لە چوارچێوەی پرۆژەی «پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ ڕزگاربووانی تاوانی دەستدرێژی سێکسی»، لە ڕێکەوتی ٢٨–٢٩ی ئابی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی بەریتانیا – بەشی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (UK Aid)، خولێکی دوو ڕۆژەی بۆ لێکۆڵەرانی دادوەری و ئەفسەرانی پۆلیس لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی «ڕۆڵی پزیشکی دادوەری لە لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسی» بەڕێوەبرد.
خولەکە لەلایەن د. بەرزان محەمەد عەلی دارتاش، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی سلێمانی، پێشکەش کرا و لەوانە لێکۆڵەرانی دادوەری و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی تیایدا بەشداربوون. لە ماوەی خولەکەدا، سەرنج خرایە سەر ڕۆڵی پزیشکی دادوەری لە لێکۆڵینەوەی تاوانە سێکسییەکان، چۆنیەتی کۆکردنەوەی بەڵگە پزیشکییەکان لە تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسی، هەروەها جۆرەکانی پێکان و بریندارییە جەستەییەکان و بابەتی ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و مەترسییەکانی.