بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

کۆبوونەوەی تیمی نیشتمانی بۆ ستراتیژییەتی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا

عێراق، بەغدا September 14, 2026 219 views

لە چوارچێوەی پرۆژەی بەهێزکردنی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بە پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) جێبەجێ دەکرێت، تیمی نیشتمانی بۆ ئامادەکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری (٢٠٢٥–٢٠٢٩) کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی ستراتیژییەتەکە ئەنجام دا.

کۆبوونەوەکە لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە دیوانی وەزارەتی داد لە بەغدا، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەڕێز د. خالید شوانی، وەزیری داد و سەرۆکی تیمی نیشتمانی، بەڕێوەچوو. هەروەها، جێگرەکانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی تیم، د. بورهان مەزھەر قەیسی، بریکاری وەزارەتی داد بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، و خاتوو شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەندامانی تیمەکە لە هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی وەزارەتی داد، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتی پلاندانان و دەستەی دەستپاکیی هەرێم، لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی لێکۆڵەر بەشدارییان کرد.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پێداچوونەوەی کۆتایی بە پلانی سەرەکیی جێبەجێکردن و تاوتوێکردنی ئەو سەرنج و پێشنیارانەی لەسەر پلانەکە پێشکەش کرابوون.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە وتەیەکی وەزیری داد دەستی پێکرد. دواتر، هەردوو جێگری سەرۆکی تیم ڕاپۆرتێکیان لەسەر دوا بەرەوپێشچوونەکانی ستراتیژیەتەکە، ڕێژەی جێبەجێکردن و هەنگاوە پێشبینیکراوەکانی ساڵانی داهاتوو پێشکەش کرد. دواتر، نوێنەری ڕێکخراوی لێکۆڵەر ڕاپۆرتێکی لەسەر پڕۆژەکە و پلانی جێبەجێکردنی لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٥–٢٠٢٩ پێشکەش کرد، کە تێیدا ئەرکەکان، دەستپێشخەرییەکان و چالاکییەکانی هەر لایەنێک بۆ ئەو ماوەیە دیاری کرابوون.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەوە کرایەوە کە ستراتیژییەتی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پێشخستنی کرداری سەروەری یاسا لە عێراق و چەسپاندنی بنەماکانی کارکردنی دامەزراوەیی، هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی حکومەت و یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، جێبەجێدەكرێت.

هەروەها، ئاماژە بەوە کرا کە ستراتیژیەتەکە ئامانج لێی بەهێزکردنی پێگەی عێراقە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەگەڵ بەشداری‌کردن لە بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بە هاووڵاتیان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری.


گەلەری

ڕاپۆرت