ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پشتگیریکردن و پەرەپێدانی سەروەری یاسا و دیموکراسی، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی دادگای تاوان (جنایات)ی تر لە هەرێمی کوردستان.
لە چوارچێوەی پرۆژەی پشتگیریکراو لەلایەن National Endowment for Democracy (NED)، ڕێکخراوەکە سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ بەڕێز هەلگورد شێخ نجیب، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، و جێگری سەرۆکی ئیدارەکە ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی ورد لەسەر پێویستی و گرنگی دامەزراندنی دادگای تاوان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرا. هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگی ئەم هەنگاوە و پێویستی بۆ پشتیوانیی یاسایی و دامەزراوەیی كردەوە.
لە درێژەی سەردانەکەدا، سەردانی دادگای بەرایی سۆران کرا، و لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە داوای داتای پەیوەندیدار بە ئەو کێشانەی جنایات کرا کە لە ساڵی 2025 ـدا رەوانەکراون بۆ دادگای تاوانی هەولێر.
ئەو سەردانە بەشێک بوو لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکە، درێژكراوەی هەوڵەكانی پێشوو بوو كە تیایدا سەردانی چەندین ناوچەی تر كراوە، لەوانە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ هەمان ئامانج: پشتگیریکردنی دادپەروەری و پەرەپێدانی دامەزراوە یاساییەکان.
سەردانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
سۆران
June 26, 2026
128 views