لە ڕۆژانی ١١–١٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بەشداری کۆنگرەی هەرێمی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، کە لە شاری بەیروت – لوبنان بەڕێوەچوو و تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆ لەسەر پڕۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی پەیوەست بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و شێوازەکانی تری مامەڵە یان سزای توند، نامرۆیی یان چەوسێنەرانە.
لە ماوەی هەردوو ڕۆژی کۆنگرەکەدا، ژمارەیەک گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوونی بەرهەمدار ئەنجامدرا لەسەر گرنگترین ئاڵنگارییەکان و نموونە سەرکەوتووەکانی میکانیزمە نیشتمانییەکانی پێشگرتن لە ئەشکەنجە لە وڵاتانی عەرەبی. هەروەها باس لە ڕۆڵی میکانیزمە هەرێمییەکان کرا لە پشتیوانیکردنی دەوڵەتانی ئەندام و شێوازەکانی تەواوکردنی هاوکارییان لەگەڵ میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.
کۆنگرەکە بە پێشکەشکردنی پێشنیارێک کۆتایی هات بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی عەرەبی بۆ هاندانی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەئەندامبوون لە پڕۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی پەیوەست بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە.
لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، د. ئەحمەد میران چاوی كەوت بە خاتوو سۆزان جبوور، سەرۆکی لیژنەی لاوەکی بۆ پێشگیری لە ئەشکەنجەی کرد، کە تێیدا ئامادەیی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی بۆ هاوکاری و پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری هۆشیارکردنەوە و بنیاتنانی توانا لەم بوارەدا دەربڕی.
هەروەها، لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، چاوی كەوت بە خاتوو گوڵشەن ساغلام، سەرۆکی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بەسمە، کە یەکێکە لە ڕێکخراوە چالاکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لوبنان، گفتوگۆ لەسەر هەلی هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون لەنێوان هەردوو لایەن کرا.
بەشداری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لە کۆنگرەی هەرێمی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان
بەیروت، لوبنان
January 11, 2023 – January 12, 2023
88 views