چالاکییەکان
کارگە، بەرنامەی جێبەجێ، کەمپینی خوێندەواری یاسایی و دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
- No matches
ئەنجامدانی سێیەمین دانیشتنی ڕاوێژکاری بۆ گەنگەشەکردنی توێژینەوەی یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی پرۆژەی «نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق»، کە بە پاڵپشتی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە پاڵپشتی UNDP هەڵساوە بە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی شیکاری لەژێر ناونیشانی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان – توێژینەوەیەکی شیکاری.» بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەکە و وەرگرتنی ڕاو و بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراوی لێکۆڵەر سێیەمین دانیشتنی ڕاوێژکاریی خۆی لە شاری دهۆک لە ڕێکەوتی ١٠/٩/٢٠٢٢ بەڕێوە برد. لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، ئازاد عەبدولقادەر وەلەدبەگی، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتە باسێکی لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و گرنگییەکەی پێشکەش کرد. پاشان، توێژەری پرۆژەکە، د. محەممەد ڕێکانی، تەوەرە جۆراوجۆرەکانی توێژینەوەکەی خستەڕوو و تیشکی خستە سەر یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. لە دانیشتنەکەدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دادوەران، ئەندامانی داواکاری گشتی، مامۆستایانی زانکۆ و بەرێوەبەرو بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان کرد، لەوانە دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن. لە ماوەی دانیشتنەکەدا، کۆمەڵێک لە کێشە و گرفتە پەیوەندیدارەکان بە یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ کران، هەروەها ژمارەیەک پێشنیار و بۆچوونی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی کارایی و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەم یاسا و دامەزراوانە خرانەڕوو.
بەشداری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە دانیشتنێکی ڕاوێژکاری لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لە ڕێکەوتی ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL)، بەشداریی لە دانیشتنێکی ڕاوێژکاری کرد کە لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ئیرڤین هیكس، کۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر. لە میانەی دانیشتنەکەدا، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها بارودۆخی ژنان و گەنجان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. شایانی باسە کە نوێنەرانی ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی تری هەرێمی کوردستانیش بەشداریی ئەم دانیشتنەیان کرد.
ئەنجامدانی چوارەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان
لە چوارچێوەی پرۆژەی «ڕێگری کردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەن ١٨ ساڵ»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا بە هاوبەشی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) جێبەجێ دەکرێت، چوارەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ ٢٣ مامۆستای ئایینی ئیسلامی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەڕێوەچوو. ئەم خولە بە ئامادەبوونی بەڕێز صباح محمد صالح، بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان، و مامۆستا حەمە ئەمین عەبدولقادر حوسێن، بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بەڕێوەچوو. لە سەرەتای خولەکەدا، ئاودێر ئەنوەر کریم، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەکی لەسەر پرۆژەکە و ئامانجەکانی پێشکەش کرد، هەروەها باس لەو ١٠ خولی هۆشیارییە یاساییە کرا کە بۆ مامۆستایانی ئایینی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن. دواتر، بەڕێز صباح محمد صالح وتەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی گەرمیانی پێشکەش کرد و جەختی لە گرنگی ئەم جۆرە خولانە کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانیاریی یاساییی مامۆستایانی ئایینی. هەروەها، مامۆستا حەمە ئەمین عەبدولقادر حوسێن لە وتەکەیدا جەختی لە گرنگی ئەم خولانە کردەوە و پێشنیاری بەردەوامکردنی ئەم جۆرە چالاکییە لە ناوچەکانی تری شاری گەرمیان کرد. پاشان، دادوەر بەدرالدین بەرزنجی خولی هۆشیارییە یاساییەکەی پێشکەش کرد و چەندین بابەتی یاسایی پەیوەندیدار بە ئامانجەکانی پرۆژەکەی تاوتوێ کرد. لە کۆتایی خولەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو و بەشداربووان پرسیار و بۆچوونەکانیان خستەڕوو و وەڵامی پێویستیان وەرگرتەوە.
ئەنجامدانی دووەم دانیشتنی ڕاوێژکاری بۆ گەنگەشەكردنی توێژینەوەی یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی پرۆژەی «نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق»، کە بە پاڵپشتی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە پاڵپشتی UNDP هەڵساوە بە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی شیکاری لەژێر ناونیشانی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان – توێژینەوەیەکی شیکاری.» بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەکە و وەرگرتنی ڕاو و بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراوی لێکۆڵەر دووەم دانیشتنی ڕاوێژکاریی خۆی لە شاری سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٧/٨/٢٠٢٢، بەڕێوە برد. لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، ئازاد عەبدولقادەر وەلەدبەگی، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەکی لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و گرنگییەکەی پێشکەش کرد. پاشان، توێژەری پرۆژە، د. محەممەد ڕێکانی، تەوەرە جۆراوجۆرەکانی توێژینەوەکەی خستەڕوو و باس لەو یاسا و دامەزراوانەی کرد کە لە هەرێمی کوردستان تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. لە دانیشتنەکەدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دادوەران، ئەندامانی داواکاری گشتی، مامۆستایانی زانکۆ، بەرێوەبەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لەوانە دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەشدارییان کرد. لە ماوەی دانیشتنەکەدا، کۆمەڵێک کێشە و گرفتە پەیوەندیدار بە یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ کران، هەروەها ژمارەیەک پێشنیار و بۆچوونی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی ڕۆڵ و کارایی ئەم یاسا و دامەزراوانە خرانەڕوو.
ئەنجامدانی دووەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
لە چوارچێوەی پرۆژەی «ڕێگری کردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەنی 18 ساڵ»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) جێبەجێ دەکرێت، دووەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ 23 مامۆستای ئایینی ئیسلامی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو. خولەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە د. پشتوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، و مامۆستا مەلا رسول گەزنەیی، کارگێڕی لقی سۆرانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بەڕێوەچوو. لە سەرەتای خولەکەدا، ئاودێر ئەنوەر کریم، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەکی لەسەر ئامانج و ناوەڕۆکی پرۆژەکە و ئەو 10 خولە هۆشیارییە یاساییانە پێشکەش کرد کە بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن. پاشان، د. پشتوان سرێشمەیی ووتەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە خولانە کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری یاسایی مامۆستایانی ئایینی. دواتر، مامۆستا مەلا ڕەسول گەزنەیی باس لە گرنگی بەردەوامبوونی ئەم خولانە کرد و پێشنیاری ئەوەی خستەڕوو کە لە ناوچەکانی دیکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەردەوام جێبەجێ بکرێن. لە دوای ئەوە، دادوەر بەدرالدین بەرزنجی دەستی بە پێشکەشکردنی بابەتەکانی خولەکە کرد. لە کۆتایی خولەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە، پرسیار و وەڵام، و گۆڕینەوەی ڕاو و بۆچوون لەنێوان بەشداربووان و مامۆستای خولەکە ئەنجامدرا.
گفتوگۆی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی كۆدی ڕێساكانی ڕەفتار بۆ پارێزەرانی کوردستان
بە مەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئامادەکردنی كۆدی ڕێساكانی ڕەفتار بۆ پارێزەرانی کوردستان، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەتی گفتوگۆی ڕێکخست، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕەشنووسەكەو و وەرگرتنی سەرنج و تێبینیی پسپۆڕان. لە دانیشتنەکەدا، بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، و د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، ئامادە بوون. سەرەتا، پێشەوا حسامالدین، پارێزەری ڕاوێژکار و بەرپرسی پڕۆژە، ووتەی بەخێرهاتن پێشکەش کرد و پوختەیەک لەسەر ئامانج، ناوەڕۆک و قۆناغەکانی پڕۆژەکە خستەڕوو. پاشان، بەختیار حیدر وەک سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ووتەی سەندیکای پێشکەش کرد. دواتر، تاوتوێکردنی وردی ماددەکانی ڕەشنووسەكە دەستی پێکرد، و سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانی پارێزەرانی ئامادەبوو یەک بە یەک تاوتوێ کران بۆ باشترکردنی دەقەکە. شایانی باسە ژمارەیەکی بەرچاو لە پارێزەرانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕ لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد، کە بەشدارییەکانیان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەكە. ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (National Endowment for Democracy – NED) جێبەجێ دەکرێت.
کردنەوەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک
لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادییە ئیلزامییەکان»، سەرلەبەیانی ٩ی ئابی ٢٠٢٢، ژووری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە. ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی هەریەک لە Lionel LAFORGUE، بەرپرسی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە کوردستان؛ دادوەر ڕەمەزان محمد، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆک؛ د. ئەفراسیاب، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک؛ د. نوزاد محمد، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک؛ ڕائید ولید، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک؛ هەروەها د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، و عەلی عبدالرحمن، بەڕێوەبەری پرۆژە، و هەکار ئامێدی، ڕێکخەری پرۆژە، بەڕێوەچوو. ئەم بۆنەیە ئەنجامدرا لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن، بە مەبەستی خێراکردنی و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان و بەهێزکردنی دەستگەیشتن بە دادپەروەرییەکی خێرا و کاریگەر. شایانی باسە پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادییە ئیلزامییەکان» لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، بۆ ماوەی چوار مانگە جێبەجێ کراوە. لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا، سەرجەم پێداویستییەکانی فەرمانگەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەکانی پزیشکی دادی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابین کراون. ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بە هاوکاری ئەنجوومەنی دادوەری، دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیمانگەکانی پزیشکی دادی، توانیویەتی ئەم پرۆژە گرنگە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات. ئەم پرۆژەیە ڕێکخستنی فۆرمی توێکاری تاوانلێکراوان لە تاوانەکانی کوشتن یان مردنی گوماناوی، هەروەها فۆرمەکانی پشکنینی تاوانەکانی توندوتیژی سێکسی لەخۆدەگرێت. شایانی باسە، بە پێی فەرمانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ژمارە (٨٨١) بە ڕێکەوتی ٢٨/٣/٢٠٢٢، بڕیار بە کردنەوەی ئەم فەرمانگانە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دراوە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە. لە ئێستاوە، داواکردنى و وەرگرتنی فۆرمی توێکاریی مردوو و نووسراوەکانی پشکنین لە تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ئەستۆی ئەم فەرمانگانەی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەبێت، و بنکەکانی پۆلیس ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانیان لەم فەرمانگانە وەردەگرنەوە.
سەردانی شاندێکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان
شاندێک لە ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، پێکهاتوو لە د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو، ئازاد عەبدولقادەر وەلەدبەگی، ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری، و پەرۆش فەرهاد قادر، ئەندامی بەشی کارگێڕیی ڕێکخراو، سەردانی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، کە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە ماوەی ئەم دیدارەدا، جگە لە پێشکەشکردنی کورتەیەک لە کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە چەندین ساڵی ڕابردوو، تیشک خرایە سەر دوا پرۆژەی ڕێکخراو، کە بریتییە لە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی شیکاری لەژێر ناونیشانی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی – توێژینەوەیەکی شیکاری». ئەم پرۆژەیە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و بە پاڵپشتی دارایی UNDP بۆ ماوەی پێنج مانگ جێبەجێ دەکرێت. لە بەرامبەردا، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان باسیان لە ئەرک و چالاکییەکانی لیژنەکە کرد وێڕای بەرز نرخاندنی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر، پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ ئەم پرۆژەیە دەربڕی و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە گرنگەدا.
ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی ڕاوێژکاری لە چوارچێوەی پرۆژەی نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق
لە چوارچێوەی پرۆژەی «نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق»، کە لەلایەن ڕێکخراوی UNDP جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە پاڵپشتی UNDP هەڵساوە بە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی شیکاری لەژێر ناونیشانی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی – توێژینەوەیەکی شیکاری». ماوەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە پێنج مانگە و لە ١/٧/٢٠٢٢ دەست پێدەکات و تا ٣٠/١١/٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت. لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پرۆژەکە و بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی ناوەرۆکی توێژینەوەکە، بڕیار دراوە سێ دانیشتنی ڕاوێژکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، بۆ وەرگرتنی ڕاو، بۆچوون و پێشنیارەکانیان سەبارەت بە میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان. یەکەم دانیشتنی ڕاوێژکاری لە ڕێکەوتی ٦/٨/٢٠٢٢ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بە بەشداری نوێنەرانی ژمارەیەک لە دامەزراوە حکومی و یاساییەکان، کەسایەتییە ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیایی. لەوانەش نوێنەرانی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان، دەستەی دەستپاکی، دادوەران، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج، یەکەی نەهێشتنی سپیکردنەوەی دراو لە وەزارەتی ناوخۆ، و یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان ئامادەبوون. لە کۆتایی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا، توێژینەوەکە لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی تایبەت بە شێوەی چاپکراو بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشکەش دەکرێت، بە مەبەستی پشتگیری لە گفتوگۆی نیشتمانی و پێشکەشکردنی پێشنیاری کردارى بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی سەروەری یاسا.
سەردان و پیرۆزبایی سەرۆك و جێگرانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر
سەر لە بەیانیی 2ی ئابی 2022، هەریەک لە د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، پێشەوا حسامالدین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، و ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراو، سەردانی هەریەک لە دادوەر فاخر صابر بايز، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، و دادوەر گەیلان خالد مصطفى و دادوەر نیگار ئەحمەد ئاغا ، جێگرانی سەرۆکی دادگاکەیان کرد، بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن لە بەڕێزان بە بۆنەی وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانیان، و هیوای سەرکەوتنیان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بۆ خواستن. لە بەرامبەردا، بەڕێزان سوپاسی وەفدی ڕێکخراوی لێکۆڵەریان کرد و ئاماژەیان بە گرنگی بوونی ڕێکخراوەکە و ڕۆڵی کاریگەری لە پاڵپشتی سەروەری یاسا و پەرەپێدانی دادپەروەری کرد، و دەستکەوت و چالاکییەکانی ڕێکخراو لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاکو ئێستایان بەرز نرخاند. لە میانەی دانیشتنەکەدا، چەندین بابەتی هەنووکەیی پەیوەندیدار بە کاری دادگاکان و شێوازەکانی باشترکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان تاوتوێ کران. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی کە لە دانیشتنەکەدا باس لێیان کرا، ببنە بنەمای ئامادەکردنی پرۆژەیەکی گرنگ لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر، تاکو دوای تەواوکردنی بخرێتە بەردەم سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر. هەروەها باس لە گیروگرفتەکانی لێکۆڵەرانی دادوەری کرا، و هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ژمارەی لێکۆڵەرانی دادوەری کەمە و پێویستە ماندووبوونیان لەبەرچاو بگیرێت. لەم پێناوەدا، چاوەڕاون دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە یاریدەدەرانی دادوەری ناونیشانیان بگۆڕدرێت بۆ پلەی لێکۆڵەری دادوەری، بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەموکوڕی ژمارەی لێکۆڵەران لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە. شایانی باسە دادوەر نیگار ئەحمەد ئاغا یەکەم ژنە دادوەرە لە ئاستی هەرێمی کوردستان کە بە شایستەیی توانیویەتی ئەم پۆستە بەرزە وەرگرێت. لە کۆتاییدا، جارێکی تر سوپاسی پێشوازیی گەرمی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین و هیوادارین هەمیشە لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیاندا سەرکەوتوو بن.
کردنەوەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی
لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە داديه ئیلزامییەکان»، لە ڕێکەوتی ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان Lionel LAFORGUE، بەرپرسی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە کوردستان؛ خاتوو ئەژی ئەمین، بەرپرسی بەشی GBV لە UNFPA؛ دادوەر کامەران نشأة، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی؛ دادوەر د. ئاوات حاجی، دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی؛ د. هێرش سلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی؛ د. بەرزان دارتاش، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی؛ د. صباح نصرالدین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی؛ د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون؛ و نقیب سەرکەوت ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی، و بە ئامادەبوونی بەڕێز علی عبدالرحمن، بەڕێوەبەری پرۆژە؛ هەکار ئامێدی، ڕێکخەری پرۆژە و ڕێکخەری کار و کاروباری ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی لە پارێزگای سلێمانی؛ خاتوو نسار کمال، لێکۆڵەری دادوەری لە فەرمانگەی پزیشکی دادوەری لە سلێمانی؛ و بەڕێز یادگار جەلال، ئەندامی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی ڕێکخراو، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە. كردنەوەی ئەم فەرمانگەیە، ئامانج لێی خێراکردن و ڕێکخستنی پرۆسەی کار و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان، و هەروەها بە مەبەستی خێراکردن و ڕایی کردنی ئیش و کارى هاولاتيان و گەیشتن بە دادپەروەرى خێرا. شایانی باسە پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە داديه ئیلزامییەکان»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی و بە هاوبەشی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) بۆ ماوەی چوار مانگ جێبەجێ کراوە، دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی فەرمانگەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەکانی پزیشکی دادوەریی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەشێک بووە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە. لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە و بە هاوکاری ئەنجوومەنی دادوەری، دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیمانگەکانی پزیشکی دادوەریی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ڕێکخراوی لێکۆڵەر توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکات. دەرەنجامی ئەم پڕۆژەیە بریتی بوو لە كارئاسانی بۆ ڕێکخستنی فۆرمی توێکاری تاوانلێکراوان لە تاوانەکانی کوشتن یان مردنی گوماناوی، هەروەها ئەو پشکنینانەی کە لە تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسی ئەنجام دەدرێن، لە چوارچێوەی ئەم فەرمانگانەدا جێبەجێ بكرێن. شایانی ئاماژەپێکردنە کە بە فەرمانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بە ژمارە (٨٨١) لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢، دروستکردنەوە و بەکارخستنی ئەم فەرمانگانە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بڕیاری لەسەر دراوە. هەروەها، لەمەودوا داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە فۆرمی توێکاریی مردوو و نووسراوەکانی پشکنین لە تاوانەکانی دەستدرێژیی سێکسی (اغتصاب)، لە ئەستۆ و تایبەتمەندیی ئەو فەرمانگانەی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەبێت، و بنکەکانی پۆلیس ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانی خۆیان لەم فەرمانگانە وەردەگرنەوە.
سەردانی وەفدێکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ لای بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ
وەفدێکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بە سەرۆکایەتی د. ئەحمەد محەمەد ئەمین عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو، و بە ئەندامێتی پێشەوا حوسامەدین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن؛ هەکار سعید، بەرپرسی دارایی؛ و ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراو، سەردانی بەڕێز د. هێمن میران، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی کرد. ئەم سەردانە بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە بەڕێزیان بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام درا. لە میانەی دیدارەکەدا، چەندین تەوەر و بابەتی گرنگ تاوتوێ کران کە پێویستە لە داهاتوودا بە شێوەیەکی جدی لەسەر کاریان بکرێت. لە گرنگترین ئەو بابەتانەش، کارکردن لەسەر کۆمەڵێک پرۆژەی هەنووکەیی و گرنگ بوو کە دەتوانن خزمەت بە پێویستییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بکەن. شایانی باسە بەڕێزیان گوێی لە پێشنیار و بۆچوونەکان گرت و گفتوگۆ و تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکان تاوتوێ كرا. لە کۆتاییدا، گفتوگۆ لەسەر چاکسازی، بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی کار و تواناکانی دامەزراوە پۆلیسی و دادوەرییەکان کرا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی زیاتر لە ئاست و تواناکانیان و خزمەتکردنی باشتری کۆمەڵگا.