لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بەهێزکردنی سەروەریی یاسا»، لە ڕۆژی ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەریی یاسا و دیموکراسی (IOL) سیمینارێکی تایبەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەژێر ناونیشانی »ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و پلانی جێبەجێکردنی لاوەکیی وەزارەتەکان «بەڕێوەبرد. سیمینارەکە بە بەشداریی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئاستی بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکان، ئەنجامدرا.
لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی وتەیەکی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییە یاساییانە کردەوە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان.
لە بەشی سەرەکیی سیمینارەکەدا، ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر پڕۆژەکە، ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوەوە پێشکەش کرا. هەروەها، گرنگیی پلانە جێبەجێکارییە لاوەکییەکانی وەزارەتەکان و ڕۆڵی دامەزراوەکان لە جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی خرایەڕوو .
وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر بەشداریی کارا و بەردەوامی خۆی لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا کردەوە. لەم پێناوەدا، وەزارەت نوێنەرێکی تایبەتی بۆ بەشداری لە پڕۆژەکە دیاری کردووە کە نوێنەرایەتیی تیمی نیشتمانیی سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها لیژنەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون و هەماهەنگیی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە پێکهێناوە.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی کرداریی ستراتیژیی نیشتمانیی سەروەریی یاسا.