بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

وۆرکشۆپی ئامادەکردنی پلانە لاوەکییەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتیمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

هەولێر August 1, 2026 – August 2, 2026 68 views
لە ڕۆژانی ١ و ٢ی ئابی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری ڕێکخراوی هاوکاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژەی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد، بۆ ئامادەکردنی پلانە لاوەکییەکانی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیشتیمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق (٢٠٢٥–٢٠٢٩).
لە وۆرکشۆپەکەدا نوێنەران و تیمەکانی وەزارەتی داد، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پلاندانان، دەستەی دەستپاکی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ بەشدارییان کرد.
لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا، خاتوو شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد و جێگری سەرۆکی تیمی نیشتیمانی بەهێزکردنی سەروەری یاسا، جەختی لەسەر هاوبەشی نیشتیمانی لە داڕشتنی ستراتیژییەکە و گرنگیی بەهێزکردنی دادپەروەری و سەروەری یاسا کرد. هەروەها، بەڕێز فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی ناوەڕۆکی ستراتیژییەکە و دانانی پلانێکی جێبەجێکردنی تایبەت بە هەرێمدا ڕۆڵی گرنگی هەبوو. د. محەممەد ئەلتەمیمی، شارەزای بواری نێودەوڵەتی، ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر ناوەڕۆک، ئامانج و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە پێشکەش کرد.
لە ڕۆژی دووەمدا، تیمەکانی دامەزراوە بەشداربووەکان پلانە لاوەکییەکانیان پێشکەش کرد و لەسەر ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان گفتوگۆیان کرد. وۆرکشۆپەکە بە جەختکردنەوە لەسەر هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەموو وەزارەت و دامەزراوەکان وەک بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنی پڕۆژەكە كۆتایی هات.

گەلەری

ڕاپۆرت