بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

ڕێکخراوی لێکۆڵەر کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی توێژینەوەیەک لەسەر یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەڕێوە دەبات

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر October 24, 2022 82 views
لە ڕێکەوتی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە چوارچێوەی پرۆژەی «نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە عێراق»، کە بە پاڵپشتی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) لە دوا هەنگاوی پرۆژەکەدا کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی توێژینەوەی «یاسا و دامەزراوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان–عێراق؛ توێژینەوەیەکی شیکاری» لە هۆتێلی ڤان ڕۆیاڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
کۆنفرانسەکە بە بەشداری ٥٨ کەس لە نوێنەرانی دامەزراوە و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان بەڕێوەچوو، لەوانە سەرۆکی دەستەی دەسپاکی، بریکاری وەزیری داد، نوێنەری UNDP، نوێنەری سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، نوێنەری سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، پەرلەمانتاران، دادوەران، ئەندامانی داواکاری گشتی، نوێنەری کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بەڕێوەبەرانی گشتیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، مامۆستایانی زانکۆ، لێکۆڵەرانی دادوەری و دەسپاکی، پارێزەران، چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان.
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی، وتەیەکی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و مەترسییەکانی ئەم دیاردەیە.
دواتر، بەڕێز حەسەن وەهاب، نوێنەری UNDP، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرد و هەوڵ و چالاکییەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لەم بوارەدا بەرز نرخاند.
پاشان، د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی، باسێکی لەسەر ڕۆڵی دەستەکە و ئەو ئاستەنگانە کرد کە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕووبەڕووی دەبنەوە. بە دوای ئەوەدا، بەڕێز ئاکۆ حەمەد ئەمین، نوێنەری سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
دواتر، بەڕێز ئازاد وەڵەدبەگی، بەڕێوەبەری پرۆژە، کورتەیەکی لەسەر پرۆژەکە و شێوازی جێبەجێکردنی خستەڕوو. لە کۆتاییدا، د. محەممەد ڕێکانی، توێژەری پرۆژە، پوختەیەکی لەسەر توێژینەوەکە و گرنگترین دەرئەنجامەکانی پێشکەش کرد. پاشان توێژینەوەکە، کە بە شێوەی کتێب چاپ کرابوو، بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا و جێی ڕەزامەندی و سەرنجی میوانان بوو.
شایانی باسە کە ماوەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە چوار مانگ بوو، کە لە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد و لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆتایی هات.

گەلەری

ڕاپۆرت