سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بەڕێز د. ئەحمەد میران، بە یاوەری بەڕێز ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکان، و خاتوو گوڵاڵە مەزهەر، ڕێکخەری پڕۆژە، سەردانی بەڕێز د. عبدالرحمن صدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە،یان کرد. وەفدی ڕێکخراو لەلایەن بەڕێزیان و ئامادەبووانی دەستەکەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، وەفدی ڕێکخراو ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەرێنی د. عبدالرحمن صدیق لە بەڕێوەبردنی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، لەو کاتەوەی ئەم بەرپرسیارێتییەی گرتووەتە ئەستۆ، کرد. هەروەها، وەفدەکە باسێکی لە چالاکی و کارەکانی ڕێکخراو لە ماوەی ڕابردوودا کرد و کۆمەڵێک لە توێژینەوە و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی بۆ بەڕێزیان پێشکەش کرد.
لە بەشی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە جەختی لە گرنگی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە کوردستان کردەوە و ئاماژەی بە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە لە ئاستی جیهانی و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها، جەختی لە گرنگی و ڕۆڵی ڕێکخراوەکان لە بوارەکانی پاراستنی ژینگە و بەشدارییان لە هەوڵەکانی چاککردنى ژینگە کردەوە.