لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پرۆژەی «پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی لە کەرتی تایبەت»، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی UK Aid، شاندێکی خۆی بۆ دیدار لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەگەڵ بەڕێز مەریوان بەگۆگ، بەڕێوەبەری گشتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، كۆبویەوە.
شاندەكە پێکهاتبوون لە ئومێد ڕەسول، بەڕێوەبەری پرۆژە، و گوڵاڵە مظهر و ڤیان محەمەد، ڕێکخەرانی پرۆژە. لە دیدارەکەدا، باس لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی لێکۆڵەر کرا و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی ئەم هەماهەنگییە خرانەڕوو.
لە بەشی دواتری دیدارەکەدا، بەڕێوەبەری پرۆژە ناوەڕۆک و ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەکەی خستەڕوو و لەسەر چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی پرۆژەكە گفتوگۆ کرا. هەروەها، باس لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکان لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا.
ئەم دیدارە هەنگاوێک بوو بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی دامەزراوەیی و پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری یاسایی و پشتیوانیی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی لە کەرتی تایبەت.