لە چوارچێوەی پرۆژەی «ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی و هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپایی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، لە ڕێکەوتی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دانیشتنێکی ڕاوێژکاری بۆ کۆمەڵێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکخست.
لە چوارچێوەی ئەم دانیشتنەدا، بەڕێز ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پرۆژەکە، ئامارێکی وردی پێشکەش کرد کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەرەوە ئامادە کرابوو. ئەم ئامارە پەیوەندی بە کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیریی ئەنجامدراو لە دادگاکانی باری کەسی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ هەبوو، لەگەڵ تیشکخستنە سەر ئەو گرێبەستانەی هاوسەرگیری کە بۆ کەسانی کەمتر لە ١٨ ساڵ بە مۆڵەتی دادگا ئەنجام درابوون.
دواتر، بەڕێز دادوەر بدرالدین بەرزنجی، ڕاوێژکاری ڕێکخراو، بەراوردێکی وردی یاسای باری کەسی لە هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی پێشکەش کرد لەبارەی کەمترین تەمەنی دیاریکراو بۆ هاوسەرگیری. هەروەها، ڕەشنووسی پێشنیارکراوی هەموارکردنی یاسای باری کەسی، سەبارەت بەو ماددانەی پەیوەندیدارن بە ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی کەمتر لە ١٨ ساڵ، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەرەوە ئامادە کرابوو، خستەڕوو.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و بەشداری بۆ ئامادەبووان کرایەوە و بەشێکی زۆر لە بەشداربووان بە تێبینی و سەرنجەکانیان بەشدارییان کرد. گوێ لە ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان بە ڕێزەوە گیرا و بەشداربوون لە دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەکە.
دانیشتنی ڕاوێژکاری لەسەر پڕۆژەی ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی کەمتر لە تەمەنی ١٨ ساڵ
عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر
June 14, 2022
79 views