بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

ئەنجامدانی سێیەمین و دوا خولی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی جەنگ دا

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر June 18, 2022 – June 19, 2022 43 views
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، بە هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپا بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، و بە هاوکاتبوون لەگەڵ ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی تاوانی توندوتیژیی سێکسی لە کاتی ململانێی چەکداردا، (کە بە بڕیاری ژمارە (١٨٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٠ دراوە)، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سێیەمین و دوا خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی جەنگدا» لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
لە خولەکەکەدا، هەر یەك لە لێکۆڵەرانی دادوەری سەر بە ئەنجوومەنی دادوەری، پارێزەرانی سەر بە سەندیکای پارێزەران، پزیشک و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆتێلی دیدەمان بەڕێوەچوو. لە سەرەتای خولەکەدا، بەڕێز عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پڕۆژە، کورتەیەک لەسەر قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێشکەش کرد. پاشان وانەکان لەلایەن ڕاهێنەر، د. ئەحمەد میران، دکتۆرا لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان، پێشکەش کران.
لە ڕۆژی یەکەمدا، بابەتەکانی پەیوەندیدار بە فەلسەفەی جەنگ، تاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانە سێکسییەکان و بەرپرسیارێتییەکان لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران.
لە ڕۆژی دووەمدا، پێناسە و چەمکی توندوتیژیی سێکسی و جۆرە سەرەکییەکانی تاوانە سێکسییەکان، هەروەها شێوازی بەکارهێنانی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەم جۆرە تاوانانە و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە پەیوەندیدارەکان، تاوتوێ کران.
دواتر، بەشداربووان بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی گرووپی، دابەشی سەر چوار گرووپ کران و هەر گرووپێک بەشێک لە پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە دۆخە پەیوەندیدارەکان بە ناکۆکییە چەکدارەکانی پێ سپێردرا. گرووپەکان بۆ ماوەی ٤٥ خولەک کار لەسەر دەستنیشانکردنی خاڵە سەرەکییەکانی بەشە سپێردراوەکانیان کرد و ئەنجامەکانیان لەسەر کاغەزی پێشکەشکردن نووسی. لە کۆتاییدا، نوێنەرانی گرووپەکان ئەنجامەکان و تێگەیشتنەکانیان بە وردی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە و لە کۆتایی خولەکەدا، بڕوانامەی بەشداری بەسەر بەشداربووان دابەشکرا.
شایانی باسە، هەمان خول پێشتر لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی و لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری دهۆک، بۆ هەمان چین و توێژ ئەنجام دراوە.

گەلەری

ڕاپۆرت