لە چوارچێوەی پرۆژەی «ڕێگری کردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەنی 18 ساڵ»، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP) جێبەجێ دەکرێت، دووەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ 23 مامۆستای ئایینی ئیسلامی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو.
خولەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە د. پشتوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، و مامۆستا مەلا رسول گەزنەیی، کارگێڕی لقی سۆرانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای خولەکەدا، ئاودێر ئەنوەر کریم، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەکی لەسەر ئامانج و ناوەڕۆکی پرۆژەکە و ئەو 10 خولە هۆشیارییە یاساییانە پێشکەش کرد کە بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.
پاشان، د. پشتوان سرێشمەیی ووتەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە خولانە کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری یاسایی مامۆستایانی ئایینی.
دواتر، مامۆستا مەلا ڕەسول گەزنەیی باس لە گرنگی بەردەوامبوونی ئەم خولانە کرد و پێشنیاری ئەوەی خستەڕوو کە لە ناوچەکانی دیکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەردەوام جێبەجێ بکرێن.
لە دوای ئەوە، دادوەر بەدرالدین بەرزنجی دەستی بە پێشکەشکردنی بابەتەکانی خولەکە کرد. لە کۆتایی خولەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە، پرسیار و وەڵام، و گۆڕینەوەی ڕاو و بۆچوون لەنێوان بەشداربووان و مامۆستای خولەکە ئەنجامدرا.
ئەنجامدانی دووەم خولی هۆشیاری یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر، سۆران
August 21, 2022
87 views