بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

بەڕێوەچوونی دانیشتنێک بۆ گفتوگۆ و بەدواداچوونی هەمواری یاسای چاودێریی نەوجەوانان

عێراق، بەغدا July 2, 2024 19 views

لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٤، لەژێر چاودێری د. خالد شوانی، وەزیری دادی عێراق، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی NPA و ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی PAO و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتیی ئەورووپا (EU)، دانیشتنێکی لە هۆتێلی مەنسوور میلیا لە بەغدا رێکخست، بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (٧٦)ی ساڵی ١٩٨٣، بە تایبەتی لەبارەی گۆڕینی تەمەنی بەرپرسیارێتیی سزایی لە تەواوکردنی ٩ساڵ بۆ تەواوکردنی ١١ساڵ.

دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی د. بورهان القیسی، وەکیلی وەزیری داد، و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، نوێنەرانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دادوەران، ئەندامانی داواکاری گشتی، بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو؛ لەوانە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، لەوانە NPA ،PAO، UNAMI، UNICEF و IILHR بەشدارییان کرد.

لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، د. ئەحمەد میران، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر، وێرای وتەی بەخێرهاتن گرنگیی دانیشتنەکەی خستەڕوو. دواتر د. بورهان القیسی، وەکیلی وەزیری داد، وتەیەکی پێشکەش کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و دەستخۆشیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ڕێکخراوی لێکۆڵەر لەم بوارەدا دەربڕی.

پاشان بەڕێز عەبدولهادی عەبدولڕەزا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی نەوجەوانان، تیشکی خستە سەر پرۆسەی هەموارکردنەوەی یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (٧٦)ی ساڵی ١٩٨٣، بە تایبەتی بابەتی هەموارکردنی تەمەنی بەرپرسیارێتیی سزایی.

هەروەها بەڕێز ئازاد وەڵەدبەگی، هامەهەنگیكاری پرۆژە لە یەکێتیی ئەورووپا EU، ناوەڕۆک، ئامانج و چالاکییەکانی پرۆژەکەی خستەڕوو. لە بەشی دواتردا، بەڕێز محەمەد ڕەشید، جێگری بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی داد، باس لە ناوەڕۆکی هەمواری یاسای چاودێریی نەوجەوانان کرد کە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی لێکۆڵەر و لە چوارچێوەی پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا EU ئامادە کراوە.

بەشداربووان پاڵپشتی و دەستخۆشیی خۆیان بۆ ئەم هەوڵە و پرۆسەی هەمواری یاساکە دەربڕی. هەروەها، ئاماژە بەوە کرا کە پڕۆژەی هەمواری یاسای چاودێریی نەوجەوانان لەبەردەم ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراقدایە، و پەرلەمانتارانی ئامادەبوو ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیری لە ئەم هەنگاوە دەربڕی، لە کاتی گەیشتنی پڕۆژەی یاساکە بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.


گەلەری

ڕاپۆرت