بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

گفتوگۆی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی كۆدی ڕێساكانی ڕەفتار بۆ پارێزەرانی کوردستان

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر August 14, 2022 60 views
بە مەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئامادەکردنی كۆدی ڕێساكانی ڕەفتار بۆ پارێزەرانی کوردستان، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەتی گفتوگۆی ڕێکخست، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕەشنووسەكەو و وەرگرتنی سەرنج و تێبینیی پسپۆڕان.
لە دانیشتنەکەدا، بەختیار حیدر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، و د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، ئامادە بوون.
سەرەتا، پێشەوا حسام‌الدین، پارێزەری ڕاوێژکار و بەرپرسی پڕۆژە، ووتەی بەخێرهاتن پێشکەش کرد و پوختەیەک لەسەر ئامانج، ناوەڕۆک و قۆناغەکانی پڕۆژەکە خستەڕوو. پاشان، بەختیار حیدر وەک سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ووتەی سەندیکای پێشکەش کرد.
دواتر، تاوتوێکردنی وردی ماددەکانی ڕەشنووسەكە دەستی پێکرد، و سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانی پارێزەرانی ئامادەبوو یەک بە یەک تاوتوێ کران بۆ باشترکردنی دەقەکە.
شایانی باسە ژمارەیەکی بەرچاو لە پارێزەرانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕ لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد، کە بەشدارییەکانیان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەكە.
ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (National Endowment for Democracy – NED) جێبەجێ دەکرێت.

گەلەری

ڕاپۆرت