بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سێیەم سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێبەری ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو

سلێمانی June 20, 2026 126 views
لە چوارچێوەی پرۆژەی پشتگیریکراو لەلایەن ڕێكخراوی National Endowment for Democracy (NED)، ڕۆژی 20/6/2026 کۆبوونەوەی سێیەمی ڕاوێژکاری لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بە مەبەستی پێداچوونەوە و تاوتوێکردنی ڕەشنووسی ڕێبەری (ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان).
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی 16 دادوەر و داواکاری گشتی، هەروەها بەشداری ڕاوێژکارانی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەران و بەرپرسانی نوسینگەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و ڕێکخەری پرۆژەکە لە ئەنجوومەنی دادوەری، بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز دادوەر بەدرالدین کریم بەرزنجی، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پالپشتی سەروەری یاسا، وتەی پێشوازی و دەستپێکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی کرد.
پاشان، بەڕێز دادوەر کامەران ڕەسوڵ سەعید، نوێنەری دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، وتاری دادگاکەی پێشکەش کرد و سوپاسی ڕێکخراوی لێکۆڵەری کرد بۆ ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە.
هەروەها، بەڕێز داواکاری گشتی فاروق قادر ئەحمەد، نوێنەری دەزگای داواکاری گشتی سلێمانی، وتاری دەزگاکەی خۆی پێشکەش کرد و گرنگی ئەم هەنگاوەی لە پەرەپێدانی کار و ڕێکارەکانی دادگا سزاییەکاندا خستەڕوو.
شایانی باسە کە لە ماوەی کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکەدا، ڕەشنووسی ڕێبەری «ڕێکارەکان لە دادگا سزاییەکان» لەلایەن بەڕێز دادوەری خانەنشین ڕەحیم عەگەیلی پێشکەش و خرایە بەردەم بەشداربووان. دواتر، بەشداربووان سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانیان لەسەر ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە خستەڕوو، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی دەقەکە و دڵنیابوون لە گونجان و کارایی ڕێکارە پێشنیارکراوەکان لە چوارچێوەی کارکردنی دادگا سزاییەکان.

گەلەری

ڕاپۆرت