لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پرۆژەی «کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی UK Aid، لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ خولێکی تری هۆشیاریی یاسایی بۆ مامۆستایانی ئایینی لە قەزای ئامێدی بەڕێوەبرد.
ئەم خولە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی مامۆستایانی ئایینی و ڕوونکردنەوەی گرنگی پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکان لە کاتی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری، بە تایبەتی نەهێشتنی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
خولەکە بە ئامادەبوونی مامۆستا جەعفەر شعبان حمو، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئامێدی، و بەڕێز هەکار عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی لە قەزای ئامێدی، بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی پرۆژەکە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگا و پشتیوانی لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان.