ئەم ڕاپۆرتە هەڵسەنگاندنێکی یاسایی و مەیدانیی گشتگیرە لە بارودۆخی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە سیستەمی دادوەریی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات. ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی یاسا و دەقە یاساییە پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ چاودێریکردنی ڕاستەوخۆی پرۆسە و ڕێکارەکانی دادگاکان لە دوازدە پارێزگای عێراق، هەوڵ دەدات جیاوازی و کەلێنەکانی نێوان یاسا، جێبەجێکردنی ڕێکارە دادوەرییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دیاری بکات.
ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی سەرنج دەخاتە سەر کۆمەڵێک لە کێشە و کەموکوڕییە ڕێکارییەکان، لەوانە دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی ناڕەوا، مافی زانینی هۆکاری دەستبەسەرکردن، مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر لە قۆناغی لێکۆڵینەوە، مافی بێدەنگبوون، قەدەغەکردنی ناچارکردن بۆ دانپێدانان، مافی ئامادەکردنی بەرگری، و مافی دادگاییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن. هەروەها بەشێکی تایبەت بۆ دادپەروەریی منداڵان و نەوجەوانان تەرخان کراوە.
لە ڕووی مەیدانییەوە، ڕاپۆرتەکە پشت بە چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن ٢٠پارێزەر لە ١٢ پارێزگای عێراق دەبەستێت؛ ئەم تیمە بۆ چاودێریکردنی پێشێلکاری و دەرچوون لە ڕێکارە یاساییەکان ڕاهێنراون و لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا زانیاری و ڕاپۆرتی چاودێرییان کۆکردووەتەوە کە دواتر لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا شیکراونەتەوە و بەکار هێنراون.
ڕاپۆرتەکە هەروەها لە ڕووی یاساییەوە هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو کەلێنە دەکات کە لە نێوان یاسا و ڕێساکانی ناوخۆ، پراکتیزە و نەریتە ڕێکارییەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن، و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی مرۆڤ هەیە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵسەنگاندنە دیاریکردنی کەلێنەکان و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەیەکی کردارییە بۆ باشترکردنی سیستەمی یاسایی و دادوەری و نزیککردنەوەی جێبەجێکردنی یاساکان لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک ڕاسپاردەی یاسایی و جێبەجێکاری پێشکەش دەکات بۆ بەهێزکردنی گرەنیەكانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، کەمکردنەوەی پێشێلکارییە ڕێکارییەکان، و گونجاندنی سیستەمی یاسایی و دادوەریی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پراکتیزە باشەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.