ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق" بە پاڵپشتیی دارایی ڕێکخراوی (NPA)ی نەرویجی ئەنجام درا.
ئەم زنجیرە ڕاهێنانە لەژێر ناونیشانی "مافە دەستووری و یاساییەکانی تۆمەتبار بەپێی یاساکانی عێراق" بە سەرکەوتوویی و بە بەشدارییەکی کارای ئامادەبووان لە پارێزگاکانی باشووری عێراق جێبەجێ کرا. ڕاهێنانەکان لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە پارێزگای دیوانیە، لە ١٩ی تشرینی یەکەم لە پارێزگای میسان (عەمارە)، وە لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە پارێزگای زیقار (ناسڕیە) بەڕێوەچوون.
لە میانەی ڕاهێنانەکاندا تیشک خرایە سەر چەندین تەوەری گرنگ و بنەڕەتی، لەوانە شیکردنەوەی ماف و ئازادییەکان لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، بنەماکانی مامەڵەکردن لە یاسای سزادانی عێراقی، و سنووری دەسەڵاتەکان لە یاسای ئەرکەکانی پۆلیس لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان. هەروەها گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی ڕێکارەکانی دەستگیرکردن لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی و مەرجەکانی بەرزکردنەوەی سکاڵا لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدراڵی کرا.