لە چوارچێوەی پرۆژەی «نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق»، کە بە پاڵپشتی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە پاڵپشتی UNDP هەڵساوە بە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی شیکاری لەژێر ناونیشانی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان – توێژینەوەیەکی شیکاری.»
بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەکە و وەرگرتنی ڕاو و بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراوی لێکۆڵەر سێیەمین دانیشتنی ڕاوێژکاریی خۆی لە شاری دهۆک لە ڕێکەوتی ١٠/٩/٢٠٢٢ بەڕێوە برد.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، ئازاد عەبدولقادەر وەلەدبەگی، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتە باسێکی لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و گرنگییەکەی پێشکەش کرد. پاشان، توێژەری پرۆژەکە، د. محەممەد ڕێکانی، تەوەرە جۆراوجۆرەکانی توێژینەوەکەی خستەڕوو و تیشکی خستە سەر یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لە دانیشتنەکەدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دادوەران، ئەندامانی داواکاری گشتی، مامۆستایانی زانکۆ و بەرێوەبەرو بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان کرد، لەوانە دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.
لە ماوەی دانیشتنەکەدا، کۆمەڵێک لە کێشە و گرفتە پەیوەندیدارەکان بە یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ کران، هەروەها ژمارەیەک پێشنیار و بۆچوونی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی کارایی و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەم یاسا و دامەزراوانە خرانەڕوو.
ئەنجامدانی سێیەمین دانیشتنی ڕاوێژکاری بۆ گەنگەشەکردنی توێژینەوەی یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان
عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک
September 10, 2022
41 views