بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL
پوختە

دۆخی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان – هەواڵنامە، ژمارە 02

IOL & NPA · April 2026 · 116 views

پوختە

هەواڵنامەی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، لە ژمارەی دووەمی خۆیدا، بە شێوەیەکی هەڵسەنگاندن و شیکاری، گرنگترین گۆڕانکاری و بابەتە پەیوەندیدارەکانی سەروەریی یاسا، دادپەروەری، دەستوور و دامەزراوەکانی دادوەری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو.

ئەم ژمارەیە تیشک دەخاتە سەر گواستنەوەی پرۆسەی سەروەریی یاسا لە قۆناغی داڕشتنی ستراتیژی بۆ قۆناغی جێبەجێکردنی کرداری، بە تایبەتی لە چوارچێوەی ستراتیژی نیشتمانی بەهێزکردنی سەروەریی یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩) و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانە سەرەکی و لاوەکییەکانی لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکان. لە ناو ئەم پرۆسەیەدا، ڕۆڵی IOL لە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی داد و بەشداریکردن لە پرۆسەی داڕشتن و ئامادەکردنی پلانەکانی جێبەجێکردن، بە شێوەیەکی دیار دەخرێتە ڕوو.

هەروەها، هەواڵنامەکە بە وردی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی IOL لەگەڵ World Justice Project (WJP) لەسەر ئامادەکردنی عێراق بۆ بەشداریکردن لە World Justice Project Rule of Law Index دەخاتە ڕوو. ئەم هەوڵە لە چوارچێوەی پشتگیریکردنی بەکارهێنانی پێوەر و میکانیزمی نێودەوڵەتی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سەروەریی یاسا لە عێراق دێت، و بە ستراتیژی نیشتمانیی سەروەریی یاسا (٢٠٢٥–٢٠٢٩) ـەوە پەیوەستە.

لە هەمان کاتدا، ئەم ژمارەیە تیشک دەخاتە سەر تۆڕی Maff وەک هەنگاوێکی دامەزراوەیی بۆ یەکخستن و بەهێزکردنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری یاسا، چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکان، پشتیوانی لە چاکسازیی یاسایی و بەرهەمهێنانی ڕاپۆرت و بەڵگەی پشتبەستوو بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

لە بەشێكی تری ناوەڕۆکەكەیدا، هەواڵنامەکە بەراوردێکی ستراتیژی لەگەڵ ئەزموونی کۆسۆڤۆ لە جێبەجێکردنی ستراتیژی سەروەریی یاسا پێشکەش دەکات، و گرنگیی ئەوە دەخاتە ڕوو کە سەرکەوتنی ستراتیژییەکانی سەروەریی یاسا تەنها بە داڕشتنی ستراتیژییەکی گشتگیر بەدەست نایەت، بەڵکوو پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیریی سیاسی، پلانی واقع‌بینانە، بودجەی گونجاو، هەماهەنگیی دامەزراوەکان و چاودێریی بەردەوام هەیە.

هەواڵنامەکە هەروەها بە شێوەیەکی شیکاری باس لە هەندێک لە کێشە دەستووری و دامەزراوەییە هەرە گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات؛ لەوانە دۆخی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نەبوونی دەستووری هەرێم، پێویستی بە دامەزراندنی دادگای دەستووری و هەروەها کێشەی دەستووری پەیوەندیدار بە پێناسەکردنی «زۆرینەی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی» و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت.

بەم شێوەیە، ژمارەی دووەمی هەواڵنامەی «دۆخی سەروەریی یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان» تەنها سەرچاوەیەکی زانیاری نییە، بەڵکوو بەڵگەیەکی شیکارییە بۆ بەدواداچوون، هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە یاسایی، دەستووری و دامەزراوەییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، و هەروەها نیشاندانی ڕۆڵی IOL لە پشتیوانیکردنی چاکسازیی یاسایی، بەهێزکردنی دادپەروەری، بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەکان و پەرەپێدانی سەروەریی یاسا بە پشتبەستن بە هەماهەنگیی نیشتمانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.


داگرتنی PDF
ڕاپۆرت