بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

کردنەوەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک

عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک August 9, 2022 1 views
لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادییە ئیلزامییەکان»، سەرلەبەیانی ٩ی ئابی ٢٠٢٢، ژووری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە.
ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی هەریەک لە Lionel LAFORGUE، بەرپرسی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە کوردستان؛ دادوەر ڕەمەزان محمد، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆک؛ د. ئەفراسیاب، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک؛ د. نوزاد محمد، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادی دهۆک؛ ڕائید ولید، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک؛ هەروەها د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، و عەلی عبدالرحمن، بەڕێوەبەری پرۆژە، و هەکار ئامێدی، ڕێکخەری پرۆژە، بەڕێوەچوو.
ئەم بۆنەیە ئەنجامدرا لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن، بە مەبەستی خێراکردنی و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان و بەهێزکردنی دەستگەیشتن بە دادپەروەرییەکی خێرا و کاریگەر.
شایانی باسە پرۆژەی «پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە پزیشکییە دادییە ئیلزامییەکان» لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی ئەورووپی هەرێمی بۆ گەشەپێدان و پاراستن (RDPP)، بۆ ماوەی چوار مانگە جێبەجێ کراوە.
لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا، سەرجەم پێداویستییەکانی فەرمانگەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە پەیمانگەکانی پزیشکی دادی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابین کراون. ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بە هاوکاری ئەنجوومەنی دادوەری، دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیمانگەکانی پزیشکی دادی، توانیویەتی ئەم پرۆژە گرنگە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.
ئەم پرۆژەیە ڕێکخستنی فۆرمی توێکاری تاوانلێکراوان لە تاوانەکانی کوشتن یان مردنی گوماناوی، هەروەها فۆرمەکانی پشکنینی تاوانەکانی توندوتیژی سێکسی لەخۆدەگرێت. شایانی باسە، بە پێی فەرمانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ژمارە (٨٨١) بە ڕێکەوتی ٢٨/٣/٢٠٢٢، بڕیار بە کردنەوەی ئەم فەرمانگانە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دراوە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە.
لە ئێستاوە، داواکردنى و وەرگرتنی فۆرمی توێکاریی مردوو و نووسراوەکانی پشکنین لە تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ئەستۆی ئەم فەرمانگانەی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەبێت، و بنکەکانی پۆلیس ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانیان لەم فەرمانگانە وەردەگرنەوە.

گەلەری

ڕاپۆرت