سەر لە بەیانیی 2ی ئابی 2022، هەریەک لە د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، پێشەوا حسامالدین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، و ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراو، سەردانی هەریەک لە دادوەر فاخر صابر بايز، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، و دادوەر گەیلان خالد مصطفى و دادوەر نیگار ئەحمەد ئاغا ، جێگرانی سەرۆکی دادگاکەیان کرد، بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن لە بەڕێزان بە بۆنەی وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانیان، و هیوای سەرکەوتنیان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بۆ خواستن.
لە بەرامبەردا، بەڕێزان سوپاسی وەفدی ڕێکخراوی لێکۆڵەریان کرد و ئاماژەیان بە گرنگی بوونی ڕێکخراوەکە و ڕۆڵی کاریگەری لە پاڵپشتی سەروەری یاسا و پەرەپێدانی دادپەروەری کرد، و دەستکەوت و چالاکییەکانی ڕێکخراو لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاکو ئێستایان بەرز نرخاند.
لە میانەی دانیشتنەکەدا، چەندین بابەتی هەنووکەیی پەیوەندیدار بە کاری دادگاکان و شێوازەکانی باشترکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان تاوتوێ کران. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی کە لە دانیشتنەکەدا باس لێیان کرا، ببنە بنەمای ئامادەکردنی پرۆژەیەکی گرنگ لەلایەن ڕێکخراوی لێکۆڵەر، تاکو دوای تەواوکردنی بخرێتە بەردەم سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر.
هەروەها باس لە گیروگرفتەکانی لێکۆڵەرانی دادوەری کرا، و هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ژمارەی لێکۆڵەرانی دادوەری کەمە و پێویستە ماندووبوونیان لەبەرچاو بگیرێت. لەم پێناوەدا، چاوەڕاون دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە یاریدەدەرانی دادوەری ناونیشانیان بگۆڕدرێت بۆ پلەی لێکۆڵەری دادوەری، بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەموکوڕی ژمارەی لێکۆڵەران لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە.
شایانی باسە دادوەر نیگار ئەحمەد ئاغا یەکەم ژنە دادوەرە لە ئاستی هەرێمی کوردستان کە بە شایستەیی توانیویەتی ئەم پۆستە بەرزە وەرگرێت.
لە کۆتاییدا، جارێکی تر سوپاسی پێشوازیی گەرمی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین و هیوادارین هەمیشە لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیاندا سەرکەوتوو بن.
سەردان و پیرۆزبایی سەرۆك و جێگرانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر
عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر
August 2, 2022
1 views