی لێكۆلەر لە کۆبوونەوەی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان
ڕۆژی ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، لە شاری سلێمانی بەشداری کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرد کە لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخرابوو. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، د. ئەحمەد میران بەراوردێکی یاسایی لەنێوان یاسای سەندیکای پارێزەران، یاسای باج و یاسای گومرگ پێشکەش کرد و گرنگترین لایەنە یاسایی و جیاوازییەکانی ئەم یاسایانەی خستەڕوو. هەروەها، شیکردنەوە و لێکدانەوەیەکی یاسایی پێشکەش کرد سەبارەت بە یاسای ژمارە (١) ساڵی ٢٠١١ی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێنماییەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی گرنگترین دەقە یاساییەکان، بە مەبەستی یەکسانکردنی تێگەیشتن لە چوارچێوەی یاسای بەركاری کاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان. ئەم بەشدارییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی دێتە هەژمار بۆ پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی هۆشیاری یاسایی، بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا.
بەشداری نوێنەرانی ڕێكخراوی لێكۆلەر لە خولی تایبەت بە ڕاسپاردەکانی UPR
لە ڕێکەوتی ٢٢ و ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، دادوەر بەدرالدین بەرزنجی، سەرۆکی بۆردی ڕاوێژکاری ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، لەگەڵ عەلی عبدالڕەحمان و ئیسماعیل محەمەد، ئەندامانی ڕێکخراو، بەشدارییان لە خولێکی تایبەت کرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ڕاسپاردەکان و هەڵسەنگاندنی UPR پێداچوونەوەی گەردوونی مافی مرۆڤ کە لە خولی سێیەم ئاراستەی عێراق کراون لە مانگی تشرینی دووەمی 2019. ئەم خولە لەلایەن نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI) لەگەڵ تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییان ڕێکخرابوو و ژمارەیەک لە نوێنەرانی دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان و پسپۆڕانی بواری مافەکانی مرۆڤی تێدا بەشدارییان کرد. لە ماوەی دوو ڕۆژی خولەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر ناوەڕۆکی ڕاسپاردەکانی UPR، چۆنیەتی جێبەجێکردنیان و میکانیزمەکانی بەشداریکردن لە داڕشتنی پلانی جێبەجێکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرا. لە کۆتایی خولەکەدا، بڕوانامەی بەشداری بە هەموو بەشداربووان بەخشرا.
بەشداری نوێنەرانی ڕێكخراوی لە دانیشتنێکی تایبەت سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە
لە ڕۆژی ٢١/١٢/٢٠١٩، شاندێک لە ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، پێکهاتبوو لە بەڕێزان دادوەر سەید بەدرالدین کریم بەرزنجی، سەرۆکی بۆردی ڕاوێژکاری، ئاودێر ئەنوەر، بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکان، و عەلی عبدالڕەحمان، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن، بەشدارییان لە دانیشتنێکی تایبەت کرد. دانیشتنەکە لە ژێر ناونیشانی «ڕاو و بۆچوون لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە لە هەرێمی کوردستان» بەڕێوەچوو و لەلایەن ڕێکخراوی (PAW) و ڕێکخراوی (STOP) بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخرابوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و شارەزایانی بواری یاسا و سیاسەتی گشتی. لە ماوەی دانیشتنەکەدا، گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ڕاو لەسەر ناوەڕۆک و پێکهاتەکانی پڕۆژەیاساکە، کاریگەرییە یاسایی و دارایییەکانی، و هەروەها هەندێک لە پێشنیارەکانی پەیوەندیدار بە باشترکردنی دەقەکانی پڕۆژەیاساکە ئەنجامدرا، بە مەبەستی دڵنیابوون لە هاوتایی ئەو یاسایە لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتی.
ئەنجامدانی یەکەم بازنەی گفتوگۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەڵسەنگاندنی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان
بە پاڵپشتی ڕێکخراوی (NED)، ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی هەستا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە ژێر ناونیشانی: "واقیعی ئێستای سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم و هەنگاوەکانی چارەسەریان" سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٤/١٢/٢٠١٩، ڕێکخراو یەکەم بازنەی گفتوگۆی ئەم پڕۆژەیەی ئەنجامدا، کە تێیدا ژمارەیەک لە شارەزایانی ئەم بوارە، لەوانە مامۆستایانی زانکۆ، لێکۆڵەرانی دادوەری، پارێزەران، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان، بەشدارییان کرد. لە ماوەی بازنەی گفتوگۆکەدا، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠٠٧ی هەرێمی کوردستان لە ڕووی هاوتایی لەگەڵ پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری تاوتوێ کرا. هەروەها تیشک خرایە سەر ئەو برگەو ماددانەى کە لە دەستوری هەمیشەیی عێراق و پەیوەستن بە ناوەرۆکی ئەو بابەتە. لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، کۆمەڵێک ڕاو، سەرنج و ڕاسپاردەی پسپۆڕان گەڵاڵە كران. شایانی باسە کە ئەم پڕۆژەیە، جگە لە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی تێروتەسەل لەسەر سیستەمی دەسەڵاتی دادوەری، چەندین بازنەی گفتوگۆی دیکەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدار و کاریگەرەکان لەخۆدەگرێت، بەمەبەستی گەیشتن بە هەڵسەنگاندنێکی ورد و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی پراکتیکی بۆ پەرەپێدانی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان.