سەر لە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی تەمموزی ٢٠٢٢، لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە.
ئەم بۆنەیە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان: دادوەر گیلان خالد مصطفى، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر؛ Lionel LAFORGUE، بەرپرسی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە کوردستان؛ خاتوو ئەژی ئەمین، بەرپرسی بەشی (GBV) لە سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA)؛ د. یاسین کریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر؛ و بەڕێوەبەری پرۆژە، بەڕێز علی عبدالرحمن، بەڕێوەچوو.
لە لایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسیش، بەڕێزان: لێکۆڵەری دادوەری کامەران نشأة، ئەندامی ئەنجوومەنی ئەمینداران؛ هەکار سعید سلیم، بەرپرسی کارگێڕی و دارایی؛ و ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکان، ئامادە بوون.
لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی، ژووری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر کرایەوە، بە مەبەستی خێراکردن و ڕێکخستنی پرۆسەی کار و ئاسانکاری بۆ خەڵک، و هەروەها بە مەبەستی بەهێزکردنی دەستگەیشتن بە دادپەروەرییەکی خێرا و کاریگەر.
شایانی باسە پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە ئیلزامییەکان»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی و بە هاوبەشی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) بۆ ماوەی چوار مانگ جێبەجێ کراوە، کردنەوە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی فەرمانگەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەکانی پزیشکی دادی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بەشێک بووە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە.
ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بە هاوکاری ئەنجوومەنی دادوەری، دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیمانگەکانی پزیشکی دادی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، توانیویەتی ئەم هەنگاوە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.
شایانی باسە لەمەودوا، داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە فۆرمی توێکاریی مردوو و نووسراوەکانی پشکنین لە تاوانەکانی دەستدرێژیی سێکسی (اغتصاب)، لە ئەستۆی ئەم فەرمانگانەی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەبێت. هەروەها، بنکەکانی پۆلیس ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانی خۆیان لەم فەرمانگانە وەردەگرنەوە.