لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ ڕزگاربووانی تاوانی دەستدرێژی سێکسی»، لە ڕێکەوتی ٣١ی تەممووز و ١ی ئابی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی بەریتانیا – بەشی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (UK Aid)، خولێکی دوو ڕۆژەی بۆ پزیشکانی بواری چارەسەری دەروونی و جەستەیی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
خولەکە بە ناونیشانی «چۆنیەتی پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی و جەستەیی بۆ ڕزگاربووانی تاوانی دەستدرێژی سێکسی» ئەنجامدرا و پسپۆڕان لە بواری پزیشکی دەروونی و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون بەشدارییان تێدا کرد. ناوەڕۆکی خولەکە سەرنجی خستە سەر ڕێکارەکان و شێوازەکانی پێشکەشکردنی پشتیوانی و چارەسەری دەروونی و جەستەیی بۆ ڕزگاربووانی تاوانی دەستدرێژی سێکسی.
ڕاهێنانەکە لەلایەن سێ ڕاهێنەری شارەزا، د. ئەحمەد میران، پسپۆڕی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، د. ڕێدار محەمەد ئەمین، پسپۆڕی پزیشکی دەروونی، و د. جەمیلە صالح حەمەئەمین، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری، بەڕێوەچوو. هەروەها، بەڕێز ئەژی ئەمین، بەرپرسی بەشی بەرنامەکانی UNFPA لە هەرێم، لە خولەکەدا ئامادە بوو.لە کۆتایی خولەکەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بە بەشداربووان بەخشرا.