بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان، نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی دادوەری، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، وەزارەتی داد، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان،سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، نوێنەری ئەنجومەنی رۆحانی یەزیدییەکان، چالاکوان و توێژەرانی کۆمەڵگەی یەزیدی،ئەکادیمیست و نوێنەرانی ڕێکخراوکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
ئەم کۆنفرانسە وەک بەشێک لە چالاکییەکانی پرۆژەی «بونیادنانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا» ، بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی UPPی ئیتاڵی و (FCDO) بەریتانی بەڕێوەچوو.
ئامانجی ئەم کۆنفرانسە تاوتوێکردنی لایەنە شەرعی و یاسایییەکانی ئەم پرسە و خستنەڕووی ئاڵنگارییەکان و دەستنیشانکردنی چارەسەری گونجاوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ئەم منداڵانە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پێکەوەژیان و سەقامگیری کۆمەڵایەتییدا.
لە میانەی کۆنفرانسەکەدا، بەڕێز د. دیندار زیباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ووتارێکی پێشکەشکرد کە تیایدا تیشکی خستە سەر لایەنە جیاوازەکانی ئەم کێشەیە و ئاماژەی بۆ بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقی کرد لە دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی تایبەت بەم پرسە.
پاشان بە ڕێز د. عبداللە سعید ویسی کورتەیەکی تایبەت بە توێژینەوەکەی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئایینی دایک بۆ منداڵ لە کاتی نەبوونی باوکدا لە ڕوانگەی شەرعییەوە خستەڕوو.
پاشان دادوەری خانەنشین قاضی سالم روضان، هەستا بە پێشکەشکردنی کورتەییەک لە توێژینەوەکەی تایبەت بە "ڕەهەندەکانی دادگای عیراق و سیاسەتی یاسادانان دەربارەی ئازادی هەڵبژاردنی ئایینی لە تەمەنی پێگەییشتندا"
پاشان دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان بە ڕاو سەرنج و تێبینییەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.