لە چوارچێوەی پرۆژەی «نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق»، کە لەلایەن ڕێکخراوی UNDP جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) بە پاڵپشتی UNDP هەڵساوە بە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی شیکاری لەژێر ناونیشانی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی – توێژینەوەیەکی شیکاری».
ماوەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە پێنج مانگە و لە ١/٧/٢٠٢٢ دەست پێدەکات و تا ٣٠/١١/٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پرۆژەکە و بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی ناوەرۆکی توێژینەوەکە، بڕیار دراوە سێ دانیشتنی ڕاوێژکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، بۆ وەرگرتنی ڕاو، بۆچوون و پێشنیارەکانیان سەبارەت بە میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.
یەکەم دانیشتنی ڕاوێژکاری لە ڕێکەوتی ٦/٨/٢٠٢٢ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بە بەشداری نوێنەرانی ژمارەیەک لە دامەزراوە حکومی و یاساییەکان، کەسایەتییە ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیایی. لەوانەش نوێنەرانی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان، دەستەی دەستپاکی، دادوەران، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج، یەکەی نەهێشتنی سپیکردنەوەی دراو لە وەزارەتی ناوخۆ، و یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان ئامادەبوون.
لە کۆتایی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا، توێژینەوەکە لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی تایبەت بە شێوەی چاپکراو بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشکەش دەکرێت، بە مەبەستی پشتگیری لە گفتوگۆی نیشتمانی و پێشکەشکردنی پێشنیاری کردارى بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی سەروەری یاسا.
ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی ڕاوێژکاری لە چوارچێوەی پرۆژەی نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق
عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر
August 6, 2022
41 views