لە چوارچێوەی پرۆژەی «نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق»، کە بە پاڵپشتی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە پاڵپشتی UNDP هەڵساوە بە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی شیکاری لەژێر ناونیشانی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان – توێژینەوەیەکی شیکاری.»
بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەکە و وەرگرتنی ڕاو و بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراوی لێکۆڵەر دووەم دانیشتنی ڕاوێژکاریی خۆی لە شاری سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٧/٨/٢٠٢٢، بەڕێوە برد.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، ئازاد عەبدولقادەر وەلەدبەگی، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەکی لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و گرنگییەکەی پێشکەش کرد. پاشان، توێژەری پرۆژە، د. محەممەد ڕێکانی، تەوەرە جۆراوجۆرەکانی توێژینەوەکەی خستەڕوو و باس لەو یاسا و دامەزراوانەی کرد کە لە هەرێمی کوردستان تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لە دانیشتنەکەدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دادوەران، ئەندامانی داواکاری گشتی، مامۆستایانی زانکۆ، بەرێوەبەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لەوانە دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەشدارییان کرد.
لە ماوەی دانیشتنەکەدا، کۆمەڵێک کێشە و گرفتە پەیوەندیدار بە یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ کران، هەروەها ژمارەیەک پێشنیار و بۆچوونی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی ڕۆڵ و کارایی ئەم یاسا و دامەزراوانە خرانەڕوو.
ئەنجامدانی دووەم دانیشتنی ڕاوێژکاری بۆ گەنگەشەكردنی توێژینەوەی یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان
عێراق، هەرێمی کوردستان، سلێمانی
August 27, 2022
40 views