لە چوارچێوەی پڕۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، بە هاوکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی هەرێمی ئەورووپا بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢، یەکەمین خولی «پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی چەکداردا» لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.
لە خولەکەکەدا، کۆمەڵێک بەشداربوو لە دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان کرد، کە پێکهاتبوون لە لێکۆڵەرانی دادوەری سەر بە ئەنجوومەنی دادوەری، پارێزەرانی سەر بە سەندیکای پارێزەران، پزیشک و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و وانەکان لەلایەن ڕاهێنەر د. ئەحمەد میران، دکتۆرا لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان، پێشکەش کران.
لە ڕۆژی یەکەمدا، بابەتەکانی پەیوەندیدار بە فەلسەفەی جەنگ، تاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانە سێکسییەکان و بەرپرسیارێتییەکان لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران.
لە ڕۆژی دووەمدا، پێناسە و چەمکی توندوتیژی سێکسی و جۆرە سەرەکییەکانی تاوانە سێکسییەکان، هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەم جۆرە تاوانانە و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە پەیوەندیدارەکان، تاوتوێ کران.
لە بەشێکی تری خولەکەدا، د. تمارة أبلحد ساكا، پزیشکی دادی لە بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادی دهۆک، بۆ ماوەی کاتژمێرێک باسێکی تایبەتی لەسەر شێوازی پشکنین و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتانە پێشکەش کرد کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لەلایەن دادگا بۆ پزیشکی دادوەری دهۆکەوە ڕەوانە دەکرێن.
دواتر ڕاهێنان بە بەشداربووان كرا بە ڕێگەی هەندێ چالاكی كرداری و بەشێوەی گرووپ بۆ تێگەیشتن و بەكرداریكردنی پڕۆتۆکۆلی نێودوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سێکسی. پاشان هەریەکەیان بە ووردی تێگەیشتنی خۆی لەم روانگەوە بۆ ئامادەبووان شڕۆڤەکرد.
شایانی باسە هەمان خول لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی ئەنجام دراوە، و بڕیار وایە لە مانگی داهاتووی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە شاری هەولێر بۆ هەمان چین و توێژ ئەنجام بدرێت.
ئەنجامدانی یەکەمین خول لە بارەی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە سێکسییەکان لە کاتی ململانێی چەکداردا
عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک
May 24, 2022 – May 25, 2022
43 views