بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

دانیشتنی راوێژکاری بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێنمایی یاسای پزیشکی دادی

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر June 30, 2022 37 views
لە ڕێکەوتی 30/6/2022، لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادییە ئیلزامییەکان»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە هاوبەشی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپایی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) جێبەجێ دەکرێت، دانیشتنێکی راوێژکاری تایبەت بە پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای پزیشکی دادی ژمارە (16)ی ساڵی 2001ی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن ڕێکخراوەکەمانەوە ئامادەکراوە، بەڕێوەچوو.
دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی پزیشکی دادی لە پەیمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پزیشکی دادی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها نوێنەرانی بەشە پزیشکییە دادییەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران، و پسپۆڕانی بواری یاسا لە بەڕێوەبەرایەتییە یاساییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ئەنجام درا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، بەڕێز عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەک لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ماوەی چوار مانگ پێشکەش کرد و باس لە گرنگترین گرفت و بەربەستانی کرد کە لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا ڕووبەڕووی تیمی پرۆژە بوون و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.
دواتر، بەڕێز دادوەری خانەنشین ڕەحیم ئەلعگیلی، ناوەڕۆکی ڕەشنووسی ڕێنمایییەکەی پێشکەش کرد.
پاشان، بوار بە بەشداربووان درا تا تێبینی و پێشنیارەکانی خۆیان لەسەر ڕەشنووسی ڕێنمایییەکە پێشکەش بکەن. بەشداربووان بە تێبینی و پێشنیارە پسپۆڕانەکانیان ڕەشنووسی ڕێنمایییەکەیان دەوڵەمەند کرد. لە بەشداربووانی دانیشتنەکەدا، پسپۆڕانی پزیشکی دادی و نوێنەرانی ناوچە جیاوازەکان بەشدارییان کرد، لەوانە د. یاسین کریم ئەمین، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر؛ د. بەختیار ڕەشید قادر، جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی؛ د. تمارا ئەبلحەد حنا، نوێنەری پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک؛ هەروەها نوێنەرانی پزیشکی دادی لە ڕاپەڕین، هەڵەبجە، گەرمیان و سۆران، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕانی بواری پزیشکی دادی دەرەوەی شارەکان كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان، د. کامل حیدر کاکەحمە، نوێنەری پزیشکی دادی ڕاپەڕین؛ د. بەهرۆز محمد حسین، نوێنەری پزیشکی دادی هەڵەبجە؛ د. حەسەن عبدالله ئەحمەد، نوێنەری پزیشکی دادی گەرمیان؛ و د. ستار سلیم حەسەن، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سۆران؛ هەروەها د. جەمیلە صالح حەمدئامین و د. دیلمان ئازاد خۆشناو، وەک پسپۆڕانی بوارەکەی پزیشکی دادی.
لە کۆتاییدا، دوای نزیکەی چوار کاتژمێر گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، توانرا دیدگا و پێشنیارە جیاوازەکان یەکبخرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕەشنووسی ڕێنمایییەکە بە شێوەیەکی وردتر و پڕۆفیشناڵتر پاکنووس بکرێت.

گەلەری

ڕاپۆرت